داهاتووی گەنجان لە هەرێمی کوردستان بە هاوسەرگیرییەوە گرێدراوە

داهاتوی گەنج لە هەرێمی کوردستان کە بەهۆی سیستم و سیاسەتەوە ناڕون دەبیندرێت، بۆ ژنان جیاوازترە، چونکە تاکە ئامانج دەخرێتە هزریان هاوسەرگیری کردنە.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- بەدەر لەو بارودۆخە نەخوازراوە سیاسی و ئەمنیەی کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت و بووەتە هۆکارێک بۆ ناڕونی پاشەڕۆژ، گەنجان لە دوای تەواو کردنی خوێندن بێکار دەمێننەوەو هیچ ئامانجێک و هیوایەکیان بۆ داهاتوویان نییە، حکومەتی هەرێمیش بەو قەیرانە یەک لە دوا یەکانەی کە دروستی کردووە گەنجانی زیاتر بێهیوا کردووە، هەروەها كلتوری کۆمەڵگە بۆ هاوسەرگیری کردن گەنجانی ناچار بە هاوسەرگیری کردووەو ژنان پشکی یەکەمیان بەردەکەوێت لەم کلتورە، چونکە ژنان هەمیشە بەوە گۆش دەکرێن کە دوای تەواو کردنی خوێندن یاخود پێش خوێندن پێویستە لە تەمەنێکی زوودا هاوسەرگیری بکەن، بەمەش تاکە ئامانجی ژنان بۆ داهاتوویان یاخود ئامانجی لە پێشینەیان دەبێتە ئەوەی هاوسەرگری بکەن.

 

دانەمەزراندن دوای خوێندن

کارەساتى گەورە هەر ئەوە نییە ئاستى زانست لە زانکۆکانى هەرێمی کوردستان نزمە، کارەساتتر ئەوەیە کە دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن هیچ هیوایەک نییە بۆ دامەزراندن لە لایەن حکومەتەوە، هەروەها لە بوارى کەرتى تایبەتیشدا کارکردنێکی وەها نییە کە تەواوی گەنجان دوای خوێندن دەستگیرۆ بکات، ماوەى نزیکەی ٩ ساڵە کەس دانەمەزراوەو ئەگەر هەبێت دەتوانرێ بوترێ کەبەهۆی حزبەوە بووە، تەنانەت یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ و پەیمانگاکانیش شانسى دامەزراندنیان کەمەو هەموو ساڵێک خۆپیشاندان دەکەن و داواى دامەزراندن دەکەن، وەکو دەردەکەوێت تا چەندین ساڵى تریش ئۆمێدێک نییە بۆ دامەزراندن لە کەرتى گشتىدا.

 

هەرێمی کوردستان کە بەدەست حزبەکانەوەیە، حزبەکان لە برى ئەوەى بەرنامەیان هەبێت بۆ دەستەبەرکردنى ئایندەیەکى باش بۆ دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان و هەلى کاریان بۆ بڕەخسێنن، خەڵکێکى زۆریان چەکدار کردوەو کراونە پاسەوان بۆ خۆیان، ئەمەش وایکردووە کە خوێندکارو گەنجان هیچ ئارەزوویەکىان بۆ خوێندن نەماوەو هیچ ئومێدێکیان بە ئایندەى خۆیان نییە.

 

ئەگەر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بپرسین کەئایا چۆن منداڵەکان بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو ئامادە دەکات لەڕێی سیستەمی خوێندن و پەروەردەوە، بەدڵنیایی وەزارەتی پەروەردە هیچ وەڵامێکی دروست و پلان بۆ دانراوی پێنابێت، لە ئێستادا زۆر لە خوێندکارەکان لە زانکۆکانی کوردستان دەردەچن، کەچی سەرەڕای ئەو هەمو توانا و خەون و ئارەزوانەیان، بە هۆی شکستی سیستەم و دواکەوتویییەکەیەوە، بە هۆی نەگونجاندنی سیستەم لەگەڵ رۆحی پێشکەوتنی سەردەم، خوێندکارە دەرچوەکانکەمترین لێهاتویی و زانیاریی و لێزانییان هەیە، ئەو بڕوانامەیەی کە بەدەستیدێنن، لەوانەیە تاکە سودی ئەوە بێت بۆیان کە دەیخەنە ناو چوارچێوەیەکەوە و لە ماڵەکانیان هەڵیدەواسن.

