"ئەقڵیەتی کۆن و دابونەریت هێشتا لە کەرکوک و دەوروبەریدا بوونی هەیە"

ژنان لە هەندێک لە ناوچەکان لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەگەیشتوون بە ئازادی تەواو، ئەمەش وایکردووە نەبنە خاوەن داهاتی سەربەخۆی خۆیان و بەردەوام بەربەست و ڕێگریان بۆ دروست دەکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بە نزیکبوونەوە لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ئەگەر چاوێک بە دۆخی ژنان لە جیهان و باشووری کوردستاندا بخشێنین، دەبینین ژنان بە گشتی لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناویشیاندا باشووری کوردستان تا ئێستا ڕەوشیان لە ئاستی ویستی ژناندا نییە، بەڵکو ڕەوشی ژنان لە چەندین لاوە خراپتر بووە نەک باشتر، لەو ناوچانەی دوورە دەستن یاخود شارێکن بەڵام ئەقڵیەت و دابوونەریتی چەندین ساڵەی پیاوسالاری و کۆنەپەرستی تێدایە، وایکردووە ڕەوشی ژنان خراپتر ببێت، بەشێک لە ژنان تا ئێستاش دەناڵێنن بەدەست ئەو ئەقڵیەتەی لەو ناوچانەدا هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ هەیە بۆ بەرەوپێشچوونیان و گەیشتن بە ئازادی ژنان.

 

"تا ئێستا ڕەوشی ژنان لە ئاستێکی باشدا نییە"

دیمەن محەمەد، لێپرسراوی یەکێتی ژنانی کوردستان لقی کەرکوک، دەربارەی کارکردنی ژنان و دۆخی ژنان لە شاری کەرکوک و چەمچەماڵ ڕوونیکردەوە، بارودۆخەکە وادەکات کە ڕەوشی تاک و بەتایبەت ژنان لە ئاستێکی باشدا نەبێت، هەرچەندە لە مێژوەوە تا ئێستا ژنان خەبات دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ بەرەوپێشچوونیان، بەڵام هەر جارێک بە جۆرێک بەربەست بۆ ژنان و کۆمەڵگە دروست دەکرێت، ئەمەش وادەکات تاکەکان دووبارە پێشکەوتن بە خۆیانەوە نەبینن.

 

دیمەن محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، ژنان ئومێدیان هەبوو بەوەی ببینە هەرێمی سەربەخۆ و ڕەوشی ژنان بەرەوپێش دەچێت و توندوتیژی نامێنێت، بەڵام بە پێچەوانەوە لەگەڵ سەربەخۆ بوونی هەرێم، بەڵام هێشتا ڕەوشی ژنان لە ئاستی خراپدایە، وتی: ئەو کولتوور و دابونەریتەی لە کەرکوک و چەمچەماڵ و چەند ناوچەیەکی دیکە هەیە، لە سلێمانی و کۆمەڵێک شوێنی تر نییە، دەرفەتەکان بۆیان بەرتەسک ترە.
 

"گرنگە ژنان باوەڕیان بە پێشەنگایەتی ژن هەبێت"

دیمەن محەمەد باسی لەوەکرد، کە گرنگە ژنان باوەڕیان بە پێشەنگایەتی ژن هەبێت، لە مێژوەوە تا ئێستا لەو ناوچانەی ئەقڵیەتی کۆن و دابونەریت تیایاندا زاڵە، ژن پێشەنگایەتی نەکردووە، چونکە ڕێگەی پێنەدراوە بەڵام لە کەرکوک بۆ ئەمجاری هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ژنان پێشەنگایەتیان دەکرد و تیاشیدا سەرکەتوو بوون، چونکە باوەڕیان بە خۆیان و تواناکانیان بوون.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دیمەن محەمەد ڕوونیکردەوە، هەرچەندە ڕێگە بە ژنان نادرێت کار بکەن و پشت بە خۆیان ببەستن لەو ناوچانەدا، بەڵام خراپی دۆخی ئابووری وایکردووە ژنان لە ماڵەکانی خۆیانەوە کار بکەن و ئابووری سەربەخۆی خۆیان هەبێت، دەشڵێت: وەک چالاکوان هەمیشە کارمان کردووە بۆ ئەوەی ژنان بێنە دەرەوە، ئێستا وردە وردە هەوڵ دەدەن بێنە دەرەوە و لە پێشانگاکان و هەفتە بازاڕەکاندا کارەکانیان نیشانی هاوڵاتیان دەدەن و بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە.

