لە سەنتەری "ماڵی ژیانی منداڵان" داهاتووی منداڵان پارێزراوە

بە مەبەستی پشتیوانی لەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان لەدەستداوە، سەنتەری "ماڵی ژیانی منداڵان" لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرایەوە.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە سوریادا هەیە، ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵ بە تایبەتی زیانیان بەرکەوتووە، بە مەبەستی پاراستنی ژیانی منداڵان بەشی منداڵان لە دەستەی شارەوانی پڕۆژەیەکی لە گوندی خزنەی قامیشلۆ پێشخستوە، کاتێک پڕۆژەکە ئامادەکرا بانگەوازی بۆ پاراستنی منداڵان دەستیپێکرد و چەندین منداڵ کە لەسەر شەقامەکان دەمانەوەو بەکاردەهێندران بەشدارییان لەم پڕۆژەیەدا کردووە، ئەو هۆکارانەشی کە وادەکەن منداڵان لەسەر شەقام و کۆڵانەکان بمێننەوە بەریان لێگیراوە، ئەم پڕۆژەیە منداڵانی ٥ تا ١٨ ساڵ لەخۆدەگرێت و لەم سەنتەرەدا منداڵان دەخوێنن و گەورەدەبن بۆ ئەوەی بەشداری ژیان بکەن و خۆیان بەڕێوەببەن.

 

گێوین محەمەد بەڕێوەبەری بەشی منداڵانی دەستەی شارەوانی لەبارەی پرۆژەی کردنەوەی سەنتەری پاراستنی منداڵان و ئامانجەکانی بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

 

"لەم دۆخە ئاڵۆزەدا چەندین منداڵی بێ سەرپەرشت لەلایەن هەندێک کەسەوە وەک ئامراز بەکار دەهێنران"

گێوین محەمەد، باسی لە پرۆژەکەی کرد و دەرابەری ئامانجەکەی وتی: "ماوەی نزیکەی ساڵێکە ئامادەکاریمان کردووە بۆ کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بەمنداڵانی بێ ماڵ و چەندین گفتوگۆو دیدارو ئامادەکاریی بنەڕەتی لەوبارەیەوە کراوە، هەروەها لیژنەیەک لە ئەنجومەنی ژنانیش بەشدارە لەو پرۆژەیەدا ئێمە دەزانین کە ژنان و منداڵان لەم شەڕەدا گەورەترین زیانیان بەرکەوتووە و وەک هەمیشە دەڵێین ئەگەر دایکان ئامادە نەبن ئەوا منداڵان بە خراپی پەروەردە دەکرێن و ڕوو لە بەدبەختی دەکەن".

 

ئەو منداڵانە کێن کە دەتوانن لە سەنتەری پاراستنی منداڵ بمێننەوە؟

گێوین محەمەد، تیشکی خستە سەر ئەو منداڵانەی کە دەتوانن لەگەڵیان بژین و وتی: "زۆر خێزان هەن کە لە ناوچەکانی دیکەی سوریاوە کۆچیان کردووە بۆ هەرێمەکەمان، واتە زۆربەی منداڵەکان خەڵکی ناوچەکە نین، منداڵ هەیە لە لایەن خێزانەکانیان و کەسانیی ترەوە بەکاردەهێندرێن، کاتێک ئەو مندالانەمان هێنایە سەنتەرەکە دەرکەوت کە زۆربەیان خێزانەکانیان بەکاریان دەهێنن، ڕاستە هەژاری هەیە بەڵام ناگاتە ئەو ڕێژەیەی کە ئەو منداڵانە شەو و ڕۆژ لەناو زبڵدان یان لە شەقامەکاندا بن، خیزانە هەژارەکان منداڵەکانیان بردەوەو هاوکاری دارایی کران و بەڵێنیان دا کە بیانگەڕێننەوە بەر خوێندن، بەدواداچوونی ئێمە لەوبارەیەوە هەیە، لە لایەکی ترەوە منداڵ هەیە کەسی نییە ئەم منداڵانە لە سەنتەرەکەمان پەروەردە دەکرێن و گەورە دەکرێن تا تێگەیشتنیان، تەمەنی ئەو منداڵانەی لەگەڵمان دەبەین تەمەنیان لە ٥ بۆ ١٨ ساڵ".

 

"سیستمەکەمان بەپێی ئاسودەیی و پەروەردەی گونجاوی ئەو منداڵانە دەبێت"

گێوین محەمەد، باسی لە سیستمی ناو سەنتەری منداڵپارێزیەکە کرد و وتی: " "ئێستا زۆرێک لە منداڵان لەگەڵ ئێمەن کە ژیانی نائاساییان کردووە و زۆر شتی خراپ فێربوون، بۆیە پێویستە بەپێی ئەوە هەڵسوکەوت بکەین کە چۆن ئەو منداڵانە بگەڕێنینەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان، بەشەکانی ئێمە لەبەڕێوەبردن و تەندروستی و کارگێڕی و ئەرشیف پێکدێت و هەموویان لەخزمەتی چاودێریکردنی ئەو منداڵانەدا دەبن، هەروەها پەیوەندیمان بە دەستەی پەروەردەوە فێرکردنەوە کردووە بۆ پەروەردەکردنی ئەو منداڵانە و گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانەکانیان چونکە منداڵێکی زۆر هەیە کە تەمەنیان گەورەیەو نازانن چۆن بخوێنن یان بنووسن، هەروەها پڕۆژەیەکی ترمان لەم نێوەندەدا هەیە بۆ بەهێزکردنی پیشەی منداڵان لەڕووی هونەری و کۆمەڵایەتییەوە".

 

گێوین محەمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "داهاتوومان منداڵان دروستی دەکەن، بۆیە پێویستە وریا بین کە ئەم منداڵانە لەسەر بنەمایەکی ئەخلاقی و تەندروست ڕابوەستن".