لە ڕێی فرەژنییەوە، سیستمی سەرمایەداری دەیەوێت بە ژن لە ژن بدات

لەپێناو خزمەتکردن بە ویستی پیاو گەیشتن بە حەز و ئارەزووەکانیان، تەواوی سیستمی سەرمایەداری و ئەقڵیەتی کۆمەڵگە خراوەتە کار بۆ ئەوەی فرەژنی ئاسایی بکەنەوە و هەر پیاوێک بتوانێک فرەژنی ئەنجام بدات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە بەشەکانی دیکەی تایبەت بە فرە ژنیدا چەند لایەنێکیمان خستەڕوو، لەم بەشەدا بە گرنگمان زانی باس لەو سیاسەت و ڕێوشوێنانە بکەین کە ژنان ناچار بە فرەژنی دەکات، ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە کاریگەرکردنی هرزی ژنان بۆ ملکەچبوون بە بەرژەوەندییەکانی خۆی، سیستمی سەرمایەداری و سیاسەتی دەسەڵاتدارانە، هەمیشە سیستم و دەسەڵات لە هەوڵی بێ تواناکردنی ژندان، بە ئاسایکردنەوەی بابەتی فرەژنی دووبارە هەوڵدەدەن بە ژن لە ژن بدەن و دواتر هەموو ناکۆکییەکانی کۆمەڵگە بخەنەوە ئەستۆی ژن.

 

بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی سیاسەتی تایبەتەوە بە سەرلێشێواندنی گەنجان، دەستخستنە سەر خاڵی هەستیاریان لە ئێستادا کە نەبوونی و خراپی باری ئابوورییە، هەبوونی هزری جیاواز لە کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیاردا، دواجار ئەو دۆخەی ئێستای لێدەکەوێتەوە کە ژن پێوەی دەناڵێنێت، ئەمەش لەپای بوونی ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری و زاڵبوونی دەسەلاتی نێرە بەسەر ژنەوە.

 

"فرەژنی لەپێناو کەمکردنەوەی ژن و تێرکردنی ویستی پیاو ئەنجام دەدرێت"

شیلان شاکر، ئەندامی ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ئافرەتانی کورد-ڕێپاک،لە سەرەتادا ئاماژەی بەوەدا کە فرژنی دیاردەیەکی قێزەونە و قورسە بۆ ژنێک باسی لێوەبکات، دەشڵێت فرە ژنی سەرچاوەی خۆی لەو ئەقڵیەت و زهنییەتەوە دەگرێت کە لە چەند بوارێکی وەک ئاینی ئیسلام، ئەقڵیەتی دواکەوتووی کۆمەڵگەدا پێشەنگایەتی بۆکراوە، "فرەژنی دیاردەیەکە لە ئاستی لوتکەدا هەوڵی کەمکردن و بێواتاکردنی ژن دەدات، بە واتایەک لە واتاکان بێنرخکردن و بە کۆیلەکردنی ژنە، بە شێوەیەکی گشتیش حاڵەتێکە بۆ بەرژەوەندی خواست و ئارەزوو، هەروەها لە زهنیەتی پیاوسالاری و پیاودایە، ئەم بابەتە بووەتە کولتوورێک لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لە ئاین سیستمی سەرمایەداری و ئەو سیستمەی ئەمڕۆ جیهان بەڕێوەدەبات بۆ خۆی بووەتە هاوکارێکی دیکەی مۆدێرن بۆ بەردەوامبوونی ئەو کولتوورەی لە ئێستادا بەربڵاوە".

 

"کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیار هزری فرەژنی قبوڵ دەکات"

شیلان شاکر ئاماژەی بەوەدا لە هەموو ڕەهەندەکانی وەک سیاسەت، هزر، کولتوور و پەروەردە فرەژنی ئەوەندە کاری لەسەرکراوە کە بووەتە یەکێک لە چارەسەرییەکان بۆ خێزان لە بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە ژنان قبوڵی ئەم دۆخە بکەن، بە تایبەت ئەو ژنانەی کە هەڵگری هزری ژێردەستەیی پیاون و پێویستە ژن لە هەموو بارودۆخێکدا بۆ تێرکردنی ویستی پیاو کراوە.

