سێ ساڵ دوای ململانێ پەروەردە لە سودان چۆن بەرەوپێش دەچێت؟
دوای سێ ساڵ لە ململانێ، پەروەردە لە سودان ڕووبەڕووی ئاستەنگی بێوێنە دەبێتەوە کە کاریگەری لەسەر خوێندنگەکان و خوێندکاران و مامۆستایان هەیە، سەرەڕای وێرانبوون و ئاوارەبوون و پەکخستنی خزمەتگوزارییەکان، هەوڵەکان بۆ خۆڕاگری بەردەوامن.
ئایە ئیبراهیم
سودان- لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣، کەرتی پەروەردە لە سودان خۆی لە دڵی قەیرانێکی خنکێنەردا بینیەوە کە کاریگەری لەسەر ژێرخانی وڵاتەکە و مەترسی لەسەر داهاتووی سەدان هەزار خوێندکار دروستکردووە. خوێندکاران ڕووبەڕووی ڕاستیەکی سەخت بوونەتەوە کە سێبەری بەسەر گەشتە پەروەردەییەکەیاندا داناوەو ئاڵەنگاری بێوێنەی بۆ بەردەوامی پرۆسەی ئەکادیمی دروستکردووە.
سەرەڕای ئەم دۆخە پشێویە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری خوێندن و پاراستنی ڕێکوپێکی وانە خوێندن بەپێی ساڵنامەی خوێندنگەکان و مسۆگەرکردنی تاقیکردنەوەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا.
لە ١٣ی نیسان، ٥٦٠ هەزار خوێندکار دەستیان کرد بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی بڕوانامەی دەرچوون لە قۆناغی ناوەندی، کە شایستەی وەرگرتنی زانکۆ بوون، ئەمە سێیەم خولی تاقیکردنەوەیە کە لە دوای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە بەڕێوەدەچێت، کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەیە بۆ پاراستنی مافی خوێندکار بۆ خوێندن سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان.
”ئاڵەنگاری ململانێ و هەوڵەکانی خۆڕاگری”
سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەی خوێندن، مامۆستا ماریا ئەحمەد عوسمان وتی: کەرتی پەروەردە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووەتەوە بەهۆی ململانێکانی وڵاتەوە، هەروەها پچڕانی کارەبا لە دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندکاران و مامۆستایانە بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دەوروبەری دۆخەکە تاڕادەیەک باشترە، جەختی لەسەر توانای خوێندکاران کردەوە بۆ گونجاندن لەگەڵ ئەم ئاڵەنگاریانە و زاڵبوون بەسەریاندا.
بە ملیۆنان منداڵ لە مافی خوێندن بێبەش کراون، لە کاتێکدا هەزاران خوێندنگە وێران کراون یان کراون بە پەناگەی ئاوارەکان، پەروەردە لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەدا پەککەوتووە، ئەمەش وایکردووە چاودێرانی پرۆسەی خوێندن لە سودان لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە جەخت لەوە بکەنەوە، کە ئەو کەرتە "قەیرانێکی بێ وێنە" بەخۆیەوە دەبینێت. ئەم قەیرانە بە داڕمانی ژێرخانی پەروەردەیی و ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی ملیۆنان منداڵ لە خوێندنگەکان و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خوێندکاران و کەمی جێگرەوەکانی پەروەردەیی بەردەستە.
سەرەڕای ئەم ڕاستیە سەختە، ئەم چاودێرانە ئاماژە بە "هەوڵە جدییەکان بۆ خۆڕاگری و بەردەوامبوون" لە پرۆسەی پەروەردەیی دەکەن، هەوڵدەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵە نگاریەکان و پاراستنی ئەوەی کە دەتوانرێت لە مافی فێربوونی خوێندکاران ڕزگار بکرێت، خوێندکار ئیمتینان ئەحمەد محەمەد، کە ئەمساڵ توانی تاقیکردنەوەکانی بڕوانامە ئەنجام بدات، وتی: من و خێزانەکەم بەدوای پارێزراوی و پەروەردەدا لە شاری دارفۆری باکوور فاشرمان بەجێهێشت و لە کاتی ئاوارەبوونمان بۆ دەوڵەتی باکوور تووشی تاڵان و کوشتن بووین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی ململانێکانەوە نەیتوانیوە لە وەرزی پێش تاقیکردنەوەکان بەردەوام بێت لە خوێندن، ناچار بووە تاقیکردنەوەی بڕوانامەی ئامادەیی ئەنجام بدات، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە ئاوارە بوون، کە پەناگەیان پێ داوە و پشتیوانیان کردووە، ڤەڕێوبەرایەتی قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکردم و بەهۆی ئەوانەوە توانیم تاقیکردنەوەی بڕوانامە ئەنجامبدەم.
مامۆستا زەینەب محەمەد ساڵح وتی: پرۆسەی خوێندن لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت بووەتەوە بەهۆی ململانێکانەوە، کە ئێستا چووەتە ساڵی چوارەمی خۆیەوە، گەورەترین ئاڵەنگاری ناسەقامگیری دەروونی خوێندکارانە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی تاقیکردنەوەکان و ئامادەکارییان هەیە، سەرەڕای سەختییەکان، هەمووان ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و توانیویانە بەسەریاندا زاڵ بن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆلی دەرچووانی ساڵی ٢٠٢٤ زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بووە، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان لە ئاستێکی بەرزدا نەبووە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە پارێزگاکان نەیانتوانیوە بابەتەکە تەواو بکەن یان پەرتووکە پێویستەکان لە ماوەی ساڵەکەدا بگرێتەوە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کرداری خوێندکاران و ئاستی ئامادەکاری هەبووە.