ترس لە تاڵیبان، ژنان ناچاری گۆڕینی جلەکانیان دەکات

دوای ئەوەی تاڵیبان دەستیبەسەر شارە گەورەکانی ئەفغانستاندا گرت، بە کابولیشەوە، گۆڕانکارییەکی زۆر لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا دروستبووە، لە ئێستاشدا ناچار کە شێوازی جلوبەرگەکانیان بگۆڕن تا ڕووبەڕووی هێرشی تاڵیبانەکان نەبنەوە.

 

بەهاران لەهیب

کابول- دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، دۆخێکی مەترسیدار بۆ ژنان دروستبووە، هێرشکردن، ئەشکەنجە و کوشتنی هاوڵاتی مەدەنی و بەتایبەت ژنان لەو کارانەن کە تاڵیبانەکان ئەنجامیدەدەن، ئەمانەش ژنانی ناچارکردووە کە ژیانیان و تەنانەت جلوبەرگەکانیشیان بگۆڕن، لەکاتێکدایە کە لە میدیاکانەوە ژنانی ڕاگەیاندنکار دەردەکەون و لە لێدوانەکانیشدا تاڵیبان ئاماژە بەوەدەکات کە ژنان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و ڕێگە بە خوێندنی کچان دەدات، بەڵام ژنان ترسیان لەدڵدایە و ناتوانن بڕوا بە لێدوانەکانی تاڵیبان بکەن.

 

دوو ژنی ڕەنجکێشی ئەفغانی بۆ ئاژانسی ژنها بە دەنگ دوان و باس لە دۆخی ژیانیان دەکات لەدوای هاتنی تاڵیبانەوە.

 

"ناتوانین بە ڤیدیۆ قسە بکەین لەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵیبانەکان"

حەفیزە م. کە ژنێکی مامۆستایە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا دەتوانن به‌ ئاسانی هاتووچۆ بكەن، به‌تایبه‌ت له‌ كابول وه‌كو ناوه‌ند، كه‌ بەبێ شه‌ڕ گیرا و هه‌تا ئێستاش هێرش نەکراوەتە سەر هاوڵاتیان، وتیشی: به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌كه‌وینه‌ به‌ر توندوتیژی تاڵیبانەکان حیجاب دەکەین، له‌لایەن بنەماڵەکەمانەوە ئەو ڕێگەیەمان پێدراوە کە بتوانین بە ڤیدیۆ قسە بکەین، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە و لەبەر سەلامتی خۆمان تەنها بە دەنگ قسەتان بۆ دەکەم.

 

حەفیزە باسی لەوەشکرد کە نازانن لە داهاتوودا دۆخەکە چی بەسەردا دێت و خه‌ڵك ده‌ترسن، هەندێک سنور دانراوە، بۆ نمونە ڕاگەیاندنەکان تەنها هەواڵەکان بڵاودەکەنەوە، فیلم و هه‌ندێک به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ بۆ گه‌نجان باش بوو ئێستا ئه‌و به‌رنامانه‌ نه‌ماوه، ئێمە تەمەنمان هەیە و حیجاب دەکەین، بەڵام ژنە گەنجەکانمان فێری حیجاب کردن نین، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ كچیان هه‌یه‌ ناتوانن كچه‌كانیان له‌ماڵ ببەنە دەرەوە و بێنە پارک و شوێنە گشتییەکان، به ‌گشتی به‌شداری ژنان و به‌تایبه‌ت ژنانی گه‌نج ئێستا له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ زۆر لاوازه‌.

 

"نازانم لەداهاتوودا دەتوانم کارەکەم بەردەوام بکەم یان دەستبەرداری بم"

شەمیم ص. ژنێکە خاوەنی ئارایشتگایەکی ژنانە و ئاماژەی بەوەدا کە خەڵک لە تاڵیبانەکان دەترسن، که‌ ئه‌گه‌ر بێ حیجاب بێنه‌ ده‌ره‌وه سەرکوت بکرێن و ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە، له‌كاتی حكومه‌تی غه‌نی'شدا حیجابمان هه‌بوو، ئەوکاتە باشتر بوو، بەڵام ئێستا پێویستە چارشێوی ڕەش بکەین بۆ ئەوەی تاڵیبان گوشارمان نەکاتە سەر.

 

شەمیم وتیشی کە ئەو کاری ئارایشتگا دەکات، بەڵام لە ئێستادا لە ترسی تاڵیبان دوکانەکەی نەکردووەتەوە و چاوەڕێیە کەلە داهاتوودا چی ڕوودەدات، ئایا دەتوانێت کارەکەی بەردەوام بکات، یاخود بۆ هەمیشە دەستبەرداری بێت.

 

ت.پ