ئامینە ئۆسێ: ئامانجی هێرشەکە تێکدانی ئارامی و پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنە
ئامینە ئۆسێ، ئەندامی کۆنگڕە ستار ڕایگەیاند، کە هێرشەکانی لە حەسەکە دژی سیمبولە کوردییەکان و دەستکەوتەکانی ژنان، هەوڵدانن بۆ تێکدانی ئارامی و دەڵێت: ئیمە لێرەین بۆ ئەوەی یارمەتیتان بدەین تاوەکو ئەنجامێکی باشتر بەدەست بهێنن.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ- لە ساڵانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، ژنان بە تێکۆشان و بەرخۆدانیان دەستکەوتی زۆریان بەدەست هێناوە و لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیدا بوونەتە خاوەن ڕۆڵێکی بنەڕەتی، بەڵام هێرشەکانی سەر حەسەکە، کەزی ژنانی کورد، وێنەی شەهیدان و باوەڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنە ئامانج، ئەمە نیشانی دەدات کە هێشتا ئەم دەستکەوتانە لە مەترسیدان، ئەم کردارانە تەنها هێرش نیین سەر سەروەت و باوەڕەکانی ژنان، بەڵکو لە هەمان کاتدا هێرشن سەر ناسنامەی کوردی، ئازادی ژنان و هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێن و تێکۆشانی ساڵان دروست کراون.
ئامینە ئۆسێ، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کۆنگڕە ستار لە وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێرەکەماندا، لەسەر ئامانجەکانی هێرشەکانی ئەم دوایەی کە لە حەسەکە ڕووی دا و بەئامانجگرتنی دەستکەوتەکانی ژنان قسەی کرد.
بە لای ئێوەوە، ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی ئەم دوایەی کە لە حەسەکە ڕووی دا چين و ئەم هێرشانە چۆن بە بەئامانجگرتنی دەستکەوتەکانی ژنانەوە گرێدراون؟
دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن، هەندێک هێز هەوڵ دەدەن کە ئەم پرۆسەیە بە شێوازێکی تەندروست کۆتایی نەیەت، بێگومان، هەندێک هێز دژی پرۆسەی ئەنیگراسیۆن کار دەکەن و دەیانەوێت ڕێگری لە گەیشتن بە ئەنجامێک بگرن، لەم چوارچێوەیەدا، هەندێک پێکهاتەی عەرەب لە دەوروبەری حەسەکە بە هۆشیاری بەعسی هەڵسوکەوت دەکەن و لە ژێر ناوی پاراستنی سووریادا، ئەو ڕووداوانە دەکەن کە دژی ئەمنیەت و ئارامین، ئەم کردارانە لە هەمان کاتدا دژی یەکێتی گەلانی سوورین.
ئامانجی ئەم هێرشانە ئەوەیە کە پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بەرامبەر یەکتر بوەستێنن و پرۆسەی ئارامی و ئەمنی کە دەیەوێت پەرە بە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی بدات، تێک بدەن. لەبەر ئەمە، پێویستە ئێمە بە وریاوە بەرامبەر ئەم هێرشانە ڕاوەستین، لە هەمان کاتدا، پێویستە دەستنیشان بکرێت کە ئەم هەڵوێستە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەی عەرەب ناکات، چونکە گەلانی عەرەب بە ساڵانە لەگەڵ ئێمەدا لە تێکۆشاندا بوون و هەڵوێستەکانیان بۆ پشتگیریکردنی ژیانی هاوبەش و یەکێتی دیارن.
کاتێک هێرش دەکرێتە سەر کەزی ژنانی کورد و وێنەی شەهیدان، ئەم کردارە چ پەیامێک دەدات و ئامانجی چییە؟
لەبەر هۆشیاری بەعسی و تێڕوانینی کە پشت بە هزری داعش دەبەستێت، ئەم هێرشانەی دژی ژنان دەکرێن، تێڕوانینێک کە هەرگیز ژنان ناناسێت و مافەکانیان قبوڵ ناکات، لە سەردەمی داعشدا هەمووان بینییان کە چی بە سەر ژناندا سەپێنرا و چ کردارێک دژیان ئەنجام درا، ئەمڕۆش، بە ڕێگەیەکی تر، هەوڵ دەدەن لە حەسەکە ئاڵۆزی دەربکەن و هەمان هِزر بە شێوازێکی تر نیشان بدەن.
کەزی و جەستەی ژنانیان کردە ڕیکلام
کەزی ژن کە لە ناو گەلی کورددا خاوەن پێگەیەکی تایبەتە و دەستکەوتەکانی ژنان کە بە تێکۆشانی ساڵان بەدەست هاتوون، لەو پێگە بنەڕەتیانەن کە ئەمڕۆ دەکرێنە ئامانج، لە سەرەتای پرۆسەی ئەمساڵدا هەمووان بینییان کە کاتێک ژنان بەشداری بەرخۆدان دەبوون، کەزی و جەستەیان دەکردە ڕیکلام، لەبەر ئەمە، هێرشەکانی سەر کەزی و سیمبلەکانی ژنان، لە هەمان کاتدا هێرشن لەسەر پێگە و ناسنامەی گەلی کورد، ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر پێگە و باوەڕەکانی ژنان، ئەوانەن کە لە بەرامبەر ئیرادەی ژناندا شکستیان هێنا و ئەوانەی لە بەرامبەر هزری دوژمنی ژنانی داعش ڕاوەستان و تێکیان شکاند، ئەمڕۆ بە نەوە نوێیەکانیانەوە هەوڵ دەدەن تۆڵەی شکستی داعش لە گەلی بەرخۆدانو ژنانی کورد بستێننەوە.
