سوەیدا... خراپبوونی باری ئابووری ئازاری ژنانی ئاوارە زیاتر دەکات

ژنان لە بەشە جیاوازەکانی سووریاوە بۆ سەلامەتی و سەقامگیری هەڵهاتوون بۆ شاری سوەیدا، بەڵام تێیدا دەرفەتی کار کەمن بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی شارەکە ئەزموونی دەکات.

 

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- بۆ ڕزگاربوون لە بۆردومان و برسێتی، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕۆیشتن بۆ شاری سوەیدا، وایانزانی کە ئەو قەیرانەی ١٣ ساڵە بەردەوامە لەوێ کاریگەری کەمترە، بەڵام قەیرانی ئابووری لە شاری سوەیدا ئازاری ئەو ئاوارانەی زیاد کردووە، ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی زەحمەتی دەستگەیشتن بە چاودێری پێویست دەبنەوە و منداڵانی کچ لە خوێندن بێبەش بوون.

 

جازی ئەبو سەعدی، ژنێکی ئاوارە لە شاری حەسەکە لە پارێزگای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەی بەوەکرد، منداڵەکانی ناچارکراون واز لە خوێندن بهێنن بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن لە ڕزگارکردنی خەرجییە زۆرەکانی ژیان، چونکە ئەوان کارێکی قورس دەکەن وەک گواستنەوەی بەرد و ڕاکێشانی لم، بەهۆی خراپی ئابوورییەوە ناتوانن کرێ دابین بکەن و لە چادرێکدا دەژین، بەتایبەتی لەو کاتەوەی کە کرێکان زۆر بەرز بوونەتەوە بەهۆی ئەو قەیرانە خنکێنەرەی کە سوەیدا ئەزموونی دەکات و هیچ ئامرازێکیان نییە بۆ گەرمکردنەوەو پاراستنیان لە ساردی زستان.

 

"یارمەتی ڕێکخراوە مرۆییەکان تەنها بۆ چەند ڕۆژێکە"

هەدیە حەمود، لە شاری دێرەزوورەوە ئاوارەبووە، ناچار بوو کەلوپەلەکانی خانووەکەی بفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ خێزانەکەی لەو بۆردومان و وێرانکارییە هەڵبێن، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی نەتوانینی بۆ دابینکردنی کرێی خانووە لە چادرێکدا دەژین، زۆر ئازار دەچێژێت بۆ دابینکردنی نرخی خۆراک بۆ منداڵەکانی، ڕێکخراوە مرۆییەکان یارمەتی پێشکەش دەکەن بەڵام تەنها بۆ چەند ڕۆژێکە.

 

لای خۆیەوە، حەلیمە خەڵەف ئەحمەد حسێن، کە خەڵکی شاری دێرەزوورە، وتی: لەگەڵ منداڵەکانم لە تۆپباران و نەبوونی خۆراک هەڵهاتووین دوای ئەوەی هاوژینەکەم لە ئەنجامی بۆردوماندا گیانی لەدەستدا بۆ سوەیدا هەڵاتم، لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و کارەکانی دیکەدا کارم کردووە بۆ ئەوەی بتوانم پێداویستییەکانی منداڵەکانم دابین بکەم، دوای ئەوەی ناچاربوون قوتابخانەکانیان بەجێبهێڵن بۆ یارمەتیدانی من، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی خوشکێکیان هەیە کە نەخۆشی هەیە و تێچوونی چارەسەرەکەی زۆرە.

 

"منداڵەکانم بە ناچاری وازیان لە قوتابخانە هێنا"

سارا ڕەمەزان محەمەد پشتڕاستی کردەوە کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەو تۆپبارانە قورسە دەرچووە کە کاریگەری لەسەر شارەکەی هەبووە و نەیتوانیوە هیچ شتێک لە ماڵەکەی لەگەڵ خۆی ببات، وتی: کاتێک گەیشتینە سویدا، منداڵەکانم ناچاربوون قوتابخانە بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتیم بدەن لە دابینکردنی پێداویستییەکانمان، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی باوکیان نەخۆشە، سەرەڕای ئەو هەراسانکردنە زۆرەی کە ڕووبەڕووی بووینەوە، بەڵام خۆمان گونجاند.

 

سەنا خەمیس بەهەمان شێوە لە شاری دێرەزوورەوە ڕووی لە سوەیدا کردووەو لە چادرێکدا دەژین کە زۆرێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان نییە، سەرەتا ناچاربوون بۆ ماوەی ٦ مانگ لەسەر زەوی بخەون، پاشان ژمارەیەک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان هەندێک پێداویستییاندابین کرد بەڵام هێشتا بەس نین، وتی: ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەم تووشی نەخۆشییەک بوون ناتوانن نرخی دەرمانە زۆرەکان بدەین و دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار بە کاروباری پەنابەران ئەو دەرمانانە دابین ناکەن.