 

گەنجان بۆ کۆچ دەکەن؟

ماوەى چەندین ساڵە بەردەوام گەنجەکان وڵات جێدێڵن و بەرەو وڵاتانی ئەوروپا دەکەونە ڕێگا لە پێناوى ژیانێکى خۆشتردا، چونکە ماوەى چەندین ساڵە دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان دانەمەزراون و لە کەرتى تایبەتیشدا شانسى کارکردنیان نییەو بێکار لە ماڵەوە دانیشتون، ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا گەنجان زیاتر بێهیوا دەبن، ئەمە بۆ کوڕانی گەنج تا ڕادەیەک ئاسایی ترەو خۆیان بڕیار دەدەن کە ژیانیان دەری بکەن، بەڵام بۆ ژنانی گەنج زۆر جیاوازەو کۆمەلگەو خێزان ژیانی بۆ هەڵدەبژێرن، تەنانەت بۆیان نییە کۆچیش بکەن بەڵکو دەبێت ئەو ژیانە هەڵبژێرن کە بە هاوسەرگیری کردن بۆیان دیاری کراوە.

 

هەروەها یەکێک لە هۆکارەکانی تری کۆچکردنی گەنجان لە هەرێمی کوردستان نەبوونی پەروەردەیەکی باشە، سیستەمی پەروەردە لە وڵاتی ئێمەدا، ڕێکنەخراوە بۆ ئەوەی، کە مرۆڤێکی خۆڕاگری لێدەربچێت، بێئاگا لەوەی کە کۆچ ، وێرانی، بێ هیوایی و بەدبەختى و کارەسات، سیماى گەورەی وڵاتانی جیهانى سێیەمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە کوردستانیشەوە، چارەسەری ئەم گرفتەش پێویستیبە هوشیارى فراوانى و پەروەردە هەیە.

 

ئاشکرایە کە ئەوانەی کۆچ دەکەن تەنیا کەسی بێکار نین، تەنیا کەسێک نین کە هەژارن، بەشێکیان بێکارە، بە پێچەوانەوە بەشێکیان گوزەرانیان باشە بەڵام داهاتووی وڵات ناڕوونە.

 

ژنانی گەنج هاندەدرێن بۆ هاوسەرگیری

کۆمەڵێک هۆکار هەن پاڵنەرن کە ژنانی گەنج ڕوو لە هاوسەرگیری بکەن و تاکە ئامانجیان بێت بۆ داهاتوی ژیانیان، هۆكاری کلتوی لە هەندێک كۆمەڵگە وەك كوردستان وا دەبیندرێت كە هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووك شتێكی باشە و بەها و گرنگیی خۆی هەیە، بەتایبەتی بۆ ژنانی گەنج تا ئەو ڕادەیەی گرنگی نەدرێت بە خوێندن، یان كاركردنی ژنان، بێگومان ئەم گەنجانە مافی هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی خۆیان نییە، هەروەها هۆكاری تاكەكەسی،هەندێ كەس كە بۆ جاری یەكەم دەكەونە داوی خۆشەویستی، بە شێوەیەكی زۆر قووڵ دەكەونە داوی خۆشەویستییەكەیان و بێ ئەوەی بیر لە داهاتوویان و بەرپرسیاریەتییەكانی ژیان بكەنەوە، ئامانجیان تەنیا گەیشتنە بە خۆشەویستەكەیان و ئامادەن لە تەمەنی نایاسایی هاوسەرگیری بكەن و هەموو ئامانجەکانی دیکەی ژیان بخەنە لاوە.

 

سیستمی کۆمەڵگەو دەسەڵاتیش هۆکارێکی ترە، کە وایکردووە ژنانی گەنج بەهۆی بیرکردنەوە لە هاوسەرگیری ژنێکی بێدەنگ و دەستەمۆ لە کۆمەڵگەدا بوونی هەبێت، بەگشتی هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە بەها نەریتی و ئایینییەکانە، بە مەبەستی پاراستنی شەرەف و ئابڕووی خێزانی بە تووندی ڕەچاو و جێبەجێ دەکرێن و هەروەها لە بواری کلتوریدا سیستەمی باوکسالاری بە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە دەبیندرێت.