لە ڕوانگەی تۆدا، ئەم هێرشانە چەندە کاریگەری لەسەر بوون، ناسنامە و ئازادی ژنانی کورد هەیە؟
ئەو بابەتەی کە ئایا ئەم هێرشانە دەبنە مەترسییەکی لەسەر دەستکەوتەکانی ژنان، من بەم شێوەیە نابینم، لەبەر ئەوەی ئەم کەسانە چەتەن و خزمەتی ئەو کارنامانە دەکەن کە دژی ئەنتیگراسۆنن. بێگومان، ئەم کەسانە ناتوانن دەستکەوتەکانی ژنان بخەنە مەترسییەوە.
پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ژنان مەترسییەکی گەورەیە
ئەوەی کە دەتوانێت دەستکەوتەکانی ژنان بخاتە مەترسییەوە، ئەو هۆشیارییەیە کە ئەمڕۆ وڵات بەڕێوە دەبات، ئەگەر لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا داواکارییەکانی ژنان پشتگوێ بخرێن و ژنان لە زۆر بوار دوور بخێرنەوە، هەروەها لە بواری یاساییدا پاراستنی ماف و ئەمنیەتی ژنان نەبێت، ئەوە گەورەترین مەترسییە،لەبەر ئەمە، پێویستە ئێمە لە بەرامبەر ئەم هۆشیارییەدا تێکۆشان بکەین و بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان لە هەموو بووارەکاندا، تێبکۆشین.
وەکو بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان بەرامبەر ئەم هێرشانە چ هەڵوێستێک دەگرن و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان چ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکتان هەیە؟
بۆ ژنانی كورد، لەم ١٥ ساڵەی ڕابردوودا لە بەرامبەر هێرشەکان و هزری دژەژن تێکۆشاون، ئێستاش ئێمە تێکۆشینێکی یاسایی و سیاسی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان بە گرنگ دەزانین، ئەو دەستکەوتانەی کە پێویستە لە ژێر سایەی ئەو یاسایانەی کە بەڕێوەبردنی دیموکراتیی وڵات مسۆگەر دەکەن و ماف و پێگەی ژنان دەپارێزن، بێگومان، ئەمڕۆ تێکۆشینمان لە سەر شەقامەکان زیاترە، کە تێکۆشانێکی یاسایی و سیاسییە.
پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکانی سووریاش هەن و هەمیشە سەرنج ڕادەکێشینە سەر ئەوەی کە ئەگەر سووریا دەخوازێت ببێتە وڵاتێکی دیموکراتیک، دەبێت ژنان لە بەڕێوەبردن و بونیادنانی داهاتووی وڵاتدا خاوەنی ڕۆڵێکی سەرەکی و چالاک بن، ئەمەش پێچەوانەی ئەو هزرەی ئێستایە کە بە دەرکردنی بڕيار و ڕێسای جیاواز، ژنان لە زۆرێک لە مەیدانەکان دوور دەخاتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان نەک تەنها ئەركی ژنانی کوردە، بەڵکو ئەركی هەموو ژنانی سووریاشە.
پەیامی تۆ بۆ ژنان و کۆمەڵگە کە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی کە دەیەوێت دەستکەوتەکانی ژنان بکەنە ئامانج چییە؟
بۆ هەموو ژنانی سووریا، پێویستە ئێمە لە بەرامبەر هەوڵەکانی تێکدانی ئارامی، پارێزراوی و بەئامانجگرتنی سیستەمی خۆبەڕێوبەری کە ژنان لە بەڕێوەبردنی ڕۆڵێکی چالاک دەگێڕن، هۆشیار بین، پێویستە هەڵوێستێکی ڕوونمان هەبێت لەسەر ئەو کێشانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە و هەرگیز ڕێگە نەدەین دەستکەوتەکانمان لە پشتگوێ بخرێن.
پێویستە ئێمە وەک ژنانی چالاک لە بونیادنانی سووریادا جێگە بگرین
پێویستە هەموو ئەو ژنانەی کە لە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا جێگە دەگرن، بە یەک دەست کۆببینەو، بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی پارێزراو و پاراستنی دەستکەوتەکانمان، پێویستە ئێمە وەک ژنانی چالاکوان لە بونیادنانی سووریادا و لە هەموو مەیدانەکاندا جێگە بگرین، لەبەر ئەمە، لە هەموومان داوا دەکرێت بە کارێکی هاوبەش و بەرپرسیارێتییەکی گەورە، ئەم دەستکەوتانە بپارێزین.