یادی ٣٢ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ژنانە

لە ساڵیادی دامەزاندنی یەکێتی ژناندا مەراسیمێک ئەنجامدرا، ئەندامەکانیشی هەر یەکەیان لە بواری خۆیدا کار بۆ ژنان دەکەن، ئەندامێکی سکرتاریەتی یەکێتی ژنان دەڵێت، پرسەکانی ژنان هێشتا زۆری ماوە و تا کۆمەڵگا تەواو هۆشیاری نەبێت پرسی ژن بە تەنها چارەسەر نابێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە یادی ٣٢ ساڵەی دامەزراندی یەکێتی ژناندا، لە تەلاری تەواری شاری سلێمانی ئەو ڕۆژە بەرز ڕاگیرا و ژنان لە لایەنە جیاوازەکان دەهاتن بۆ پیرۆزبایی لە ئەندامانی یەکێتی ژنان.

 

بە دروشمی "ژن-خەبات-ژیان" لە چواری تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٩ لە تاراوگە لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کافیە سلێمان و ٩ ژنی دیکە یەکێتی ژنانی کوردستان دامەزراوە، هەر لەو کاتەشدا گۆڤاری تەوار و ڕۆژنامەی ژیانەوە دامەزران، کاریان بۆ ژنان دەکرد، دواتر لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ هاتنە ناو شار و چالاکی مەدەنیان دەستپێکرد.

 

لە ساڵی ١٩٩٨ یەکێتی ژنان یەکەمین کۆنگرەی خۆی بەست و کافیە سلێمان ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتییەکە بووە سکرتێری یەکێتی ژنان و ١١ ئەندامی سکرتارییەت هەڵبژێردران، بەشەکانی لانەی ئارام، کۆمەڵایەتی، تەندروستی، یاسایی، کارگێڕی، پڕۆژەکان و ڕاگەیاندنیشی هەیە.

 

لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان لقیان هەیە

یەکێتی ژنان لە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لق و کۆمیتەی هەیە، لەوانە لقی سلێمانی، هەولێر، بادینان، کەرکوک، سۆران، کۆیە، ڕاپەڕین، چەمچەماڵ، گەرمیان، دوکان، خانەقین، شارەزوور، شەنگال و دوزخورماتوو، هاوکات کۆمیتەیان لە پردێ، داقوق و دوبز هەیە، مەڵبەندی ڕاهێنان و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ژنان لە سەیدسادق، هەڵەبجە، هەڵەبجەی تازە و دەربەندیخان هەیە.

 

یەکێتی ژنان لە ماوەی ٣٢ ساڵی کارکردنیدا چەندین کاری جیاوازیان کردووە، سەنتەری پشکنینی مەمک، نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی و ڕاوێژکاری خێزانی پڕۆژەی ئەوان بووە و کاریان لەسەر کردووە تا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

کنێر عەبدوڵا ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانە، باس لەوەدەکات یەکێتییەکە بەپێی قۆناغەکانی باشوری کوردستان و دۆخی ژنان بۆ ئامانجی خەباتی نەتەوەیی و ژنان کاردەکات، جیاکاریی جێندەری یەکێکە لە پرسە گرنگەکانیان کە بەهۆیەوە ژنان ڕۆڵ و پێگەیان پێنەدراوە.

 

کنێر باس لەوەش دەکات، دۆخی ژنان بەپێی قۆناغەکانی سیستمی سیاسی و واقعی کۆمەڵایەتی ئاستی گەشەکردنی دەگۆڕێت، هەروەها گرێدراوی بواری سیاسی، سیستمی حکومڕانی، ڕاگەیاندن، دەسەڵاتی دادوەرییە، پێشی وایە "پرسی ژن بەتەنها و بەبێ گۆڕانکاری لە بوارکانی دیکە و لەم کۆمەڵگا تەمومژاویدا ناتوانێت گۆڕانکاری تێدابکرێت".

 

جیاوازی جێندەری کاریکردووەتە سەر ئاستی ژنان

ئەو ئەندامەی سکرتارییەت دەڵێت "خەباتکردن بۆ مەسەلەی ژنان پەیوەستە بەوەی کە تا ئێستا ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا وەک مرۆڤ تەماشاناکرێت، مامەڵەی وەکو مرۆڤ لەگەڵدا ناکرێت، وە جیاوازی بەهۆی چەندین کەلتوری جۆربەجۆر و ئەقڵیەتی پیاوسالاری و جیاکاری بەهۆی نەبوونی باڵانسی جێندەرییەوە هەیە، ئەمانە وایکردووە مەسەلەی ژنان وەک قەزییە بوونی هەبێت".

 

نێرگز ئەڵماس، لە بەشی کۆمەڵایەتییە لە ڕێکخراوەکە و ڕۆژانە کەیسەکان دەبینێت، دەڵیت ئەوان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی خێزاندا نین تا ئەو ئاستەی کە بتوانن کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی خێزان دەکەن، هەندێک لە پیاوەکانیان باوەڕیان بە ڕێکخراوەکان نییە بەڵام کە دێت بیرکردنەوەی دەگۆڕێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەی دەدات.

 

باس لەوەش دەکات، پلانیان هەیە زیاتر بچنە ناو کۆمەڵگاوە، بڕیارە بچنە قوتابخانەکان، کۆڕ و سیمینار لەبارەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، یاسایی و تەکنەلۆژی بە قوتابییەکان بدرێت.

 

گۆڤاری تەوار و ژیانەوە ڕاگەیاندنەکانی یەکێتییەکەن

گۆڤاری تەوار و ڕۆژنامەی ژیانەوە بە یەکێک لە کۆنترین ڕاگەیاندنەکانی نوسراوی عێراق دادەنرێت، وەک سەیوان ڕۆستەم بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی ژنان باسی دەکات، یەکێتی ژنان هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە گرنگیەکەی زۆری بە ڕاگەیاند بۆ گەیاندنی پەیامەکانی داوە.

سەیوان باس لەوەدەکات کە گۆڤاری تەوار دوو ژمارەی لە شاخ دەرچووە، ڕۆژنامە و گۆڤارەکەش تایبەتن بە پرسەکانی ژنان، "ئەمە گەیاندنی پەیامی ژنانە بە جەماوەی ژنان، هەروەها هاندانی ژنانە بۆ خۆڕێکخستن لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان".

 

هەر لە ڕێکخراوەکەدا بەشی یاسای هەیە، بەردەوام ١٠ بۆ ١٢ پارێزەر کار لەسەر کەیسەکانی ژن دەکەن، گوڵان بەختیار ماوەی زیاتر لە ١١ ساڵە وەک پارێزەرێک کاردەکات، دەڵیت "ماوەی ١١ ساڵە کار بۆ ئەو ژنانە دەکەین کە مافخوراون، زۆر هەوڵدەدەین کە یەکسانی جێندەری دروستبکەین لەناو کۆمەڵگا و ئەو هزرە کۆنەپەرستیە لەناو ببەین، لە ڕێگای کۆمەڵایەتی یاسای، سیاسی و تەندروستی، من وەک پارێزەرێک کارم بۆ ئەو ژنانە کردووە کە مافخوراون لە ڕێگای دادگاوە".

 

ت.پ