 

بە پێویستی دەزانێت جەخت لەسەر ئەو خاڵانە بکرێتەوە کە وا لە ژنێک دەکات قبوڵی ئەو دۆخە بکات، ئەمە پێویستی بە لێوردبوونەوە هەیە، لە هەمووی گرنگتر لێوردبوونەوە لە ئاستی هۆشیاری تاک و دواتر کۆمەڵگە، کە لە ئاستێکی دواکەتوودایە، هەروەها بوونی بێجێگە و پشتیوانی ژن، کە نەک تەنها لە ڕووی خێزان و کۆمەڵگەوە پەناگەی نییە، بەڵکو لە ڕووی سیاسەت و یاساشەوە بێ پشتیوانە و هۆکارە بۆ قبوڵکردنی ئەم دۆخە بۆ ژنان.

 

"بە سیاسەت وا لە ژن دەکرێت قبوڵی فرەژنی بکات"

شیلان شاکر ئەوەی خستەڕوو کە لە ئێستادا هەموو شتێک بووەتە پارە و خۆشگوزەرانی، لەم لایەنەشدا سیستمی سەرمایەداری دەورێکی باڵای هەیە، ئەو کۆمەڵگەیانەی کە دەکەونە ژێر کاریگەری سیستمی سەرمایەداری کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیارن، بۆیە بەشێک لە ژنان دەکەونە ژێر کاریگەری بوونی پارە و سەروەت و سامان، چونکە سیستم وەک مەکینەیەک بەردەوام کار لەسەر بیرکردنەوەی ژن دەکات، "جگە لەوەش ئەو دۆخەی ئێستای خێزانەکان کە بە نزیکەی لە ٪٩٠ی کێشەی دەروونیان هەیە، کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وایکردووە خێزان و ژن بکەونە ژێر ئەو کاریگەریانەوە، لەلایەکی دیکەوە سیاسەتمەدارەکان بە ئاشکرا ئەم بابەتە دەوروژێنن و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە دەیخەنە هەموو ماڵێکەوە، کاتێک پێشەنگی کۆمەڵگە بەو شێوەیە بێت گەنجیش دەکەوێتە ژێر ئەو سیستمە بۆیە جگە لە ڕازیبوون هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە".

 

"سیستمی سەرمایەداری هەوڵی بە کۆیلەکردنی ژن دەدات تا ناچار بە فرەژنی بکات"

شیلان شاکر وتی: زۆرکات لە ڕێکخراوەکان یاخود دادگا و یاسا دەوترێت کە بەڵێ ژنەکە ڕازییە بە فرەژنی، بەڵام هیچ کات لە خۆمان ناپرسین کە ئایا ئەو ژنە چۆن گەیشتووەتە ئەو بڕیارەی ڕازیبێت، یاخود چ پێداویستییەک بۆ ئەو ژنە دابینکراوە کە نەگاتە ئەو بڕیارە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "پێویستە لێکۆڵینەوە لە ڕازیبوونی ژن بکرێت بە پڕۆسەی فرەژنی، ئایا کێشە لە لایەنی دەروونیدا هەیە، یاخود نەبوونی پەناگە و جێگەیەکە کە ئەو ژنەی تێدابێت، یان ترسە لە تەنیایی، تێکۆشانی فرەلایەن پێویستە"، هەروەها ئەوەی جەختی لێکردەوە کاریگەری سیستمی سەرمایەدارییە لەسەر ژنان، دەڵێت: سیستمی سەرمایەداری هەمیشە هەوڵی بەکۆیلەکردنی ژنی داوە، بۆ نمونە ئێستا بە جۆرێک کار لەسەر ژن دەکات کە وێڵی پارە بێت بۆ ئەوەی پەنابەرێتە بەر کەسانی دەوڵەمەند یاخود فرەژنی قبوڵ بکات، لە بەرامبەردا کار لەسەر پیاو دەکات کە دوای جوانی ژن بکەون، ئەوەی ئێستاش بڕیار لەسەر ژن دەدات هەموو کەسێکە تەنها خودی ژن خۆی نەبێت.

