وشککردنەوەی ماسی، هونەری دەستی ژنانی دوورگەی هورمزە
وشککردنەوەی خۆراک یەکێکە لە شێوازە کۆنەکانی پاراستنی خۆراک لە لایەن مرۆڤەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕێگری دەکات لە بەفیڕۆچوونی خۆراکی زیادە ڕێگایەکی سەرکەوتووشە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکێکی بەسوود بە تێچوویەکی کەم.
ناوەندی هەواڵ
وشککردنەوەی ماسی لە کۆنەوە تا ئێستا یەکێکە لەکارە باوەکانی دوورگەی هورمز، کە لە ئێستادا کراوە بە پیشەسازی و ژنانیش تێیدا هێزی سەرەکین کە ساڵانێکە ئەم کارە ئەنجام دەدەن.
هورمز دوورگەیەکی شێوە هێلکەییە و گومەزێکی خوێیە لە کەنداوی فارس کە ١٦ کیلۆمەتر لە بەندەر عەباسەوە دوورە، ڕووبەری دوورگەی هورمز لە چەند چینێکی جیاوازی بەرد پێکهاتووە، هەروەها چینێکی خوێین لە شێوەی گردێک، بەشی زۆری ڕووبەری دوورگەکەی داپۆشییوە و بەشی هەرە زۆری خوێکەی لە جۆری خوێی خۆراکە و بەرزترین خاڵی دوورگەکە ١٨٦ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
دەرهێنان و هەناردەکردنی خاکی سوور لە دوورگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهات بۆ دانیشتوانەکەی، خوێی شین و پارچەی بەردی گەورە، دوو جۆری تری کانن لە دوورگەکەدا کە دەتوانرێت سوودیان لێببینرێت، لەسەر ڕێگای دەریای قشم بۆ دوورگەی هورمز، چیاکان بە ڕەنگی زەرد و سپی و سوور بەدی دەکرێت کە لە نێوان ئەم چیایانەدا چیایەکی سوور هەیە خاکەکەی بۆ خواردن سودی لێدەبینرێت، خەڵکی ناوچەکە وەک جۆرێک لە بەهارات لە ئامادەکردنی خواردندا بە ناوی 'سووراغ' بەکاری دەهێنن، ماسی، نان، ترشیات هەروەها مرەبا وسۆسی لێدروست دەکەن.
وشککردنەوەی ماسی لە دوورگەی هورمز
وشککردنی ماسی کارێکی تەکنیکییە، کە لە سەدەکانی پێشووەوە ماسییگران بە گرنگیان زانیوە و بەکاریان هێناوە بەهۆی نەبوونی ئاسانکاری و نەبوونی سەرچاوەی پێویستی خۆراکەوە، لە ناو خەڵکی وڵاتەکەدا باو بووە بەشێک لە پێداویستی خۆراکی هاوڵاتیان بە ماسی گرتن و وشککردنەوە دابین دەکرێت.
کارگەکانی وشککردنەوەی ماسی لە چەندین شوێنی جیاوازدا لەسەر دوورگەکە بەدی دەکرێن، ئەم کارگانە کاریان وشککردنەوەی ئەو ماسیانەیە کە بەهای خۆراکییان کەمە تێیدا جۆرەها ماسی گەورە و بچووک بە شێوەیەکی تەواو نەریتی وشک دەکرێنەوە و دواتر ڕەوانەی کارگەکانی خۆراکی پەلەوەری لە ئێراندا دەکرێن.
لە دوورگەکەدا وشککردنەوەی ماسی ڕێگایەکە لە کۆنەوە هەتا ئێستا باوبووە و زیاتر لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدراوە،کاتێکیش وەرزی وشککردنەوەی ماسی دێت بە سەدان ژن لە دوورگەکەدا سەرقاڵی کارەکانیان دەبن.
گرنگی وشککردنەوەی ماسی
وشککردنەوە واتە دەرهێنانی شێ و تەڕی لە پێکهاتەی بەرهەمێكدا، ئەم کارە بە چەندین ڕێگا ئەنجام دەدرێت باوترینیان زیادکردنی خوێ، فشاری میکانیکی، بەهەڵمکردنی شێیە لەسەر ڕووی بەرهەمە.
جەستەی ماسی نزیکەی ٪٧٠-٨٠ لە ئاو پێکدێت لە کەشوهەوای ئاساییدا، لە پلەی گەرمی ٥ پلە یان زیاتردا ئەو جستەیە لەلایەن مایکرۆئۆرگانیزمەکانەوە هێرشی بۆ دەکرێت، بۆیە وشککردنەوە یان دەرکردنی ئاو لە بەرهەمێکدا، دەبێتە هۆی ڕێگاگرتن لە تێکچوونی ئەنزیماتەکان و مانەوەی بەرهەمەکە بە جێگیری بەرامبەر گۆڕانکاریە نەخوازراوەکان زیاتر دەکات.
