"پێویستە چالاکییەکانی ژنان لە شەقامدا ئەنجام بدرێت"

کۆمەڵێک ڕێکخراو و ژنی چالاک لە باشووری کوردستان هەن، بەڵام چالاکییەکانیان لە ئاستێکی کەمدایە و تەنها لە ڕۆژی جیهانیی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی چالاکی ئەنجام دەدەن، چالاکوانێکیش دەڵێت: پیویستە چالاکییەکان لە شەقام و گەڕەکەکاندا بێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بە نزیکبوونەوە لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، چالاکییەکانی ڕێکخراوەکان دەستپێدەکات، لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای بەرزی ژمارەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان، بەڵام توندوتیژی دژی ژنان لە بەرزبوونەوەدایە و ئەو چالاکییانەی ڕێکدەخرێن نەتوانراوە بگوازرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، بەڵکو لە هۆڵە داخراوەکاندا ئەنجام دەدرێن، بەشێک لە چالاکوانان ڕەخنەی ئەوە دەکەن، کە چالاکییەکان نەتوانراوە بە درێژایی ساڵ ئەنجام بدرێت، بەڵکو لە ڕۆژە تایبەتەکانی وەک ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان و ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی چڕ بوونەتەوە.

 

"دەسەڵات ئامانجیەتی توندوتیژییەکان بشارێتەوە"

کەژاڵ عەبدولقادر، داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، دەربارەی نەبوونی چالاکی ژنان لە دەستپێکی ساڵدا ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژن پردێکن لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیاندا، ئەرکیان گەیاندنی گرفتەکانی هاوڵاتیان و کۆمەڵگەیە بە دەسەڵاتداران و چارەسەرکردنیان، وەک دەبیندرێت چالاکییەکان تەنها لە ڕۆژی جیهانی ژنان و دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەنجام دەدرێت, لە کاتێکدا پێویستە هەموو کاتێک ژنانی چالاکوان چالاکیان هەبێت.

 

کەژاڵ عەبدولقادر، باسی لەوەکرد، لە ئێستادا نیشاندانی گرفتەکانی ژنان و کۆمەڵگە لە ئاستێکی کەم دایە، بە شێوازێک بابەتەکان دەردەخەن وەک بڵێی توندوتیژی کەم بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە توندوتیژییەکان لە بەردەوامیدان و ڕێگری لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان هەیە، ڕێگە نادرێت بەڕێوەبەرایەتییەکان ئامارەکانی توندوتیژی بڵاوبکەنەوە.

 

"خراپی دۆخی ئابووری توندوتیژییەکانی زیاد کردووە"

کەژاڵ عەبدولقادر، ئاماژەی بەوەکرد باری ئابووری خەڵک خراپە، ئەمەش وایکردووە بە شێوەیەکی گشتی دۆخێکی سەخت بەڕێوەببەن و کێشەکانیان لەناو خێزانەکانیاندا زیاد بکات، وتی: ژن هەیە لە کار دەکراوە و بەوهۆیەوە هاوژینەکەی کردوویەتی بە کێشە لەگەڵی، دواجار ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، بەڵام ئەم گرفتانە باس ناکرێن بۆ ئەوەی هەرێم ناشرین نەکرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا کەژاڵ عەبدولقادر ڕوونیکردەوە، ژنانی چالاک هەن و دەیانەوێت چالاکی بکەن بەڵام ڕێگریان لێدەکرێت و بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت، بەتایبەت ئەو ژنانەی لەناو حزبەکاندان و ئاڕاستە دەکرێن، دەشڵێت: ئەو ژنانە بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری کار دەکەن و ئاڕاستە کراون، ئەمەشە وایان لێدەکات بۆ مافی ڕەهای ژن کار نەکەن.

 

"چالاکییەکان پێویستە مەدەنی بن و لە ژێر سایەی حزبدا نەکرێن"

ئەو چالاکوانە بە پێویستی دەزانێت ڕۆژانە کار لەسەر پرسەکانی ژنان بکرێت بەتایبەت لە باشووری کوردستان، چونکە کۆمەڵگە گەیشتووتە ئاستێک ژن لە هەموو بوارێکدا توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و مافی پێشێل دەکرێت، لە ماڵەکانیان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لە شوێنی کار مووچەی کەمیان پێدەدرێت و بەکاردەهێندرێن، وتیشی: لە شوێنە جیاوازەکان سوکایەتی بە ژنان دەکرێت لە پێدانی مافەکانیان تا دەگاتە ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، بێدەنگ بوون لە ئاستی ئەم کێشانە پرسەکانی ژنانی ئاڵۆزتر کردووە.

 

کەژاڵ عەبدولقادر، لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد، چالاکییەکان پێویستە بێتە دەرەوەی هۆڵە داخراوەکان و لەسەر شەقام و ناو گەڕەکەکاندا بکرێت، ژنان چالاکی مەدەنی و سەر شەقامیان هەبێت، نەک بەو شێوەیەی ئێستا کە چالاکییەکان لەناو هۆڵە داخراوەکاندان و لە چوارچێوەی حزبەکاندان وتیشی: چالاکییەکانی ژنان پێویستە تەنها لە سنوری شاری سلێمانیدا چڕ نەبێتەوە، بەڵکو بچێتە ناوچە دوورە دەستەکان، بەو ئامانجەی ژنان هۆشیار ببنەوە و توندوتیژییەکان ڕێژەیان کەمتر بێتەوە.