"شوێنە گشتییەکان لە خزمەتی ژنان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا دروست نەکراون"

دیزاینکردنی شوێنە گشتییەکان بە جۆرێکن پیاوان بەشداری باڵای تێدا دەکەن بەڵام ژنان بەهۆی نەگونجان و کلتورەوە هەست بە دەروونێکی ئارام ناکەن تێیدا، بۆ ئەمەش پێویست دەکات لە شوێنە گشتییەکان لە ڕووی دیزاینەوە سیاسەتی گشتگیر بگیرێتەبەر.

 

شنیار بایز

سلێمانی- دیزاینی باڵەخانەو شوێنە گشتییەکان بە جۆرێکن بۆ خزمەتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نین و هەروەها بۆ ژنان و منداڵانیش زۆر گونجاو نین، هەندێک باخ و شوێنی گشتی هەن ژنان کەمتر سەردانی دەکەن بەو پێیەی زیاتر گونجاون بۆ پیاوان، دواجار لە ڕووی نەریتیشەوە بونەتە شوێنی پیاوان.

 

ڕۆژین کەمال، مامۆستای زانکۆ بەشی ئەندازیاری تەلارسازی و پلانسازی شار، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری کلتوری دیجیتاڵی دەربارەی گونجانی شوێنە گشتییەکان بۆ ژنان و منداڵان هەروەها خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان بۆ نوژنها قسەیکرد.

 

"شوێنە گشتییەکان دیزاینێکی گشتگیریان نییە"

ڕۆژین کەمال دەربارەی دیزاینی شوێنە گشتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، دیزاینی گشتگیر واتە ئەو دیزاینەی بۆ شوێنە گشتییەکە دادەنرێت و شوێنەکەی لەسەر بونیاد دەنرێت پێویستە بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگا بێت بە ژن و منداڵیشەوە، شوێنەکە لایەنی فیزیکەڵی و پێداویستییەکانی چینە جیاوازەکان بکات بۆ نمونە ئەو شوێنانەی گشتیین دەبێت بە ڕووی گشت ڕەگەز و چینە جیاوازەکاندا گشتی بن، خێزان و ژن تیایدا ئاسودە بن ئەمەش لە ڕێی دەرخستنی سەلامەتی شوێنەکە، هەروەها هەبوونی ئەو پێداویستییانەی خێزان و ژنان هەروەها منداڵانیش پێویستیان پێیەتی.

 

وتیشی: "یەکێک لەو شوێنانەی گشتین بەڵام گونجاو نییە بۆ ژنان وەک بەردەرکی سەرا، هەرچەند سەنتەرەی بازاڕی شاری سلێمانییە بەڵام ژنان تیایدا نامێننەوە بەڵکو تەنها پیایدا دەڕۆن"، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ بوونی ئەو چالاکیانەی لەو شوێنەدا هەن وەک چایخانە، هۆکارێکی دیکەشی هەیە کە پیاوانن و بەهۆی بوونی زۆری پیاوانەوە لە شوێنەکە وای کردووە پیاو زیاتر لە خۆ بگرێت ژنان نامێننەوە تیایدا بە تایبەت کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمە کە بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالارییەوە مامەڵە دەکەن.

 

نەگونجاندنی شوێنە گشتییەکان بۆ ژنان ئەقڵیەتێکی کۆنە یاخود مەبەستە؟

ڕۆژین کەمال، ئاماژەی بەوەدا کاتێک بناغەی شوێنێک دادەنرێت بێگومان شێوازی دیزاینەکەشی بۆ دانراوە و پلانیشی بۆ دانراوە کە دەبێتە چ جۆرە شوێنێک، وە ئێستا هەندێک شوێن بوونەتە شوێنێکی گشتی و بۆ ژنانیش دەبن ئەوە تەنها ڕێکەوتێک بووە بەڵکو پلانی بۆ دانەنراوە بەو شێوەیە بێت، بۆیە لە بناغەو ئەو جێگایانە بە شێوەیەک دیزاین کراون کە گوێ بە ژنان و منداڵان نەدراوە، واتە بە مەبەست بەو شێوەیە دروستکراون.

 

باسی لەوەشکرد وشەی "گشتگیر" وشەیەکی نوێیە بۆیە پێویستەکان لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت کە کاتێک شوێنێکی گشتی دروست دەکەن لەسەر بناغەی گشتگیر دروستی بکەن و بەدواداچوونی بۆ بکەن ئەگەر بەو شێوەیە نەکرێت دەبێتە خەمساردی بەرامبەر چینی ژنان و منداڵان.

 

وتی: "ئەو بیرکردنەوەیە لای دیزاینەرانی کۆمەڵگای ئێمە ونە کە شوێن گشتی بکەن لە پێناو ژنان و پێداویستییەکانیان، یاخود هەندێک شوێن بە پێی کات دەبێتە گشتی و تایبەت بۆ نمونە هەندێک باخ هەن بە ڕۆژ ژنانیش سەردانی دەکەن بەڵام کە بوو بە شەو تەنها پیاوان سەردانی دەکەن بەڵام مۆڵەکان بە شێوازێک دیزاین کراون خێزان و ژنانیش بە شەو سەردانی دەکەن و ئاسودەن تیایداو هەست بە سەلامەتی دەکەن".

