"پێویستە ژنان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەرخۆدانی بکەن"

ئاسیا ئیسماعیل، یەکێک لەو ژنانەی کە لە شۆڕشی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریادا ڕۆڵی سەرەکی بینی، وتی: پێویستە ژنان بەشداری بەرخۆدانی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر مەنبج بکەن.

 سیلڤا ئەلئیبراهیم

 

مەنبج- دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر کردووە، لە ڕێگەی بۆردومان و گرتنەوەی ئاوی فورات و شەڕ و هەڕەشەکانی لە ڕێی میدیاکانەوە دەیەوێت ئیرادەی گەل تێکبشکێنێت، لەو بارەیەوە ئاسیا ئیسماعیل، یەکێک لەو ژنانەی کە لە شۆڕشی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریادا ڕۆڵی سەرەکی بینی و ئەندامی کۆبوونەوەی ژنانی زەنوبییا بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: ساڵی٢٠١٢ شەڕی سەخت بەڕێوەچوو نزیکەی ٤ مانگ بە دڕندانەترین شێوە بەردەوام بوو، بۆ تێکشکاندنی هێرشەکان هەموو پێکەوە هاوکاربووین، ژنان بە هاوکاریکردنی برینداران و ئامادەکردنی خواردن و گواستنەوەی چەکەکان ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا، دواتر ژنان پەروەردەکران و دەست لەناودەست هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان تێکشکاند.

 

"لەپێناو پاراستندا ژنان چەکیان هەڵگرت"

" بۆ پاراستن چەکمان هەڵگرت و لەناو هێزی پاراستنی جەوهەریدا خۆمان بەڕێکخستن کرد، ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە ڕێگریکردن و لەناوبردنی ئەو چەتانەی دەیانویست لەسەر شێوەی خەڵکی مەدەنی بچنە هەرێمەکانەوە، لە سایەی بەرخۆدان و هاودەنگییەوە خۆبەڕێوەبەریی خۆمان و بزووتنەوەی ژنانمان دامەزراندووە، بە ئیرادەی خۆمان ئاسایشمان لە شارەکاندا پاراستووە، لەم هێرشانەی کۆتایدا دەوڵەتی تورکیا هەموو شێوازە دڕندانەکانی بەکارهێنا و بەردەوام بۆردومانی کردین، بۆیە ناچاربووین ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێبهێڵین و بەرەو ناوچە ئارامەکان بڕۆین، گەل خاک و ماڵی خۆی بەجێنەهێشت بەڵکو لەسەر داوای یەکینەکانی پاراستنی گەل-ژن بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت، چونکە تورکیا لە ئامانجگرتنیان درێخی نەدەکرد و کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدا.

 

"پێویستە گەل ئەزموونی سەرێکانی بە نموونە وەربگرێت و خۆی بپارێزێت"

ئاسیا ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هەموو کەسێک بە ئامانج دەگرێت و وتی: ئەگەر لە شارەکەتان بمێننەوە پیلانەکانی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک ڕەت بکەنەوە و پشتیوانی لە هێزە سەربازییەکانتان بکەن، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە بۆ شارەکەتان بەدەستدەهێنن، ژیان و مردن یەکجارە، ژیانی شکۆدار یان مردنێکی شکۆدار باشترە لە ژیانێکی پڕ لە سووکایەتی کردن. دەبێت خەڵک ئەزموونی سەرێکانی وەک نموونە وەربگرێت و خۆی بپارێزێت و خاکەکەی بپارێزێت و کۆڵ نەدات، شاری مەنبج شاری شۆڕشە کە پاش تێکشکاندنی چەتەکانی داعش هاوسەنگییەکەی زیاتر کردووە، شارەکەمان بە خوێنی شەهیدان ئاو دراوە، چۆن ویژدانمان ڕێگە بە تورکیا دەدات کە بچێتە ناو مەنبەج و پیسی بکات؟