ئازادکردنی کۆبانێ خاڵی وەرچەرخانە لە شەڕی دژی بەکرێگیراوان

بە خەبات و بەرخۆدانی گەل و یەکەکانی پاراستنی گەل و ژنان، شاری کۆبانێ لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ دوای شەڕێکی توند دژی مەترسیدارترین ڕێکخراوەکانی جیهان ئازاد کرا.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- ژنانی کۆبانی جەختیان لەوەکردەوە، بە سایەی بەرخۆدانی گەل ئەمڕۆ لە سەلامەتی و ئاشتیدا دەژین و داوای کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن لە ناوچە داگیرکراوەکاندا.

 

داعش لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤ بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر شاری کۆبانێ و گوندەکانی لە پارێزگای فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی شارەکە و دوای شەڕێک کە ١٣٤ ڕۆژی خایاند، ئیرادەی  بەهێزی شەڕڤانانی یەپەگە و خەباتی خەڵک سەرکەوت و شارەکە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ ئازادکرا.

 

لەسەر جوگرافیای کۆبانێ، شەڕێکی مێژوویی ڕوویدا کە تیایدا سەدان ڕۆڵەی شەهید بوون بەڵام تا دوایین هەناسە بەرخۆدانیان کرد، هەموو شوێن و گەڕەکەکانی شارەکە هێشتا یادی ئەو بەرخۆدانە دەکەنەوە کە بوو بە بەرخۆدانی سەردەم.

 

"بە سایەی بەرخۆدانی منداڵەکانمان، ئەمڕۆ لە سەلامەتیدا دەژین"

سەمیرە محەمەد، یەکێک لە بەشداربووانی ئازادکردنی کۆبانێ وتی: لەژێر ئاڵای یەکینەکانی پاراستنی ژنان لەگەڵ کچەکەم بەشداریم کرد لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی سەر شارەکە، یەکێک بووم لەو ژنە بەختەوەرانەی کە لەم شەڕە مێژووییەدا ئامادە بووم، کە لە هەموو جیهاندا بە پاڵەوانێتی کوڕ و کچەکانی ناسراوە، لەو کاتەدا ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بووم و لە هێڵەکانی پێشەوە نەبووین، بەڵام شایەتی ڕووداوەکان بووین، بەکرێگیراوانی داعش لە سێ لاوە هێرشیان کردە سەر شارەکە هەتا گەیشتن بە ناوەندی شارەکە.

 

وتیشی: شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە و کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەبووە بۆ ئازادکردنی شارەکە، بۆیە یەپەگە بووە یەکەم هێز کە بوون و ناسنامەی ژنان بپارێزێت نەک تەنها لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا، بە ئیرادەی خۆمان و سووربوون و هەماهەنگیمان، مەترسیدارترین هێزی تیرۆریستیمان لە جیهاندا تێکشکاند و لەناوبرد کە هەڕەشەی لەسەر مرۆڤایەتی دەکرد، چونکە هێزە نێودەوڵەتییەکان لە موسڵ و زۆرێک لە ناوچەکانی سووریا نەیانتوانی ڕووبەڕوویان ببنەوە، بەڵام لە ڕۆژئاوا و قەڵای سمود کۆبانێ، یەکینەکانی پاراستنی گەل بوونی بەکرێگیراوانی داعشیان لە شارەکەدا لەناوبرد.

 

"کۆبانێ ڕیزەکانی کورد یەکدەخات"

مەدینە ئیبراهیم ئاماژەی بەوەکرد، چەتەکانی داعش بە پشتیوانی داگیرکاری تورکیا هێرشیان کردە سەر کۆبانێ، بەڵام بەو بەرخۆدانەی کە لەلایەن ڕۆڵەکانیەوە نیشاندرا، پلانەکانی داعش و دەوڵەتی تورکیا شکستی پێهێندرا، ئامانجی هێرشەکەی سەر کۆبانێ لەناوبردنی کوردەکان و کۆبانێ بوو بەتایبەتی، بەڵام بەرخۆدانی شەڕجانانی یەپەگە ئیرادەی گەلی کوردیان لەم شارەدا سەرکەوتوو کرد، جوگرافیایەکی بچووکی وەک کۆبانێ کوردەکانی لە سەرانسەری کوردستانەوە یەکخستووە، خەبات و بەرخۆدانی گەلی کورد لە قەڵای سمود کۆبانێ ڕیزەکانی کورد یەکدەخات، گەورەترین بەڵگەی ئەمە لە ئێستادا گۆڕی شەهیدانی هەر چوار پارچەی کوردستانە، گۆڕی شەهید دیجلە جێگای شانازییە بۆ گەلی کورد.

 

وتیشی: لەبەر ڕۆشنایی پلانەکان بۆ لەناوبردنی ئیرادەو یەکگرتوویی گەلی کورد و هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شارەکە، پێویستمان بە هەمان ڕۆحی بەرخۆدان و یەکگرتووییە کە لە شەڕی کۆبانێ لە دژی بەکرێگیراوانی داعش بردیەوە، ئێمەی ژنان ئەو ڕۆحی بەرخۆدانە دەپارێزین کە کۆبانێی ئازاد کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمەکانمان دەکەن، هەروەک چۆن کۆبانێمان ئازاد کرد، هەموو ئەو ناوچانە ئازاد دەکەین کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیەوە داگیرکراون.

 

"دوای شکستی داعش، تورکیا دەمامکە توندڕەوەکەی ئاشکرا کرد"

مەقبولە بەکی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی کۆبانێ لە پارێزگای فورات، جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیاوە شاری کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە تا ئەمڕۆ لە مەترسیدایە، چونکە هەموو هێزە تیرۆریستییەکانی لەژێر ناوی سوپای ئازاد و جەبهەت نوسرە کۆکردەوە و ناردیانن بۆ لەناوبردنی ئەو گەلانەی ئارەزووی دیموکراسی و ئازادی دەکەن، پاشان ناوەکەی گۆڕی بۆ داعش و سنوورەکانی کردەوە و پارەی پێدا بۆ لەناوبردنی شاری کۆبانی، بەتایبەتی ئەم شارەی کە شۆڕشی ژنان لێوەی دەستیپێکرد و یەکەم ناوچەی سووریا بوو کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی کردووەو بە بیری ئەو چەتەکانی داعشمان تێکشکاند، دوای ئەم شکستە ترسناکە دەوڵەتی تورکیا ڕووی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا کرد و دەستیکرد بە شەڕکردن لەگەڵمان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کۆبانێ بووە بە دیارترین ڕووداو لە سەدەی ٢١دا، بۆیە کانوونی دووەم وەک ڕۆژی هاوکاری بۆ شاری کۆبانێ دیاریکرا و چەندین فیلم و بەرنامە و گۆرانی دەربارەی خواست و دیاریکردنی کوڕەکانی بەرهەمهێندرا، داوا لەو وڵاتانە دەکەین کە لەگەڵمان بوون بۆ بەرپەرچدان و لەناوبردنی هێرشی چەتەکانی داعش، ئەمڕۆ لەگەڵمان بوەستن بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.