 

تا چەند بیر لە دۆخی دایکان کراوەتەوە لەو شوێنانەی گشتین؟

لە وەڵامدا ڕۆژین کەمال ڕوونیکردەوە کە بەهۆی ئەوەی لە شوێنە گشتییەکاندا بیر لەو دایکانە نەکراوەتە کە منداڵیان پێیە، کە پێویستیان بە شوێنی تایبەتە بۆ گۆڕینی منداڵ لە دۆخی لەناکاودا یاخود پێویستیان بە شوێنێکی یاریکردنە چونکە دواجار منداڵن ئەگەری ئەوەی هەیە بێزار بن لە شوێنەکە، کاتێک ئەو پێداویستیانە دابین بکرێت باشترە وەک ستراتیژی کارکردنیش بۆ خاوەن کارەکە، بۆیە دەتوانرێت بوترێت تا ڕادەیەکی کەم دۆخی ئەو ژنانە لەبەرچاو گیراوە.

 

وتیشی: "ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کەمتر خێزانەکان و ئەوانەی خاوەن منداڵن سەردانی شوێنە گشتییەکان بکەن"، لە سەر هەمان بابەت نمونەیەکی ئاماژەپێدا کە لە هندستان لێکۆڵینەوەیان کردووە بەهۆی ئەوەی دەستشۆری پاک نییە لەناو خوێندنگەکاندا بۆیە زۆرینەی ئەو خوێندکارانەی واز لە خوێندن دەهێنن کچانن و کێشەی دەستشۆریان هەیە لە کاتی سەڕی مانگانەدا.

 

هەروەها وتی: "پێویستە لە شوێنی کاردا دایەنگە هەبێت بۆ منداڵان، لە نەبوونی دایەنگەدا زەحمەتی بۆ کاری دایکەکە دروست دەکات بۆیە زۆرینەی هۆکارەکان بۆ قورسبوونی ئەرکی دایک لە کارکردندا نەبوونی دایەنگە یاخود شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەوەی منداڵەکانی تێدا دابنێت و هەست بە سەلامەتیان بکات، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی دایکان کەمتر کار بکەن".

 

"خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان یەکێکن لەو کەسانەی لەناو شوێنە گشتییەکاندا بیر لە دۆخیان نەکراوەتەوە"

ڕۆژین کەمال ئەوەشی خستەڕوو کە بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو باڵەخانەیەکی حکومیدا لە هەرێمی کوردستان دۆخی خاوەن پێداویستی تایبەت لەبەرچاو نەگیراوە، لەگەڵ ئەوەی بەشی زۆری باڵەخانەکان ئەسانسۆریان تێدا نییە بەڵام بە جۆرێکیش دروست نەکراون خاوەن پێداویستی تایبەت بتوانێ بگاتە قاتەکانی دیکەی باڵەخانەکە.

 

وتیشی: "هەر کەسێک بیەوێت تێبگات لە دۆخی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شوێنە گشتییەکان، پێویستە بۆ ماوەی یەک ڕۆژ خۆی بخاتە جێگای ئەوان دواجار لە دۆخیان تێدەگات، لە وڵاتانی دیکە ئەم دۆخانە لەبەرچاو گیراوە بەڵام لە هەرێمی کوردستان شەقام و ڕێگاوبان بە جۆرێکن کەسانی دیکەش بە ئاسایی ناتوانن بەسەریدا بڕۆن، بەڵکو دەبێت هەمیشە ئاگادار بن".

 

 

"کێشەکان کێشەی جدین و ناکرێت بە کەم سەیر بکرێن"

لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، کە ڕەنگە هەندێک کەس ئەم کێشانە بە کێشەی لاوەکی دابنێن بەڵام کاتیک چینێکی کۆمەڵگا داببڕێت لە کۆمەڵگا گەورەترین کێشەیە چونکە بەشداری نەکردنی ئەوان زیان لە لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووری وڵات دەدرێت.

 

وتیشی: "بۆ ئەمەش پێویستە نەک تەنها حکومەت بەڵکو بازرگانەکانیش بیر لەو کێشانە بکەنەوە لە کاتی دروستکردنی باڵەخانەیەک یاخود شوێنێکی گشتی، هەروەها لەبەرچاوگرتی ئەو دۆخانە لەکاتی دیزاینکردنی باڵەخانەکان بکرێتە سیاسەتێک و بێ بوونی ئەو سیاسەتە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە نەڕوات بەڕێوە، چونکە لە زۆر باڵەخانەدا ئەم کێشانە وەک سیاسەتێک پلانی بۆ دانراوە بەڵام جێبەجێ نەکراوە".