 

"ویستی ژن، ژن دەگەیەنێتە لوتکە"

دیمەن محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، ناوچەی کەرکوک جیاوازە لە ناوچەکانی دیکە، بۆیە بەرەوپێشچوونی بەرچاویش بە خۆیەوە نابینێت، چونکە فرە مەزهەب و فرە ئاینە و قورسە گۆڕانکاری فکری تیایدا یاخود هەوڵدان بۆ ئازادبوونی ژن، کولتوور و دابونەریتی چەندین نەتەوە تێکەڵ بووە لەو ناوچەیەدا بۆیە ژنان بەرەوپێشچوونیان لاوازە، ئەمەشە وایکردووە ژنان لەو ناوچانەدا کار ناکەن و وەک پێویست پشتیان بە خۆیان نەبەستووە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گرنگترین خاڵ ویستی ژنە، پێویستە ژنان ویستی زۆریان هەبێت لە بوونی ئەرکی جیاواز سڵ نەکەنەوە، نەترسن لەوەی دەوروبەر بە چ شێوازێک باسیان دەکات و بەربەستیان بۆ دروست دەکات، بەڵکو هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ گەیشتین بە ویستەکانیان و لوتکە، ئومێدمان بەو ژنانە هەیە لە کەرکوک کە باوەڕیان بە کاری ئازادی سەربەخۆی خۆیانە.

 

"بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە کەرکوک و دەورەبەری پێویستە"

دیمەن محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، بەشێک لەو هاوژین یاخود باوک و برا بۆیە بەربەست بۆ ژن و کچەکانیان دروست دەکەن، چونکە متمانەیان بە خەڵکی ئەو ناوچەیە نییە، چونکە فرە نەتەوەن و لەوە سڵ دەکەنەوە لەکاتی کارکردن و چونە دەرەوەیاندا کێشەیان بۆ دروست بکەن و هێرش بکەنە سەریان، دەشڵێت: بۆ ئەوەی ئەم ئەقڵیەتە نەمێنێت وەک ژنانی چالاکوان بۆ هەموو ناوچە دوورە دەستەکان و سەنتەری شاری کەرکوکیش دەچین، تەنها لەپێناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان.

 

دیمەن محەمەد بە پێویستی دەزانێت دەسەڵاتی باڵادەست لە کەرکوک ژینگەیەک بۆ ژنان بڕەخسێنێت کە ژنان لەو ناوچەیە بتوانن بە ئازادانە کار بکەن، بەتایبەت ژنانی کورد، ببنە خاوەن مافەکانیان وەک ژنێک، لە کۆتاییدا وتی: هەرچەندە ڕەوشی ژنان لە ئاستێکی خراپدایە لە کەرکوک و چەمچەماڵ، بەڵام ژنان توانیویانە لەو ناوچانە بچنە کۆلێژ و پەیمانگاکان و بخوێنن، دواجار وەک ناوچە و شارەکانی دیکە بەهۆی بارودۆخەکەوە دانەمەزراون و بەشێکیان تەنها پشتیان بە کاری سەربەخۆی خۆیان بەستووە، بۆیە ئەوەی ئێستا بۆ ژنانی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە پێویستە، هەوڵدانە بۆ گەشتن بە ئازادی و ویستی خۆیان.