وتارە ئاینییەکان بەرهەمهێنەری پیاوانی توندوتیژ و ژنی ستەملێکراون

ئاین بووەتە چەمکێک تا خاوەن دەسەڵات و باڵادەستەکان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بقۆزنەوە، کەسانی ئاینی و مەلاکان لە ئێستادا لە ڕێگەی ئاینەوە زیاتر هێرش دەکەنەسەر ژنان و قسەی نەشیاویان بەرامبەر دەکەن.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و دوای هاتنە ئارای ئاین و ئاینە جۆراوجۆرەکان و دواترینیان کە ئاینی ئیسلامە بەربەست و لەمپەر بۆ سەر ماف و ئازادی ژنان دروستبوو، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش ئەو رەوتە هەر بەردەوامە و ئاینی ئیسلام بە کۆمەڵێک ڕێنمایی و یاسا وایکردووە کە پیاوان باڵادەستتر بن وەک لە ژنان، ژن لە یاساکانی ئیسلامدا وەک هاوڵاتی پلە دوو ئەژمار دەکرێت بەمەش پیاوان ئەو هەلەیان بۆ ڕەخساوە کە بەکەم لە ژن بڕوانن و قسەی نەشیاویان بەرامبەر بکەن، ژنان لە وڵاتە ئیسلامییەکان بە تایبەت ئەو وڵاتانەی دەقە شەرعی و ئاینیەکان حوکم دەکەن ساڵەهای ساڵە دەچەوسێنەوە و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

 

دژایەتیکردنی ژن لە ڕێگەی ئاینەوە بەردەوامە

لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت ٢٠١٤ کە جیهان بەرەو ئاقارێکی تر دەڕۆیشت ژنان هەر لە ڕێگای ئاینی ئیسلامەوە هێرشیان کرایەسەر لە نمونەی ژنانی ئێزدی و کۆمەڵکوژی شەنگال کە زۆربەی ئەو ژنانە بە کۆیلەی جەستەیی کران و لە وڵاتانی تر مامەڵەیان پێوەکرا و فرۆشران، زۆرینەیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون، هەروەها سەدان نمونەی زیندوو هەیە لە وڵاتانی هاوشێوەی ئێران و ئەفغانستان و پاکستان، کچانی تەمەن ٩ ساڵ بە ناوی مارەیی فرۆشراون و دەستدرێژی و توندوتیژیان لەسەر بەڕێوەدەبرێت. لە هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران و لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش بەهۆی هەژاری و ئەو بارودۆخەی دەسەلات خوڵقاندوییەتی دیاردەی هاوسەرگیری پێکردن لە تەمەنی زوودا ڕۆژ بە رۆژ خەریکە پەرەدەستێنێت.

 

جەستەی ژن وەک کاڵا سەیردەکرێت و لە دژیان قسە دەکەن

جەستەی ژن وەک کاڵا سەیردەکرێت، بۆیە بەردەوام لە ڕێگەی ئاینەوە و بە تایبەت ئاینی ئیسلام و کەسانی ئاینی و مەلاکان هێرش دەکەنە سەر ئازادی پۆشینی جلوبەرگ و بەردەوام قسە لەسەر پۆشاکی ژنان دەکەن، کە چۆن بێت و چی لەبەربکەن، پێیانوایە ئەگەر ژن حیجاب بێت ئەوا ڕووبەڕووی کاری نەشیاو و دەستدرێژی نابێتەوە، لە کاتێکدا نمونەی ژنانی لەچک بەسەریش هەن کە لەلایەن پیاوانەوە سوکایەتییان پێکراوە و دەستدرێژییان کراوەتەسەر، پیاوانی ئاینی لە ئێستادا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەموو ڕۆژ وتار لە دژی ژنان دەدەن و قسە لەسەر ئازادی و بەرگی ژنان دەکەن بە جۆرێک دەیانەوێت کۆمەڵگە بە ویستی خۆیان ئاڕاستە بکەن و لەهەموو بوارێکدا لە ژن بدەن.

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕن لە ڤێدیۆی وتاری ئاینیی دژی ژنان

ژنان هەولیانداوە خۆیان لە دەرەوی سیستمی پیاوسالار بە رێکخستن بکەن چ وەک بیر و هۆش و چ وەک هێزێکی کۆکراوە، بە ئێستاشەوە ژنان لە هەوڵی یەکسانی جێندەری و ماف و ئازادییەکاندان، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ دژایەتیکردنیان زیاد دەکات بە ناوی ئاینەوە، چونکە دەبینین ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی خۆیان وەک مامۆستای ئاینیی و مەلا ناساندووە سەر و بنی زمانیان بووە بە باسکردنی ژن، لە هەموو بابەتێکدا ژن بە نمونە دەهێننەوە و دەیانەوێت لە کەسایەتیان بدەن، ئاشکرایە وتاری ئەم مەلایانە پشت‌ ئەستوورە بە ژێرخانێکی کولتووری ڕەگ‌ داکوتاو لە کۆمەڵگەی کوردیدا، هەربۆیە لەسەر ئاستی تێگەیشتن و کاریگەری دانان لەسەر خەڵکی ناهۆشیار دەدوێن و وتار دەدەن، وەرگرەکان بە ئاسانی لێیان وەردەگرن و ئەو ڤێدیۆیانەی کە لێدانە لە ژن بە خێرایی بەناو پەیج و ئەکاونتەکاندا بڵاودەبنەوە و بە هەزاران پیاو دەستخۆشی لەو وتارانە دەکەن و لە دژی ژن دەنووسن و دەڵێن.

 

وتاری پیاوانی ئاینیی توندوتیژییان زیاد کردووە

وتارەکان پڕن لە هاوارکردن و تیژن بۆ باوک و براکان، وتارێکە کەمترین بەها بۆ پێگەی ژنان دادەنێت، ئەرکی سەرەکی کوشتنی ئاگایی و وشیاری مرۆڤەکانە. بەمانای کوشتنی ئاگایی ئازاد و مۆڕاڵ، وتارێکە پێیوایە ئەگەر ژنێك پێچەوانەی بەها و نۆڕمە باوەکان جوڵایەوە، ئیتر پیاوەکان کەمترخەم و کەم غیرەتن، ئەوەندە بریندارکەرە بۆ پیاوەکان، نائارامی و دژایەتی و ناخۆشی دەخاتە ناو خێزانەکان و ژنەکان دەکاتە قوربانی.

 

پیاوانی ئاینیی و مەلاکان وتارەکانیان بە جۆرێکە کە پیاوان هان دەدات بۆ ئەوەی زاڵ بن بەسەر ژنەکانیاندا و ئەگەر لە قسەیان دەربچن ئەوا توندوتیژیان بەرامبەر بکەن، لە وتاری ڕۆژانی هەینیدا ئەوەندەی قسە لەسەر ژن و جلوبەرگ و کاری ژنان دەکرێت، ئەوەندە قسە لەسەر خواپەرستی و ئاینەکەی ناکرێت، کە ئەمەش بیرێکی توندڕەو دژە ژن بەرهەم دەهێنێت و پیاوان کاتێک ڕوودەکەنەوە مەڵەکانیان بە مێشکێکی پڕاوپڕ لە توندوتیژی هەڵسوکەوت دەکەن تا دواجار کار دەگاتە ئەوەی هێرش بکەنەسەر ژنانی ناو ماڵەکانیان.