فێمینیستە تونسییەکان لە کوشتنی ژنان و بێدەنگی دەوڵەت نیگەرانن
بەهۆی کەمی هۆشیاری ژنان و نەبوونی زانیاری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی بێدەنگی لە بەرامبەر توندوتیژی، فێمینیستەکان بەردەوامن لە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و دروستکردنی پەناگەی سەلامەت بۆژنان.
زهور ئەلمەشرقی
تونس - مەنیە قاری، چالاکوانی مافی مرۆڤ و مامۆستای یاسا دەڵێت: ئەمڕۆ دیاردەی کوشتنی ژنان لە تونس زیاتر لە ڕابردوو سەرنجی ڕاکێشاوە، ئێمە ئەم پێشکەوتنە قەرزاری هەوڵەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیین، چالاکوانانی مەدەنی بە هەوڵدانێکی بەردەوام بۆ ئاشکراکردن و چاودێریکردن و گواستنەوەی دەنگی ژنانی قوربانی توندوتیژی، هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی ئاساییکردنەوەی هەر جۆرە توندوتیژییەک، ئەم کردارانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە هۆشیارکردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە.
کوشتنی ژنان لە تونس، دیاردەیەکی نوێ و دەرئەنجامی ئاژاوەگێڕییەکانی دوای شۆڕش نییە، ئەم بابەتە لە مێژە بوونی هەیە، بەڵام لە ڕابردوودا تابۆیەکی نەگوتراو بووە، ڕژێمە خۆسەپێنەکان بەزۆری ڕێگری لە میدیاکان دەکەن کە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە پرسانەدا بکەن، کە بە "کاروباری ناوخۆ" دەزانن و وێنەی کۆمەڵگە لە دەرەوەی وڵات دەشێوێنن، لە دوای ساڵی ٢٠١١ ڕێبازی ڕۆژنامەگەری و مافی مرۆڤ و چالاکییە مەدەنییەکان گۆڕانی بەسەردا هات و هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەو دیاردانە بە ئامانجی چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی دانانی یاسای بەرتەسککەرەوە دەستیپێکرد.
بزووتنەوەی فێمینیستی تونس کە لە سەرەتای سەربەخۆییەوە دەستی پێکردبوو، بەردەوام بوو و بووە هۆی دەرکردنی یاسایەک کە بەبێ گوێدانە ڕەگەز، مافی ژنانی دووپات دەکردەوە، لە نێوانیاندا یاسای لەباربردنی منداڵی سەلامەت، کە تونس پێشەنگ بوو، هەروەها پەسەندی کردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە مانگی ئابی ٢٠١٧، کە دەرئەنجامی هەوڵی فێمینیستەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بوو، دوای هۆشداریدان لە زیادبوونی بەرچاوی تاوانە توندوتیژەکان و کوشتنی ژنان لە تونس.
لە تونس کوشتنی ژنان ڕێژەکەی بەرزە
ڕاپۆرتی کۆمەڵەی "دەنگی ژنان" لە مانگی ئایاری ڕابردوودا دەریخست، کە لە ساڵی ڕابردوودا تونس شایەتحاڵی ٢٥ کوشتنی ژنان بووە، لە نێویاندا ١٣ کەس بە دەستی پیاوەکانی هاوسەرگیری لەگەڵ کردوون، ٣ کەس بە دەستی باوکیان و ٤ کەس بە دەستی کەسوکار و ٥ کەسیش بە دەستی کەسانی نەناسراو کوژراون، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئاب ٢٠ ژن کوژراون و زۆربەیان لەلایەن مێردەکانیانەوە کوژراون.
