تاڵیبان و کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان

ئاسمان تاریک، زەوی گەرم، شەقامەکان چۆڵ، زەوییە کشتوکاڵییەکان زەرد و بێ ڕەنگ، دوکانەکان داخراو، ماڵەکانیشن شینوڕۆ و خەمگین...

 

پەروانە کبریت

کابول- ئەفغانستان گەڕایەوە بۆ پێش سەد ساڵ، ئەو ساڵانەی کە ژیان مەترسیدار بوو، هەموو کەسێک ڕادەکات و کۆچ دەکەن، ژنانیش بەتەنها لە ماڵەکاندا دەمێننەوە.

 

تاڵیبان لە دژی پێوەرەکانی گفتوگۆی ئاشتی نێوان ئەفغانییەکان، دەستیکردووە بە داگیرکاری، توندوتیژی و یاسا چەوسێنەرەکان لەو وڵاتەدا جێبەجێدەکات، جگە لە داگیرکردنی شوێن و کەسانی سەر بە دەوڵەت، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە سوپادا بەشداریان کردووە، ئاگریشیان لە شوێنی ژنان بەرداوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، ئەگەر ژنان نەگەڕێننەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، کەشوهەوایەکی ترسناک دروستدەکات کە ژنان نەوێرن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

 

تاڵیبان ژیانی لە هەموو کەسێک کردووەتە دۆزەخ

سارنەوال نوریە، ژنێکی چالاکوانی شاری نیمروس، کە یەکێکە لەو شارانەی بەتەواوی لەلایەن تاڵیبانەوە داگیرکراوە، سەبارەت بە دۆخی شارەکەی وتی: ژیان بۆ هەموو هاوڵاتیان و بەتایبەت کارمەندانی دەوڵەت زۆر زەحمەت بووە، ماڵەکان تاڵان دەکەن و ئاگر لە شوێنی تایبەت بە ژنان بەردەدەن و ڕێگری دەکەن، ژنانی کارمەندی دەوڵەت و شوێنە ئەهلییەکان ناتوانن لە ماڵ دەربچن بۆ شوێنی کارەکانیان.

 

سارنەوال ئاماژەی بەوەشدا کە تا ئێستا تاڵیبان هیچ بەیاننامەیەکی دەربارەی کارکردنی ژنان نییە، تەنها هەوڵ دەدەن ژنان لەسەر کار دووربخەنەوە، هەندێک لە کارمەندانی دەوڵەت وەک شارەوانییەکان خۆیان تەسلیمی تاڵیبان کردووە، بەڵام بە بێ کارمەندە ژنەکان، لە نەخۆشخانەکاندا تەنها پزیشکی ژن و منداڵ بوون لەسەر کار ماونەتەوە، کلینکەکانیش ماونەتەوە و دەبێت ژنان تێیدا لەچک و نیقاب بکەن.

 

سەرنەوال ئاماژەی بە هاتنی تاڵیبان و مەترسییەکانی سەر ژنان دا و وتیشی: ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە پاریزگاری لە ژنان و گەلی مەزڵوم بکەین، بەیەکەوەش زاڵم و تاوانباران ئیدانە بکەین، بەڵام ئەمڕۆ ماڵەکانی ئێمەش بۆمان پارێزراو نییە، بە وتنی "ئێوە دەکوژرێن" ئاگادار کراوینەتەوە، بۆیە ئێستا ئێمە لە ماڵی خەڵکدا دەمێنیتەوە.

 

مەترسییەکانی سەر ژنان لە ئاستێکی باڵادایە، کە تەنها دەستگرتن بەسەر دەسەڵات و ناوەندەکانی حکومەت و کوشتنی خەڵکی بێتاوان نییە، تاڵیبان لەو پارێزگایانەی دەستی بەسەردا گیراوە، نامیلکەیان بڵاوکردووەتەوە و هانی خەڵکی دەدەن کە کچە گەنجەکانیان لە سەروو تەمەنی ١٥ ساڵ و ژنانی خوار تەمەن ٤٥ ساڵ کە شوویان نەکردووە، ڕادەستی موجاهیدینی تاڵیبان بکەن تا هاوسەرگیری ئایینی (نکاح شرعی)یان پێبکەن.

 

مەستورەی ٣٥ ساڵ، لەگەڵ هاوژینە بەتەمەکەی و ٥ کوڕ و کچێکی ٩ ساڵیدا کۆچبەری کابول بوون بەهۆی ئەوەی ماڵەکەیان بە هاوەن وێران کراوە، مەستورە لەسەر دۆخی خۆیان ئاماژەی بەوەدا: تەنها لەبەر کچە بچوکەکەم ماڵەکەمان بەجێهێشت، من شایەتم ژنی دراوسێکەمان کە پێنج ساڵ بوو هاوژینەکەی لەدەستدابوو، بە خۆی و سێ منداڵییەوە تاڵیبان بردی، لە ترسی منداڵەکانم من ماڵەکەمم بەجێهێشت.

 

شەبانە، دایکێکی دیکەیە کە بەهۆی تۆپبارانکردنی شارەکەیان بەناوی کەندزێ، بەرەو کابول ئاوارەبوون، سەبارەت بە ژیانی وتی: شارەکەمانیان ئاگر باران کرد، کاتێک تاڵیبان "جیهادی نیکاحی" ڕاگەیاند، کچە ٧ ساڵانەکەم ناردە ماڵی دایکم لە ترسا، تاڵیبان بە سەربەستی چەک هەڵدەگرن و بە ماتۆڕ بە ماڵ و شەقامەکاندا دەگەڕێن، کەسانی سەربە دەوڵەت دەکوژن وکچی جوان بۆخۆیان دەبەن و مارەی دەکەن.

 

ئەو دایکە دەشڵێت: دوو ڕۆژە هاتووینەتە کابول، لە پارکدا دەمێنیتەوە، کەس نییە بە هاوارمان بێت، هاوژین و کوڕەکەم پێش ئەوەی تاڵیبان بێتە شارەکامان گیانیان لەدەستدا، ئەمجارەش ماڵ و هەموو شتێکم لەدەستچوو.

 

شەبانە بە گریانەوە باس لە كچەکەی دەکات کە تازە هاوسەرگیری کردووە و پارەیان نەبووە شارەکە بەجێبهێڵن و بچنە کابول، دەشڵێت: "هەمیشە بیرم لەلای کچەکەمە، پاروویەک نان بە قورگمدا ناچێتە خوارەوە".

 

ت.پ