وشککردنەوەی ماسی پێکهاتەی گۆشتی ماسی بەهێز دەکات، بۆ ئەوەی لە کاتی چێشتلێناندا جیانەبێتەوە، بەتایبەت لە کاتی هەڵواسیندا، هەروەها وشککردنەوەی ماسی ناهێڵێت کۆلەی پرۆتینی کۆببێتەوە کە هەندێک جار لە لەشی ماسیەکەوە دەردەکرێت، هەروەها ڕێگا لە ڕەقبوونی پێستی دەرەوەی ماسییەکە دەگرێت و ناهێڵێت شێی ناوەکی لەشی ماسی دەربچێت، بەم شێوەیە ڕێگری دەکات لە دروستبوونی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردن و پەرەسەندنی بەکتریا لە پرۆتین یان ئەو ماددانەی لە لەشی ماسیدا پارێزراون.
ڕێگاکانی وشککردنەوەی ماسی
دوو ڕێگا هەیە بۆ وشککردنەوەی ماسی، ئەوانیش ڕێگای سروشتی و دەستکردن، کۆنترین ڕێگا کە ڕەنگە باشترین بێت بۆ وشککردنەوەی ماسی، وشککردنەوەیە لە ڕێگای بە هەڵمبوونی ئاو لەسەر ڕووی بەرهەمەکەوە، وشککردنی ماسی بە بەکارهێنانی هۆکارەکانی ناو سروشت وەک وزەی خۆر پێی دەگوترێت وشککردنی سروشتی، بە جۆرێک ماسیە لە خوێکراوەکە لە سەر تۆڕە تەختەکان، یان تۆڕی وایەر لە بەرزایی ٧٥سم یان زیاتر لەسەر ڕووی زەوییەوە بڵاو دەکرێتەوە، بەهۆی هەبوونی هەوای دەوروبەرەوە، ئاو لە ڕووی جەستەی ماسییەکەوە بەهەڵم دەبێت.
لە ئەگەری هەبوونی شێ زیاتر لە ٪٧٥ وشکبوونەوەی ماسییەکە بە ڕێگای سروشتی مەحاڵ دەکات چوونکە لەشی ماسییەکە ئەو شێیە هەڵدەمژێت.
شێوازی وشککردنەوەی دەستکردیش بریتییە لە دانانی بەرهەمەکە لە وشککەرەوەیەکی داخراودا، بەو پێیەی ئەو هەوایەی دەچێتە ناو شککەرەوەکەوە لە ڕووی پلەی گەرمی و شێوە ڕێکخراوە یارمەتیدەرە لە وشککردنەوەی ماسییەکە، بۆیە بارودۆخی ژینگەیی کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی شێی ناو بەرهەمەکە نابێت کە هەڵیمژیوە.
بەکارهێنانەکانی ماسی وشککراو
تۆز (پاودەر)ی ماسی کەمتر لە پیشەسازیی خۆراکی مرۆڤ و زیاتر لە پیشەسازیی خۆراکی ئاژەڵدا بەکاردێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەهۆی پێویستی بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە لە ئێران بۆ ئەم بەرهەمە، ڕێژەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ماسی وشککراو لە زیادبووندایە، بۆیە زۆرێک لە ماسیگرەکان لە وەرزی بەهاردا دەست دەکەن بە ماسی گرتن و پاشانیش وشکی دەکەنەوە، چەندین جۆری جیاوازی ماسی بەکاردەهێنرێت، لەوانە ماسی قوڕگ، قرش، ماسی قەور و گەندوو.
زۆرترین بەکارهێنانی ماسی لە خۆراکدایە و پاشانیش لە پیشەسازی پەلەوەر و ئاژەڵدایە، بۆ دروستکردنی "ماهیاو" و بابەتی جوانکاری هەروەها بۆ ئامادەکردنی پەینی کشتوکاڵی بەکاردێت جگە لەوەی جۆرێکی تر لە ماسی هەیە کە وشک دەکرێت و بە چیبس هەناردەی وڵاتانی جۆراوجۆر دەکرێت، لەوانەش چین و تایلەند.
وشککردنی ماسی، هونەری دەستی ژنان
کاری دەستی یەکێکی ترە لە گرنگترین ئەو کارانەی کە ژنانی پارێزگای هورمز لەپاڵ کاری ماسیگرتن و وشککردنەوەیدا، وەک سەرچاوەیەک بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بەکاری دەهێنن، لەوانە ڕستنی سەبەتە، ڕستنی تەون و گڵێنەی نەریتی و دەسکی، پیشەسازی دەریایی دروستکراو لە گوێچکە ماسی و بەردی کەنار دەریا، کە جوانییەکی بەرچاویان هەیە لەنێو هەموو کارە دەستییەکاندا، لەگەڵ ئەم پیشەسازییانەدا، خەڵکی ئەم وڵاتە بە جوانییەکی هونەرییەوە ئامێری کلتوری وەک" بەربەرت، داڵ، بۆری و کەرت" دروست دەکەن.
هورمز بە دوورگەی ڕەنگەکان ناسراوە، دوورگەکە چەندین خاکی ڕەنگاوڕەنگی هەیە، کە پێکەوە مەودایەکی فراوان لە ڕەنگی سپی، زەرد، پرتەقاڵی، سوور، قاوەیی، سەوز و زێڕ دروست دەکەن، کە وەک دۆڵێکی پەلکەزێڕینە بەدی دەکرێت.
ت.پ