مەنیە قاری باس لەوە دەکات کە ئامارەکانی وەزارەتی ژنان و خێزان تەشەنەسەندنی دیاردەی کوشتنی ژنان پشتڕاست دەکەنەوە، کۆمەڵگەی مەدەنیش بەدواداچوون بۆ ئەو ئامارە ترسناکانە دەکات، ئەو ئەم بابەتە بە جیا لە توندوتیژی دژی ژنان نازانێت و بە توندترین شێوەی توندوتیژی دەزانێت: "ڕەنگە لە ڕابردوودا بڕی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەمان شت بووبێت، بەڵام بێدەنگیی لەبەردەمیدا و نەبوونی ئیرادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی".
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە: " کۆمەڵگەی مەدەنییە هەوڵ دەدات هۆشیاریی میدیاکان له سەر مەترسییەکانی ئەم دیاردەیه بەرز بکاتەوه بۆ ئەوەی هانیان بدات بۆ ڕووماڵکردنی و هۆشداری له مەترسییەکانی ئاسایی کردنەوەی توندوتیژی و قبوڵکردنی و ترس له ڕووبه ڕووبوونەوەی بکەری توندوتیژی دەدات، ئەم دەستکەوتە پێویستە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی حساب بکرێت".
سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی کوشتنی ژنان سەرەڕای ئەوەی یاسای ٥٨ لە ساڵی پەسەندکرا ٢٠١٧، بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، مەنیە قاری دەڵێت: "ناکرێت بەبێ یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیە بکرێت، بەڵام لەوەش گرنگتر پێویستە میکانیزمی بەهێز بۆ جێبەجێکردنی ئەو دیاردەیەیە، هەروەها ئیرادەی سیاسی و بودجە زۆر گرنگە، بەو پێیەی شەڕەکە تێچووی زۆری دەوێت و یەکلاکردنەوە و لێپێچینەوە لەخۆدەگرێت، هەروەها پێویستە بارودۆخی کۆمەڵایەتی ژنانی دەستدرێژیکراو لەبەرچاو بگیرێت".
"دەبێت کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە"
جەخت لەسەر پێویستی ئاگادارکردنەوەی بەردەوامی کۆمەڵگە دەکاتەوە: "پێویستە هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی تەلەفزیۆن و ڕادیۆوە ئاگادار بکەینەوە، "بەداخەوە هیچ ژمارەیەکی پەیوەندی فریاگوزاری و ڕیکلامێک نییە کە ژنان فێری چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژیدا بکات".
مەنیە قاری دەشڵێت: "بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چیتر لە پێشینەی کارەکانی دەوڵەت نییە"، ئەمەش بووەتە هۆی نەبوونی دامودەزگاکانی حکومەت لە پشتیوانیکردنی لێقەوماوان، کۆمەڵەکان بە تەنیا بەردەوامن لە شەڕکردن و سەرەڕای سنووردارکردنەکان، لە پاڵپشتیکردنی لێقەوماوان نەوەستاوە".
مەنیە قاری سەبارەت بە سەختی دەستڕاگەیشتن بەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی بوون بە دادپەروەری دەڵێت: "یاسای ٥٨ ئیمتیازاتی زۆری بۆ ئەوان هەیە، بەڵام بە کردەوە ڕێنمایی پێویست لە دادگاکاندا نییە، ئەو یارمەتییە یاساییەی کە بەڵێن دراوە لەبەردەستدا نییە و پرۆسەکە درێژە، نەبوونی ڕێکارێکی تایبەت بۆ قوربانیانی توندوتیژی وایان لێدەکات لە نێوان دادگا مەدەنی و تاوانەکاندا سەرگەردان بن، ئاگادارکردنەوەیان لە ماف و ئەرکەکانیان و جدێبەجێکردنی کارەکان بەس نییە، هەندێک جار قوربانییەکان پێش دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە ماندوو دەبن و دەگەڕێنەوە بۆ ژینگەیەکی توندوتیژ، ئەمەش دەبێتە هۆی تۆڵەسەندنەوەی زیاتر یان ئەشکەنجەدان، بۆیە جەخت لەسەر ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری دەکەینەوە بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی".