سوەیدا لە دڵی ململانێی ناوچەییدا: لە یادەوەری بەرخۆدانەوە بۆ ئاڵەنگاری بەرگری ناوخۆیی

سوەیدا لەبەردەم ساتێکی سەرەکیدایە لە مێژووی خۆیدا، لە ژێر ڕۆشنایی کاردانەوەی ڕووداوەکانی تەمووزی ٢٠٢٥، دابەزینی متمانە بە حکومەتی کاتی و پەرەسەندنی دەستوەردانەکانی ناوچەیی، دیمەنی ئەمنی و سیاسی خۆی لە قاڵب داوە.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا – سوەیدا تەنها ناوچەیەک نییە لە باشووری سووریا، بەڵکو ناوچەیەکی جوگرافییە کە ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا لە بەرخۆدان لە دژی داگیرکاری و دەستدرێژیەکان، لەناو گۆڕانکارییە قووڵەکانی ئەمنی و سیاسیدا، لە قاڵب دراوە.

 

بەڵام لاوازی ناوچەیی بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە لە دوای کۆمەڵکوژییەکانی مانگی تەمموزی ٢٠٢٥، بەهۆی هەڵکەوتەی سنووری و گرنگی ستراتیژی لە باشووری سووریا، سوەیدا بووەتە خاڵی سەرەکی بۆ لێکنزیکبوونەوەی بەرژەوەندی و خواستەکانی چەندین زلهێزی ناوچەیی، بەم شێوەیە هەڵکەوتەی جوگرافیای کە لە مێژوودا بەشداری کردووە لە گۆشەگیری و پاراستنیدا، بووەتە سەرچاوەیەکی زیاتر بۆ فشار و دەستێوەردانەکانی دەرەکی لە نێوان پەرەسەندنی کێبڕکێی ناوچەیی بۆ کاریگەری لە ناوچەکەدا.

 

ڕیم شوفی، چالاکوانی مەدەنی وتی: زەوییە ناڕێکەکانی شاخەکە لە مێژوودا بەشداریی لە پتەوکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا کردووە و ناوچەکەی زیاتر خۆڕاگری لە بەرامبەر هێزە دەرەکییەکاندا کردووە، پێی وایە ئەم یەکگرتووییە بەرهەمی ڕووداوەکانی ئەم دواییە نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکانی بەرخۆدان لە دژی عوسمانییەکان و دواتر داگیرکارییەکانی فەرەنسا.

 

شۆڕشی گەورەی سووریا لە ساڵی ١٩٢٥ بە سەرۆکایەتی سوڵتان پاشا عەترەش لە سوەیدا دەستی پێکرد پێش ئەوەی بۆ ناوچەکانی تری سووریا بڵاوبێتەوە و تا ساڵی ١٩٢٧ بەردەوام بوو، داگیرکاری فەرەنسا هەوڵیدا قەوارەیەکی جیاواز بە ناوی "دەوڵەتی جبل دروز" دابمەزرێنێت، بەڵام ڕەتکردنەوەی جیابوونەوە لە سووریا پێگەیەکی پتەو بوو لە نێوان بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچەکەدا.

 

هەروەها سوەیدا پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ زۆرێک لە سوورییەکان لە ناوچەکانی دیکە کە ڕووبەڕووی سەرکوت و گۆشەگیری بوون لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە، ئەمەش پەناگەی بۆیان لە دەستبەسەرکردن و هەراسانکردنی ئەمنی دابین کرد.

 

یادەوەرییەک لە بەرخۆدانی نەشکاو

شوناسی سیاسی سوەیدا لەسەر بنەمای مێژوویەکی دوورودرێژی بەرخۆدان لە دژی داگیرکاری و دەستدرێژیەکان دامەزراوە، لە یادەوەری خۆجێییدا، چیاکە هەرگیز ناوچەیەکی دابڕاو لە ناو سووریادا نەبووە، بەڵکو یەکێکە لەو ناوەندانەی کە ناوەکەی هاوواتای بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و بەرگریکردن لە یەکگرتوویی وڵاتەکەیە.

 

بەڵام ئەم مێژووە نەیتوانی ڕێگری لە هێرشی دووبارە بۆ سەر ناوچەکە بکات لە دەیەکانی دواتردا، ڕیم شوفی ئاماژە بەو قۆناغانە دەکات کە بە گرژی و ڕووبەڕووبوونەوە لە سەردەمی حوکمڕانی ئەدیب شیشەکلی، پاشان لە سەردەمی حافز ئەسەد و بەشار ئەسەد، کە بە هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٨دا گەیشتە لوتکە.

 

لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٥، سوەیدا تووشی هێرش و کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوان بوو کە پەڵەی قووڵی بەجێهێشت و هێنانە پێشەوەی پرسی توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی دانیشتوانی ناوچەکە و قووڵکردنەوەی قەیرانی متمانە لە نێوان سوەیدا و حکومەتی کاتی سووریا، ڕیم شوفی وتی: ڕووداوەکانی مانگی تەمموز خاڵی وەرچەرخانی پێکهێنا، بەو پێیەی خەڵکی ناوچەکە بۆ جارێکی دیکە خۆیان بینیەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی بەرفراوان بوونەتەوە، لەکاتێکدا ناچاربوون پشت بە هێزە ناوخۆییەکانیان ببەستن بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکە.

 

شوێنێکی ستراتیژی بوو بە سەرچاوەی نیگەرانی

سەرەڕای پێگەی گرنگی جوگرافیای سوەیدا، ڕیم شوفی باس لەوە دەکات، کە ناوچەکە دەیان ساڵە بەدەست پەراوێزخستنی ئابووری و سیاسییەوە دەناڵێنێت و شایەتحاڵی پڕۆژەی ئابووری گەورەی هاوتا لەگەڵ شوێن و تواناکانیدا نەبووە.

 

ئاماژە بە نەبوونی دەروازەیەکی سنووریی فەرمی لەگەڵ ئوردن دەکات، سەرەڕای نزیکیی جوگرافی، ئەمەش وایکردووە سنووری باشوور ببێتە ناوچەیەکی ئەمنی لاواز و سەرچاوەیەکی بەردەوامی نیگەرانی، تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە تایبەتی لە دوای شەڕی سووریاوە پەرەی سەندووە، ئەمەش وایکردووە باشووری سوریا بەشێک بێت لە پرسێکی ئەمنی ناوچەیی زۆر هەستیار ڕایدەگەیەنێت، نەبوونی کۆنترۆڵی ئەمنی کاریگەر بووەتە هۆی ئەوەی قاچاخچێتی لە ناوچەی سوەیدا بە تایبەت لە ناوچەی شەعب و ناوچە بەدەوینییەکان زیاتر ببێت.

 

باشووری سووریا لە دڵی ململانێی بەرژەوەندییەکان

ڕیم شوفی تەنها وەک بابەتێکی ناوخۆی سووریا سەیری دۆخی سوەیدا ناکات، بەڵکو لە چوارچێوەی ململانێیەکی بەرفراوانتری ناوچەییدا دادەنێت، پێی وایە ئیسرائیل باشووری سووریا بە ناوچەیەکی گرنگی ستراتیژی دەزانێت و بەرژەوەندییەکانی پەیوەست بە ڕێگریکردن لە گەیشتن بە هێزەکانی هەتەشە بۆ ناوچەکانی نزیک سنوورەکانی هەیە.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئیسرائیل لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەوڵی داوە کاریگەری لەسەر دیمەنی باشوور دروست بکات، لەنێویاندا پاڵنانی ڕێکخستنەکانی پەیوەست بە چەک لە دەرعا و قونەیترە، وتی: دوای ڕووداوەکانی مانگی تەمموز، ئیسرائیل هەوڵیدا ڕای گشتی ناوخۆیی لە سوەیدا بەدەستبهێنێت، بەشێک لەو پشتیوانییەی کە گەیشتە خەڵکی ناوچەکە لە کۆمەڵگەی دروز لە ئیسرائیلەوە بوو، ئەو ئەم پشتیوانییەی بە گرنگ زانی بۆ ڕێگریکردن لە زیانەکانی زیاتر، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستێوەردانی ئیسرائیل تەنها بەهۆی هاودەنگیەوە نییە، بەڵکو بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسی و ئەمنی و هەڵبژاردن و ناوچەییە فراوانترەکانەوە بووە.

 

لە داواکارییە ناوخۆییەکانەوە تا پرسی سووریا

لە "مەیدانی کەرامەت"ەوە داواکارییەکانی پەیوەست بە پرسە فراوانەکانی سووریا سەریان هەڵدا، لەوانە بانگەواز بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر ناوچەکانی سووریا، بە تایبەتی گەمارۆدانی کامپی ڕوکبان و شارۆچکەی زەکیا، جگە لە داواکارییە سیاسی و مافەکانی مرۆڤ و ئابووری، بەڵام ڕووداوەکانی مانگی تەمموز خاڵی وەرچەرخانێکی لە پەیوەندییەکانی سوەیدا لەگەڵ دیمەشقدا بەدیهێنا.

