تاوانبارکردنی ژنان دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ئازاردانیان

لە جەزائیر ئازاردانی ژنان لە گواستنەوە گشتییەکاندا زیاد دەکات، بزووتنەوە فێمینیستییەکانیش بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، داوای سزادانی تاوانباران و هەڵوەشاندنەوەی بنەمای لێبووردن لە ژنانیان کردووە؛ چونکە بە باوەڕی ئەوان ئەم بنەمایە دەبێتە هۆی سزانەدانی تاوانباران.

ڕابیعە خورەیس

 

جەزائیر –ئازاردانی سێکسی ژنان لە گواستنەوە گشتییەکاندا چیتر ڕووداوێکی تاک نییە، بەڵکوو بووەتە کێشەیەک کە هەڕەشە لە ژیانی ڕۆژانەی ژنان دەکات. ئەو ڤیدیۆ و زانیارییانەی لە تۆڕە دیجیتاڵییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، ئاشکرای دەکەن کە ژنان لە ئازاردانی زارەکییەوە تا ئازاردانی جەستەیی ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبنەوە. بزووتنەوە فێمینیستییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، داوای کۆتاییهێنان بە کەلتووری بێدەنگی و ئاساییبوونی توندوتیژییان کردووە.

 

ئەو ڕووداوەی لە پاسێکدا لە ناوچەی عەین ناعجە ڕوویدا، یەکێکە لە نموونە دیارەکانی ئازاردانی سێکسی لە شوێن و گواستنەوە گشتییەکاندا. بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕە دیجیتاڵییەکاندا، کە لەلایەن ژنێکی گەنجەوە تۆمار کرابوو و ئازاردانی ژنێکی گەشتیاری پیشان دەدا، بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی فراوان. هەروەها، بەڵگەی ئەوە هەیە کە لە مانگی ئەیلولی ڕابردووشدا، ژنێک لە کاتی سەفەرکردن بە پاسێکی گشتیدا لەلایەن پیاوێکەوە ئازار دراوە.

 

ئازاردان؛ دیاردەیەک کە بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە

ڕووداوەکانی ئازاردان تەنها لە شوێنێکی دیاریکراودا ڕوونادەن. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە دیجیتاڵییەکاندا بڵاو بووەوە کە ژنێک لە پاسێکی گشتیدا و لەبەرچاوی کەسانی دیکە ئازار دەدرێت.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەمنییەتی جەزائیر و ناوەندی نیشتمانیی تەندروستیی گشتی، زیاتر لە ٨٠٪ی ڕووداوەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ناو خێزان یان شوێنە تایبەتییەکاندا ڕوودەدەن. لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە جەزائیریش دەگرنەوە، پیشان دەدەن تەنها ١٠٪ی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ڕووداوەکانیان ڕادەگەیەنن. هەروەها، هەندێک ژن بەهۆی فشارە کۆمەڵایەتییەکان، کێشە ئابوورییەکان یان لاوازیی دەروونییەوە، واز لە ڕێکارە یاساییەکان دەهێنن.

 

ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی بزووتنەوەی فێمینیستیی سەربەخۆی «TBD Algeria» ئاماژە بەوە دەکەن کە ئازاردانی سێکسی لە کۆمەڵگەی جەزائیر بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی و بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی ژنانە. داتاکانی ئەم بزووتنەوەیە پیشان دەدەن کە:

٣٠.٦٪ی ژنان هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی ئازاردان دەبنەوە.

٢٣.٣٪ی ژنان لە ڕۆژێکدا زیاتر لە جارێک ئازار دەدرێن.

٢٨٪ی ژنان لانیکەم هەفتەی جارێک ئازار دەدرێن.

١٢.١٪ی ژنان مانگی جارێک و ١١٪یش ساڵی جارێک ڕووبەڕووی ئازاردان دەبنەوە.

 

کاریگەرییە دەروونییەکانی ئازاردان

ڕیم بن بێلاییش، دەروونناسی، ڕووناکی دەخاتە سەر میکانیزمە دەروونییەکانی ئەو کەسانەی ئازاردان ئەنجام دەدەن. بەپێی بۆچوونی ئەو، تاوانبار ژن وەک مرۆڤێک نابینێت کە هەست و مافی خۆی هەیە، بەڵکوو وەک ئامرازێک سەیری دەکات. ئەم شێوازەی بیرکردنەوەش ڕێگە بە تاوانبار دەدات کە هاوسۆزی بەرامبەر ژن نەنوێنێت و هەستی تاوانباریش نەکات.

 

ڕیم بن بێلاییش ئاماژە بەوە دەکات کە قەرەباڵغیی گواستنەوە گشتییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی ئەم کێشەیە، و دەڵێت: «کاتێک خەڵک لە ناو قەرەباڵغیدان، هەستی بەرپرسیارێتیی تاکەکەسییان لاواز دەبێت و لە چاودێریکردنی ڕەفتاری خۆیاندا کەمتر هۆشیار دەبن. لە بارودۆخێکی وەهادا، تاوانبار دەتوانێت بێدەنگی یان بێجووڵەیی گەشتیارانی دیکە بە ڕەزامەندیی بێدەنگ یان بێباکی لێکبداتەوە و سوود لەم بارودۆخە وەربگرێت و دەست بە ئازاردان بکات.