 

ژنان بە پێی هزرە جیاوازەکان ئاڕاستە دەکرێن

بەریەککەوتنی هزرە جیاوازەکان، کۆمەڵگە و تاک بەرەوپێش دەبات یاخود پاشەکشەی پێدەکات و دەبێتە هۆی کارەسات، هەبوونی هزرە جیاوازەکانیش لەم کۆمەڵگەیەدا کارەساتی ناوەتەوە، بەوەی هزری علمانی و ئیسلامی و چەندینی دیکە هەیە، هەریەکەو ژن بە جۆرێک ئاڕاستە دەکات، هیچیان نەبوونەتە چارەسەر بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەی کوردی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان.

 

"لە باشووری کوردستان ئاڕاستەکردنی هزرە جیاوازەکان بە سیاسەت کاری لەسەر دەکرێت، لە ڕێگای پەروەردەوە، ێکخراوەکان و هەر هۆیەکی دیکە بۆ پێگەیاندنی گەنجێک بێت بە نا دروستی، هزرە جیاوازەکانیش هەر کامیان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە جۆرە ژنێک دەکەن بە نمونە، لە لایەکەوە دەبێت ژنێکی مۆدێرن بێت لە لاکەی دیکەوە دەبێت لە ژێر سایەی پیاوەکەیدا بێت و پۆشتە بێت، ئەمەش بۆ گەنجێک دەبێتە هۆکاری سەرلێشێواندن و کارەسات کە نازانێت بەرەو چ ئاڕاستەیەک هەنگاو بنرێت"، شیلان شاکر پێیوایە، هەموو کۆمەڵگەیەک خاوەن کولتوور و دابونەریتە، پێویستە تا ئاستێک نەریتەکان لەبەرچاو بگیرێت نەک لە ژێر سایەی هزرێک بەرەو ئاڕاستەی خراپ ببرێت.

 

"کۆمەڵگەو سیستم دەیەوێت لە ڕێگای فرەژنی، بە ژن لە ژن بدەن"

فرەژنی دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بە ژن لە ژن بدرێت، چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو لایەنانەیە دەیانەوێت ئەم هزرە پێشبخەن، "لەکاتێکدا ژن خاوەن ماڵ و خێزانی خۆیەتی کە ژنێکی دیکەی بەسەردادێت و بەهۆی باڵانس ڕانەگرتنی پیاوەکە لە نێوان دوو ژنەکەدا کێشە دروستدەبێت، بێگومان کاتێک پیاوێک فرەژنی ئەنجام دەدات، پیاوێکە لە بنەماکانی یەکسانی تێنەگەیشتووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ژنەکانیش دووبارە دێن بە موڵک و ماڵ ژن دەمکوت دەکەن، دووبارە کڕین و فرۆشتن و مامەڵە بە ژنەکانەوە دەکەن، دواجار ئەوانەی هزری فرەژنی ئاسایی دەکەنەوە دێن باس لە نەگونجان و پێکدادانی ژن لەناو خۆیاندا دەکەن".

 

لە کۆتایدا شیلان شاکر پێیوایە، چالاکوانان، ڕێکخراوەکانی ژنان و چاودێرانی پرسی ژن دەبێت ببنە پەناگەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی ئەو ژیانە دەبنەوە، ڕێگاچارەسەرێک بۆ دووبارە ژیانی ئەو ژنانە بدۆزرێتەوە، بەهۆی ئەوەی پڕۆسەی پێکهێنانی خێزان لە ئێستادا لە ئاستێکی خراپدایە، بۆیە پێویستە کە ژنان بە گشتی و بەتایبەت ئەو ژنانەی دەیانەوێت خێزان پێکبهێنن، خۆیان نەخەنە ژێر کاریگەری ئەو ژینگەیەی تێیدایە و ئاڕاستەی بەناو ئیسلام و سیستمی سەرمایەداری وەرنەگرێت، هەوڵ و تێکۆشان بکات بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی تێی دەکەوێت، ئەویش لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی لایەنی هۆشیاری و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر.