توندوتیژی خێزانی لە میسر هەڕەشە لە ژنان و منداڵان دەکات

دکتۆرە یارا ئیبراهيم دەڵێت: توندوتیژی خێزانی شوێنەواری دەروونی قوڵ لەلای منداڵان بەجێدەهێڵێت و توندوتیژی دەکاتە ڕەفتارێکی بۆماوەیی لە ناو خێزاندا، و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە پێویستی بە دەستتێوەردانێکی پەروەردەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە.

ئیمان سەمیر عەلی

 

میسر ـ پشت دەرگا داخراوەکان، لەو شوێنەی کە دەبێت پارێزراوترین پەناگە بێت، ڕووداوەکانی توندوتیژی خێزانی لە میسر دووبارە دەبنەوە، بۆ ئەوەی قەیرانێک ئاشکرا بکەن کە شوێنەوارەکانی تەنها کاتی دەستدرێژیکردنەکە ناگرێتەوە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ سەرجەم خێزانەکە و برینی دەروونی و ڕەفتاری بەجێدەهێڵێت کە ڕەنگە بۆ چەندین ساڵ هاوەڵی قوربانییەکان بکەن.

 

توندوتیژی خێزانی هەمیشە بە لێدانێکی جەستەیی دەست پێناکات و لەوانەیە هەر بەوەوە کۆتایی نەیەت، دەتوانێت چەندین شێوەی هەبێت، لە بێڕێزی و هەڕەشە و کۆنترۆڵکردن و ئازاردانی دەروونییەوە دەست پێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ دەستدرێژی جەستەیی و لێدان و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت دەگاتە هەوڵی کوشتن یان کوشتنی ڕاستەقینە.

 

ڕووداوەکان ڕوخساری هەرە دڕندانەی توندوتیژی خێزانی ئاشکرا دەکەن

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هەن، پارێزگاکانی میسر لە ماوەی مانگی ئابی ڕابردوودا، چەندین ڕووداوی خوێناوی توندوتیژی خێزانییان بەخۆوە بینی، کە لە نێوان تاوانی کوشتن، دەستدرێژیکردنی جەستەیی، هەوڵی کوشتن و توندوتیژی دژی منداڵان دەگۆڕان، هەندێکیان پەیوەندییان بە جیاوازی هاوسەرگیری، دارایی یان خێزانی هەبوو، کە ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزی دیاردەکە و فرەیی پاڵنەرەکانیەتی.

 

لە نێوان دیارترین ڕووداوەکاندا، کوشتنی ژنێک بوو لەلایەن هاوژینەکەیەوە لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی مەستڕوود لە پارێزگای قالیوبیا، دوای ناکۆکی خێزانی، دەسەڵاتە ئەمنییەکان تەرمەکەیان دۆزییەوە، پێش ئەوەی هاوژینەکە دەستگیر بکەن، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە تووشی دوو لێدانی چەقۆی قووڵ بووە، تاوانەکە لە بەردەم منداڵەکانیاندا ڕوویداوە.

 

لە موقەتم لە قاهیرە، هاوژینێک هێرشی کردە سەر ژنەکەی و کچەکەی دوای دەمەقاڵێیەکی زارەکی، کە ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی ژنەکە بە شوێنەواری لێدان و خوێنبەربوونی ناوەکی لە مێشکدا، لە کاتێکدا کچەکە توشی لێدان بوو، لە شاری ١٥ی مایۆ لە قاهیرە، کۆبوونەوەیەکی ئاشتەوایی پەیوەندیدار بە ناکۆکی خێزانییەوە گۆڕا بۆ تاوانی کوشتن، دوای ئەوەی یەکێک لە کەسەکان تەقەی لە ئامادەبووان کرد، کە بووە هۆی کوشتنی چوار کەس، لەوانە کچەکە و برینداربوونی کوڕەکەی، لە ١٩ی ئابدا ڕاگەیاندرا کە بۆ دادگاییکردنی سزادان ڕەوانە کراوە.

 

توندوتیژییە منداڵانیشی گرتەوە، لەکاتێکدا دەزگا ئەمنییەکان لە بەدرەشین لە پارێزگای جیزە، چاودێری گرتەیەکی ڤیدیۆیییان کردووە کە باوکێک لە منداڵە کوڕە ٩ ساڵانەکەی دەکاتە، دوای ئەوەی منداڵەکە ماڵی بەجێهێشتووە و چووەتە لای دایکی، بەگوێرەی ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە.

 

لە مەعسەرە، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا دوای ئەوەی بە دارێک لێی دا، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان ڕووداوەکەیان بە ناکۆکی هاوسەرگیری بەستەوە، هەروەها داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد لە کوشتنی ژنێک لەلایەن هاوژینە بەتەمەنەکەیەوە لە ئۆسیمی جییزە، لەسەر بنەمای ناکۆکی خێزانی.

 

هەروەها زەینەب لە قاهیرە، ژنێک لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکەوە داوای پەناگەکردنی کرد دوای ئەوەی لەلایەن دوو کوڕەکەیەوە لێی درا و قسەی پێگوترا لەسەر بنەمای ناکۆکی دارایی، بەپێی وەزارەتی ناوخۆ، کە دەستگیرکردنی دوو کوڕەکەی ڕاگەیاند و دانیان بە ئەنجامدانی تاوانەکەدا نا.

 

توندوتیژی بە کۆتاییهاتنی دەستدرێژیکردن کۆتایی نایەت

دوور لە ژمارە و ڕووداوە تاوانکارییەکان، مەترسیدارترین روخساری توندوتیژی خێزانی ڕەنگە ئەوە بێت کە لە تۆمارەکانی پۆلیسدا دەرنەکەوێت و کامێراکانی چاودێری نەیگرن، بەڵکو لە دەروونی ئەو منداڵ یان ژنەدا جێگیر بێت کە تووشی بووە.

 

لە خوێندنەوەیەکی لایەنە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی دیاردەکەدا، دکتۆرە یارا ئیبراهيم محەمەد ئیبراهيم، پرۆفیسۆری سیستەمی منداڵ و ڕاگری پێشووی کۆلێژی پەروەردەی منداڵی سەرەتایی لە زانکۆی ئاسیوت، جەختی لەوە کردەوە، کە توندوتیژی خێزانی بۆتە یەکێک لە کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییە بەپەلەکان، لەبەر ئەو شوێنەوارە قوڵانەی کە لەسەر منداڵان و پێکهاتەی دەروونی و ڕەفتارییان بەجێیدەهێڵێت.

 

ڕوونیکردەوە، کە دیاردەکە ناتوانرێت لە هۆکارێکدا کورتکرێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک فاکتەری کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی و کولتووری ئاڵۆزی لە پشتەوەیە، ئەو فشارانەی هەندێک خێزان ڕووبەڕوویان دەبنەوە دەگۆڕێن، لە نەبوونی میکانیزمی تەندروست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، بۆ توندوتیژی زارەکی یان دەروونی یان جەستەیی.

 

جەختی لەەە کردەوە، کە شوێنەوارەکانی توندوتیژی لە زیانبەرکەوتووانی ڕاستەقینەدا ناوەستن، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ ئەندامەکانی تری خێزانەکە، لە سەرووی هەمیشەیانەوە منداڵان، کە ڕەنگە خۆیان لە بەردەم ململانێیەکی دەروونی تونددا ببینن کاتێک باوک و دایک، کە سەرچاوەی ئارامی و چاودێرین بۆیان، لە شێوەی دەستدرێژیکەر و زیانبەرکەوتوو داببینن.

 

ئەم دژایەتییە، بەپێی قسەی یارا ئیبراهيم، ڕەنگە شوێنەوارێکی قوڵ لە کەسایەتی منداڵدا بەجێبهێڵێت، بەتایبەت کاتێک توندوتیژی لە بەردەمیدا دووبارە دەبێتەوە و دەبێتە بەشێکی ئاسایی ژیانی ڕۆژانە.

 

کاتێک منداڵ فێر دەبێت کە توندوتیژی زمانێکە بۆ گفتوگۆ

ملەو ەترسیدارتر ئەوەیە کە منداڵ تەنها سەیری توندوتیژی ناکات، بەڵکو لەویشەوە فێر دەبێت، چونکە کاتێک دەیبینێت ناکۆکییەکان بە هاوارکردن، هەڕەشە، لێدان و بێڕێزیکردن یەکلایی دەبنەوە، وردە وردە لە هۆشیدا وێنەیەک جێگیر دەبێت کە توندوتیژی ڕێگەیەکی پەسەندکراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکاندا، بە تێپەڕبوونی کاتدا، دەتوانێت هەمان ڕەفتار لە پەیوەندییەکانی داهاتوویدا بەرهەمیانبێنێتەوە، بۆ ئەوەی بازنەی توندوتیژی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بگوازرێتەوە.

 

یارا ئیبراهيم جەخت لەوە کرەەور، کە توندوتیژی دژی منداڵان تەنها لێدان ناگرێتەوە، بەڵکو سووکایەتیکردن، قسەی ناشیرین، نیشانەدان، سەرزەنشتکردن و خراپەکاری دەروونی دەگرێتەوە، ئەمانە ڕەفتارگەلێکن کە ڕەنگە شوێنەوارێکی درێژخایەن لەسەر متمانەی منداڵ بە خۆی و هاوسەنگی دەروونی بەجێبهێڵن.

 

میدیا لە نێوان ئاشکراکردنی کێشەکە و ئاساییکردنەوەیدا

پێیوایە مامەڵەی میدیایی لەگەڵ ڕووداوەکانی توندوتیژیدا پێویستی بە بڕێکی زۆر لە بەرپرسیارێتیش هەیە، هۆشداری دا لە گرنگیدانی زۆر بە نموونە نەرێنییەکان، بەتایبەت لە سایەی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ناوەڕۆکی تۆڕی کۆمەڵایەتی، چونکە دووبارە نیشاندانی ڕەفتارە توندوتیژەکان بە شێوازێک کە بێبەشە لە چوارچێوەی هۆشیاری، لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەیان لە جیاتی چەسپاندنی ڕەتکردنەوەیان، بەتایبەت لەلای منداڵان و هەرزەکارانەوە.