 

ئەم دەروونناسە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو ژنانەی ڕۆژانە بە گواستنەوە گشتییەکان سەفەر دەکەن، بەهۆی ئازاردانەوە ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی درێژخایەن دەبنەوە، و دەڵێت: کاریگەریی ئازاردان تەنها بە ساتی ڕووداوەکە سنووردار نابێت. ئازاردان دەتوانێت ببێتە هۆی هۆشیارییەکی زۆر و بەردەوام و نیشانەکانی فشارە دەروونییەکانی دوای تروما. پێویستی ژنان بە چاودێریکردنی بەردەوامی دەوروبەریان لە ماوەی تەواوی سەفەرەکەدا، نیگەرانی و ماندووبوونی دەروونییان زیاد دەکات. هەندێک ژن لە شوێنە قەرەباڵغ یان داخراوەکاندا هەست بە ترس دەکەن. ئەم بارودۆخەش دەتوانێت ناچاریان بکات ڕێگای سەفەری ڕۆژانەیان بگۆڕن، زیاتر گواستنەوەی تایبەتی بەکاربهێنن و پارەی زیاتر خەرج بکەن، یان بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسیی ئەم جۆرە ڕووداوانە، واز لە کار و خوێندن بهێنن.

 

دەبێت لە دژی ئازاردان، کاری کەلتووری و دەروونی بکرێت

ڕیم بن بێلاییش لە بەردەوامیی قسەکانیدا دەڵێت: کێشەکە تەنها بە کاریگەرییە دەروونییەکانی سەر ژنانی ئازاردراو سنووردار نییە، بەڵکوو کۆمەڵگەش ڕۆڵێکی گرنگ لە بەردەوامبوونی ئازارداندا دەگێڕێت. ئەو دەڵێت کەلتووری تاوانبارکردنی ژنان دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەفتاری کەسانی ئازاردەر ڕەوا ببینرێت. پەیوەستکردنی ئازاردان بە جلوبەرگی ژن یان کاتی دەرچوونی لە ماڵەوە، ڕێگە بە ئازاردەر دەدات کردارەکانی خۆی پاساو بدات و بەرپرسیارێتی بخاتە سەر شانی ژن. ئەم شێوازەی بیرکردنەوە ژنان ناچار دەکات بەهۆی ترسی شەرمەزارکردنی کۆمەڵایەتی، بێدەنگ بمێننەوە. ئەم بێدەنگییەش ڕێگە بە ئازاردەران دەدات لە سزادان ڕابکەن و کردارەکانیان بەردەوام بکەن.

 

ڕیم بن بێلاییش دەڵێت، تێکۆشان دژی ئازاردان نابێت تەنها بە ڕێکارە ئەمنییەکان سنووردار بێت، و دەڵێت: دەبێت بە مەبەستی گۆڕینی تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییەکان، کاری کەلتووری و دەروونی ئەنجام بدرێت. دەبێت بیرکردنەوەی تاوانبارکردنی ژنان جێبهێڵرێت و کەسانی دەوروبەر و گەشتیارانی دیکە بۆ پێشگرتن بە ئازاردان، پشتیوانی و هاوپشتی نیشان بدەن.

 

ڕێکخراوە فێمینیستییەکان داوای چاکسازیی یاسایی دەکەن

لە جەزائیر، بزووتنەوە و کۆمەڵە فێمینیستییەکان داوای جێبەجێکردنی کاریگەری یاساکانی دژ بە ئازاردان و زیادکردنی سزا بۆ تاوانباران دەکەن. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانیان هەروەها کۆتاییهێنانە بە بنەمای لێبووردنکە ڕێگە بە ڕاگرتنی دۆسیە یاساییەکان دژی تاوانباران دەدات. ئامانجی ئەم گۆڕانکارییە کەمکردنەوەی ئەو فشارە کۆمەڵایەتییەیە کە زۆرجار لەسەر ژنان دەخرێتەوە بۆ ئەوەی سکاڵاکانیان بکێشنەوە.

 

هەروەها، کۆمەڵەکان داوای دەرکردنی یاسایەکی چوارچێوەیی و گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز دەکەن. ئەوان هەروەها داوای دابینکردنی شوێن و مەرجی کاری سەلامەت دەکەن کە ژنان لە ئازاردان بپارێزێت، لەگەڵ بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابووریی ژنان.

 

جەخت لەوە دەکرێتەوە کە بەهێزکردنی ئابووریی ژنان یەکێکە لە میکانیزمە بنەڕەتییەکانی پاراستنیان؛ چونکە ئەمە ڕێگەیان پێدەدات بەرامبەر توندوتیژی بوەستنەوە و ڕووداوەکانیان ڕابگەیەنن.