ژنانی زرگان: لەژێر بۆردوماندا ڕۆژوو دەشكێنین
ژنانی زرگان، باس لە هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر گوندەکانی ناوچەکە دەکەن و وتیان: ئێمە لە مانگێکی پیرۆزداین، بەڵام داگیرکەران و چەتەکان ڕێز لەوە ناگرن.
سۆرگول شێخۆ
حەسەکە- خەڵکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە ڕۆژی یەکەمی شۆڕشەوە لەگەڵ شەڕڤانانی خۆیان بوون، خۆشی و نەخۆشییان پێکەوە بەشکردووە، دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر شۆڕشدا ڕۆژ بە ڕۆژ پێکەوەییان زیاتر دەبێت.
زرگان، ناوچەیەکی سەر بە حەسەکەیە، یەکێکە لەو ناوچانەی لەگەڵ سەرێکانی و گرێ سپیدا بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکاری تورکیا دەبێتەوە، بە تایبەتی ماوەی ٢ ساڵ و ٦ مانگە، دانیشتوانەکەشی هەر سوچێکی ژیانیان کردووەتە بەرخۆدانی و خۆیان بەڕێکخستن کردووە و بە ژن و منداڵ، پیر و پیاوەوە دژی داگیرکارییەکان دەوەستنەوە، ئاماژە بەوەشدەکەن چی ببێت گوندەکانیان چۆڵ ناکەن.
"پەناگاکەمان لەسەر کەنارەکانی ڕووباری زرگان و خانووە خشتەکانە"
حەلیمە حەواش، خەڵكی گوندی عەرەب خانە و دەکەوێتە ناو هێڵی ئاگرەوە، دەڵێت: "بۆردوومانەکان بەردەوامە، دوێنێ ٥ خولەک پێش کاتی فتار بۆردومان دەستیپێکرد، بەڵام ئێمە ئێستا لە گوندین، وای لێهاتووە ئێمە لەژێر بۆردوماندا شێو و پاشێو دەکەینەوە، کاتێک بۆردومانەکان دەستپێدەکات ئێمە دەچینە قەراغی چەمی زرگان و لەوێ خۆمان دەپارێزین، یان دەچینە ئەو ماڵانەی بە خشت دروستکراون، چونکە ماڵە خشتەکان لە ماڵە بلۆکەکان زیاتر دەمانپارێزێت".
"پوختەی ژیانی ٢ ساڵ و ٦ مانگمان: پێیەکمان لە ماڵە پێیەکمان لە چۆڵەوانییە"
فاتمە حەمود، لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندەکانی چیای کهزوانە بەڵام چەند ساڵێک پێش ئێستا چووەتە گوندەکانی زرگان و وەک جوتیار لەوێ دەژی، ئاماژەی بەوەدا کورتەی ژیانیان لە ماوەی ئەو دوو ساڵ و ٦ مانگەدا پێیەکیان لە ماڵ و پێیەکیان لە دەشت و چۆڵەوانی بووە، "ئەمە دەرەنجامی داگیرکردن و هێرشکردنە سەر گوندەکەمانە، ئێمە لە مانگێکی پیرۆزداین بەڵام داگیرکەران و چەتەکان ڕێز لەوە ناگرن و هەموو ڕۆژێک گوندەکەمان تۆپباران دەکرێت، کەس نازانێت کەی بۆردومانەکە دەستپێدەکات، ئێستا هاتووین بۆ زرگان بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی ماڵەوە".
لە کۆتایدا وتیشی: ئێمە دەترسین، چونکە لەوانەیە لەناکاو شتێک ڕووبدات".