 

یارا ئیبراهيم ڕوونی کردەوە، پێویستە نموونە نەرێنییەکان وەک هۆشدارییەک پێشکەش بكرێن لەسەر ڕەفتاری هەڵە و لێکەوتەکانی نەک وەک دیمەنی دووبارەبووەوە بۆ بەکارهاتن یان دووبارەکردنەوە، هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی نموونە ئەرێنییەکان و نموونە باشەکان لە ناو خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەدا.

 

خۆپاراستن پێش ڕوودانی قەیرانەکە

یارا ئیبراهيم داوای کرد کە بەرنامەکانی ئاراستەکردن و ڕاهێنان بۆ ئەوانەی تازە هاوسەرگیری دەکەن فراوانتر ببن، وتی: هاوسەرگیری نابێت لە بۆنەیەک یان ئاهەنگێکدا کورتکرێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک بەرپرسیارێتی و دامەزراندنی خێزانێک سەیر بکرێت کە ماف و ئەرک و پابەندبوونی هەیە.

 

ئەم جۆرە بەرنامانە یارمەتی ئەوانە دەدەن کە دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵەکان، سنورەکان، مافەکان و ئەرکەکان، لەگەڵ بەدەستهێنانی شارەزایی بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ فشارە خێزانییەکان و کارلێکەکان بە شێوازێکی هاوسەنگتر، چونکە دروستکردنی خێزانێکی سەقامگیر لە ڕووی دەروونییەوە دوای ڕوودانی کێشەکە دەست پێناكات، بەڵکو بە هۆشیاری ژن و پیاو لە سروشتی ئەو بەرپرسیارێتییەی کە هەڵیدەگرن دەست پێدەکات، بە گرنگی ئەوەی کە خێزان ژینگەیەکی پارێزراو بێت بۆ منداڵان، نەک مەیدانی ململانێ.

 

قوتابخانە... هێڵی بەرگری پێشوەختە

یارا ێیبراهيم جەختی لەسەر پێویستی بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە پەروەردەیییەکان کردەوە لە خۆپاراستن لە توندوتیژی، بە شێوازێک کە هۆشیاری لە قۆناغی باخچەی منداڵانەوە دەست پێبکات و لە قۆناغە پەروەردەیییە جیاوازەکاندا درێژبێتەوە، بە جۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ تەمەنی منداڵەکە و پێویستییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی.

 

هەروەها جەخت لە گرنگی گەورەکردنی ڕۆڵی توێژەری دەروونی لە ناو قوتابخانەکاندا دەکاتەوە، وەک زنجیرەیەک کە منداڵ دەتوانێت پەنای بۆ ببات کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەکی خێزانی یان دەروونی دەبێتەوە یان تووشی توندوتیژی دەبێت، هەندێک لە منداڵان و هەرزەکاران ئێستا پەنا دەبرنە بەر ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ قسەکردن لەسەر کێشەکانیان و بەدەستهێنانی ڕێنمایی سەرەتایی.

 

پشتیوانی دەروونی بۆشاییەکی پارێزراوە پێش ئەوەی درەنگ ببێت

ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی پێویستی بە فراوانکردنی دروستکردنی سەنتەری پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و منداڵان و سەرجەم زیانبەرکەوتووان هەیە، بۆ ئەوەی بۆشاییەکی پارێزراویان بۆ دابین بکات بۆ داواکردنی یارمەتی و بەدەستهێنانی ڕاوێژ، بەو پێیەی پشتیوانی دەروونی بەشێکی بنەڕەتییە لە سیستەمی پاراستن لە تیشکی دەستوەردانی یاساییەوە.

 

یارا ئیبراهيم جەختی لەوە کردەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی ناتوانێت تەنها پشت بە یاسا ببەستێت، چونکە خۆپاراستن بە گۆڕینی شێوازەکانی بیرکردنەوە و پەروەردە دەست پێدەکات، پێداچوونەوە بەو چەمکانەی کە کۆنتڕۆڵکردن یان بێڕێزیکردنیان یان لێدان شەرعی دەکەن،  بەهێزکردنی شارەزایی بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانە کە ناو خێزاندایە.

 

هەروەها ستایشی ڕۆڵی دراما و میدیای کرد بەشدارە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری، بەتایبەت بە مەترسییە دیجیتاڵییەکان کە منداڵان ڕەنگە لە ناو ماڵدا بەبێ ئاگاداری دایک و باوک ڕووبەڕوویان ببنەوە، جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی هۆشیاری خێزانەکان کردەوە بەرامبەر بەم مەترسییانە.