سەنتەری گەشە، سەنتەرێک بۆ پاراستن و پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە هەڵەبجە
سەنتەری گەشە ماوەی ساڵێکە لە هەڵەبجە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە هەڵەبجە دەستیپێکردووە، سەر بە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان'ە، لە سەنتەرەکەدا کار لەسەر تواناکانی ژنان دەکرێت لە بواری ئابوری سەربەخۆ و پاراستنی ژنان لە توندوتیژی.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان ڕێکخراوی ناحکومییە لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە، ئەم ڕێکخراوە لەلایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە وەک کەسایەتییەکی مەعنەوی سەربەخۆ کارەکانی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەپەڕێنێت، سەنتەری گەشەش وەک بەشێک لە ڕێکخراوەکە ماوەی ساڵێکە لە هەڵەبجە دەستبەکار کردووە بۆ پارەپێدانی تواناکان و پاراستنی ژنان لە توندوتیژی.
پرۆژەی یەکسانی ڕەگەز و بەهێزکردنی ژنان لە پەیڕەوی گرنگی کارەکانیاندایە
هاژە ئەحمەد لێپرسراوی سەنتەری گەشە لە هەڵەبجە لە دیدارێکی تایبەتی ئاژانسی ژنهادا وتی: سەنتەری گەشە ماوەی ساڵێکە لە هەڵەبجە دەستی بەکارەکانی کردووە، سەنتەرەکە سەر بە ڕێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان-pdoیە کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە لەپێناو پەرەدان بە تواناکانی ژنان کاردەکات، ئۆفیسی سەرەکی لە سلێمانیە و مەبەستی کردنەوەی ئەم سەنتەرە لە هەڵەبجە لە چوارچێوەی پرۆژەی unfp بووە کە لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕانیە، کەلار و جەلەولا کاردەکات.
کارەکانی سەنتەری گەشە لە بواری پاراستن و پەرەپێدانی ژنانە
لێپرسراوی سەنتەری گەشە ئاماژەی بەوەدا: مەبەستمان لە پاراستن ئەوەیە ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی کێشە و توندوتیژی کۆمەڵایەتی، توشی کێشەی جێندەری و توندوتیژی دەروونی دەبنەوە لەسەر بنەمای جێندەری لە سەنتەرەکەمان توێژەری دەروونی هەیە بەبێ بەرامبەر هاوکاری دەروونی و یاسایی پێشکەش دەکەین، بەشی پەرەپێدان، پەرەپێدانی تواناکانی ژنانە کە چۆن فێربکرێن ئابوری سەربەخۆیان هەبێت و داهاتی ژیانی خۆیان دابینبکەن، ئەگەر لە ماڵەکەشیاندا بێت بتوانن خۆیان و خێزانیان بەڕێوەببەن.
ئەنجامدانی هۆشیاری یاسای بەشێکی ترە لە کارەکانی سەنتەرەکە
سەنتەری گەشە بەشێکی تری کارەکانی سیمینار و دانیشتنی ڕووبەڕووە لەگەڵ ژناندا، لە ڕووی یاسای و دەرونیەوە سەرجەم بابەتەکان دەیگەیەننە هاوڵاتیان و کەسانی بەرپرسیار لە هەڵەبجە و دەوروبەری.
بەڕێوەبەری سەنتەری گەشە بەگرنگیەوە باسی لە بەشێکی گرنگی سەنتەرەکە کرد و وتی: ئێمە بەشێکی تایبەتمان هەیە لە سەنتەرەکەمان کە پەیوەستە بەو کەسانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، لەلایەن توێژەری کۆمەڵایەتییەوە بە پارێزراوی کەیسەکەی دەمێنێتەوە، بە سیستەمی نهێنی ئەو کەسەش کە توندوتیژی بەرامبەرکراوە لەلایەن پزیشکی دەروونی یاخود پارێزەرەوە خۆیان دەیانگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار.
"کردنەوەی خول و دەستکەوتنی هەلی کار بۆ ژنان لە گرنگترین کارەکانمانن"
هاژە ئەحمەد بەرپرسی سەنتەری گەشە لە پارێزگای هەڵەبجە باسی لە کار و چالاکیەکانیان کرد بۆ ژنان: بەشی سەرەکی سەنتەرەکەمان ئەوەیە بەردەوام خولمان هەیە لە بوارە جیاوازەکانی وەک دروومان، شیرینی، دەستڕەنگینی، ئەتەمین و چەندین خولی دیکە، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە بوارێکدا کاربکەن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن، ئێمە خولەکانیان بۆ دەکەینەوە، لە کۆتایشدا پێنج کەس لە هەر بوارێکدا کارییان بۆ دەدۆزینەوە، یان بە ئۆنلاین هاوکاریان دەکەین ببنە خاوەن کاری خۆیان.
لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا کە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە ژنان لە ڕێگەی سەنتەرەکەوە توانیویانە کار بکەن و بۆشایی نەبوونی ژنان لە کاردا پڕ بکەینەوە وەک سەنتەرەکەشمان ئاسودەین لە کارکردن تا هاوکاری ژنان بکەین.
ت.پ