پەروەردە و خوێندنەوە دیارترین ئامڕازن بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگەکان

لە ڕێگەی خولی پەروەردەی ڕۆشنبیری و هۆشیارییەوە، ژنان دەربارەی ڕاستی و مێژووی خۆیان فێر دەبن و بەرەو خۆڕێکخستن و گۆڕانکاری و ئازادکردنی کۆمەڵگە دەڕۆن.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- پەروەردە یەکێکە لەو پرەنسیپە بنەڕەتییانەی کە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک پشتی پێ دەبەستێت بۆ سەرکەوتنی و هەموو ئەوانەی ئەم ڕێگایە جێبەجێ دەکەن بە تەواوی باوەڕیان بەو پرەنسیپە هەیە، چونکە کولتوور و ڕاهێنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگەکاندا و ژنان خۆیان دەناسێنن و ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا سەلماندوو، کاتێک کەسێک لە گرنگی پەروەردە تێدەگات، ئەو کۆمەڵگە بەرز دەکاتەوە و لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا گەشەی پێ دەدات، ئەگەر کۆمەڵگە پەروەردە و هۆشیاری پشتگوێ بخات، ئەوا دەبێتە هۆی نەزانین و دواکەوتوویی و نێچیرێکی ئاسان بۆ دوژمن و داگیرکاری.

 

بۆ فێربوون دەربارەی گرنگی خوێندنەوە و پەروەردە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان و گەشەکردنیان و زانینی مێژوو و ڕاستییەکانیان بۆ گەیشتن بە ئازادییەکانیان و بونیادنانی تاکێکی ئازاد لەناو کۆمەڵگەدا، ئاژانسەکەمان چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ئەکادیمیای کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ناوچەی دێریکی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا.

 

"پەروەردە گرنگییەکی زۆری هەیە لە کۆمەڵگەکاندا و بەتایبەتیش بۆ ژنان"

ڕەودە مەعمو، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ناوچەی دێریکی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی ٦ ڕۆژ بەرلە ئێستا خولێکی پەروەردەیی ڕۆشنبیرییان لە ئەکادیمیای کۆمەڵگەی دیموکراتیک کردووەتەوە ٢٥ ڕۆژ بۆ ٣٠ ڕۆژ دەخایەنێت، هەروەها لە ڕێگەی ئەکادیمییەکانەوە هەوڵ دەدەن کەسایەتییەکی ئازاد بونیاد بنێن کە بتوانێت هەموو کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکات، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ڕێگەی بەرنامەی پەروەردەوە کە وانەی جۆراوجۆری تێدایە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، پەروەردەو خوێندنەوە بە دیارترین ئامڕازەکان دادەنرێن بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگەکان و بەشداریکردن لە بونیادنانی کەسایەتییە دیارەکان بۆ ڕێنماییکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە ماوەیەکی کورتدا لەسەر هەموو ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، هەروەها دەربارەی ڕۆڵی ژنان لەمەدا، وتی: بە پەروەردەکردنی ژنان دەربارەی مێژوو و ڕاستییەکانیان لە ڕێگەی خولی پەروەردەییەوە، دەکرێت کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی ئازاد بونیادبنرێت، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر کتێبی مێژوویی هەن کە مامەڵە لەگەڵ شارستانییەتە جیاوازەکاندا دەکەن، بەڵام ئاماژە بە مێژووی ژنان و ئەو شتانە ناکات کە بەهۆی ئەوەوە ئازار دەچێژن و ڕاستییەکانی وەک دەوڵەتە هەژموونییەکان و پیاوسالاری هەمیشە ترسیان لە توانا و بیرکردنەوەی ژنان هەبووە.

 

ڕەودە مەعمو ئەوەشیخستەڕوو، دوای ئەوەی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئاشنا بوون، ڕاستی و مێژووی شاراوەی خۆیان لە نێوان هێڵەکاندا بەدی کرد و لە ڕێگەی ڕاهێنانەوە کارکرا بۆ کۆتاییهێنان بەو نادادپەروەرییەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە و پێشێلکردنی مافەکانیان، ڕێبەر ئۆجالان جەختی لە گرنگی پەروەردە کردەوە بۆ ڕزگاربوون لە هزری نێرینە.

 

لە خولەکاندا هاندان بۆ خوێندنەوەی پەرتوک هەیە

سەبارەت بە گرنگی خوێندنەوەی پەرتوک لە زیادکردنی زانیاری و کولتووردا، وتی: خوێندنەوە یەکێکە لە هەنگاوەکانی پەروەردە و گەشەپێدانی کەسایەتی، بەداخەوە کۆمەڵگەکانمان لە خوێندنەوەی پەرتوک دوور کەوتنەوە، بۆیە هێشتا ڕووبەڕووی هەمان کێشە و بەربەست دەبینەوە، لە کاتی پەروەردەدا بە بەردەوامی هاندان بۆ خوێندنەوە هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری کۆمەڵگە، پەرتوکەکان هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەو کەسانەی کە بەشداری خولەکە دەکەن بەپێی ئاستی گەشەکردن و زانیارییان، بۆ ئەوەی زیاتر سوودمەند بن و خۆشەویستی خوێننەوە و خوێندنەوە و زانیاری بۆ هەموو شتێکی نوێ دروست بکەن، ئێمە لە ئەکادیمیای کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئامانجمان بونیادنانی کەسایەتی ئازادە لەناو کۆمەڵگەدا بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئەوانەوە، چونکە ئەکادیمیاکە پێشوازی لە هەموو گروپ و تەمەنێک دەکات.

 

"پێویستە دایکان بەشداربن"

لە لایەکی دیکەوە، نەورۆز عەلی، کە دایکی پێنج منداڵە، بەشداری ئەو خولەی کردوە کە چەند ڕۆژێک بەرلەئیستا لە لایەن ئەکادیمیای کۆمەڵگەی دیموکراتەوە کراوەتەوە، وتی: ئەمە یەکەم جارە بەشداری لە خولی پەروەردەدا بکەم، ئەمە ئەزموونێکی نوێیە بۆ من وەک ژنێک لەم کۆمەڵگەیەدا، لە سەرەتادا ڕووبەڕووی هەندێک کێشە بوومەوە، لەوانە ڕەتکردنەوەی خێزانەکەم بۆ بەشداریکردن لە خولی پەروەردە، تەنانەت منیش، وەک کەسێک، زەحمەتم هەبوو لە پەروەردەی داخراودا، لەگەڵ تێپەڕبوونی دوو ڕۆژی یەکەمدا، بۆم دەرکەوت کە پەروەردە بۆ کۆمەڵگە، بەتایبەتی ژنان گرنگە، ئێستا دوای کۆتایی هاتنی خولەکە، کار دەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی فێربووم، کاتەکانم ڕێکدەخەم بۆ سوود وەرگرتن لێی بۆ خوێندنەوەی پەرتوک و وەرزش.

 

نەورۆز عەلی داوای لە هەمووان کرد بەشداری ئەم پەروەردەیە بکەن بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بە خۆیان بدەن، بەتایبەتی دایکان، چونکە ئەوان نەوەکانی داهاتوو بەخێو دەکەن، وتیشی: کاتێک بەشداریم لە پەروەردەدا کرد، کەسایەتیم گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هات، بۆیە دەبینم کاتێک پەروەردەکان تەواو دەکەین، دەتوانین پەروەردە  بە کۆمەڵگە و ژنانیش بدەین.