 

ڕیم شوفی وتی ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە ناوچەکەدا شاهیدی بوون، بووە هۆی داڕمانی ئەو متمانەیەی کە کەمێک بە دەسەڵاتی نوێ مابووەوە و درزەکەی نێوان ئەو دەسەڵاتە نوێیە و کۆمەڵگەی ناوچەکە فراوانتر کرد، دوای ڕووداوەکان، سوەیدا خۆی لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردا بینیەوە کە کاریگەری لەسەر خواردن و ئاو و کارەبا هەبوو، لەکاتێکدا نزیکەی دوو هەفتەی خایاند تا ئینتەرنێت گەڕێنرایەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێوشوێنانەی حکومەتی کاتی دوای ڕووداوەکان گرتەیەبەر، سوەیدایان وەک لایەنی بەرپرسیار مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، هەرچەندە ڕووداوەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە هێرشەکە لە دەرەوەی دەستیپێکردووە و دانیشتووانەکە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان ڕەفتاریان کردووە.

 

ڕەتکردنەوەی دانوستان لەگەڵ حکومەت

ڕیم شوفی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕووداوەکانی مانگی تەمموز ڕاستیەکی نوێی دروستکرد کە دانوستان لەگەڵ حکومەتی کاتی بۆ کۆمەڵگەی ناوخۆیی لە پرسیار دەرچوو، لەدەستدانی متمانە چیتر پەیوەندی بە ناکۆکییەکی سیاسی تێپەڕبووەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بە پێشێلکارییە بەربڵاوەکان دادەنرێت کە لە کاتی ڕووداوەکانی مانگی تەمموزدا ئەنجامدراون و دواتر ڕێوشوێنە سزاییەکان و گەمارۆدان و بڕیارەکان کە کاریگەرییان لەسەر لایەنە بنەڕەتییەکانی ژیانی دانیشتووان هەبووە.

 

بەڵام ڕەتکردنەوەی دانوستان بە واتای وازهێنان لەو مافانە نییە کە بڕیارە دەوڵەت بۆ خەڵکی خۆی مسۆگەری بکات، پرسی پەروەردە لە نێو دۆخی ئەمنی و گرژی و هاندانی خێڵەکیدا وەک نموونەیەکی ڕوون بۆ گەورەیی قەیرانەکە دەردەکەوێت، وتی: هەندێک لە خوێندکاران دوو ساڵی خوێندنیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا داهاتووی زۆرێک لە خوێندکارانی دیکەش بە نادیاری ماوەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی گواستنەوەی تاقیکردنەوەکان بۆ دەرەوەی سوەیدا بووەتە هۆی ئەوەی خوێندکاران و خێزانەکانیان بەرەوڕووی مەترسی و فشاری زیاتر ببنەوە.

 

ژنان... ڕووخساری تری ڕووبەڕووبوونەوەکە

وتیشی: بەشداری ژنان لە قەیرانەکاندا دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو لە یادەوەری ناوخۆییدا درێژدەبێتەوە بۆ بەرخۆدان لە دژی داگیرکاری فەرەنسا، کاتێک ژنان ڕۆڵیان هەبوو لە پشتیوانیکردنی پیاوان و کۆمەڵگە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا.

 

بەرگری ناوخۆیی... لە پێویستییەوە بۆ ناسنامە

ڕەنگە دیارترین گۆڕانکاری کە لەم ساڵانەی دواییدا هاتبێتە ئاراوە، گۆڕینی چەمکی بەرگری ناوخۆیی بێت لە ڕێوشوێنێکی ئەمنی کاتییەوە بۆ توخمێکی بنەڕەتی ناسنامەی کۆمەڵایەتی، لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی فەرەنساوە تا ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ساڵی ٢٠١٨ و تا ڕووداوەکانی تەمموزی ٢٠١٥، دانیشتووان بەردەوام هاودەنگی ناوخۆیییان وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی شاخەکە سەیر کردووە.

 

ڕیم شوفی وتی: پێکهێنانی "پاسەوانی نیشتمانی" لەم چوارچێوەیەدا هاتە ئاراوە، وەک وەڵامێک بۆ پێداویستییە ئەمنییەکان و پێویستی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی خۆی لە ژێر ڕۆشنایی کەمبوونەوەی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان.

 

بەڵام ڕووداوەکانی مانگی تەمموز ئەم ڕەوتەیان قووڵتر کردەوە. بۆ زۆر کەس، بەرگری ناوخۆیی چیتر تەنها وەڵامێک نییە بۆ هەڕەشەیەکی دەرەکی، بەڵکو پەیوەست بووە بە داڕمانی متمانە بە حکومەتی کاتیەوە. لە سەردەمی بەرخۆدان لەدژی داگیرکەری فەرەنسی تا ئەمڕۆ، شاخ بۆ گەلەکەی کەشی بەرگری لەخۆی ماوەتەوە، بەڵام ئەوەی لەدوای مانگی تەمموزەوە گۆڕا ئەوەیە کە ئەم بەرگرییە چیتر تەنها بژاردەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە یادەوەری و ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی سوەیدا.