"لەیلا قاسم هێزی تێکۆشانە بۆ ژنانی چوار پارچەی کوردستان"

ڕژێمی بەعس هەمیشە هەوڵی کپکردنی دەنگی ئازاد و خەباتی شۆڕشگێرانەی دەدا، هەر بۆیە ژنێکی خەباتکاری وەکو لەیلا قاسمی لەسێدارەدا، تا نەبێت بە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنانی کورد هەمیشە پێشەنگ بوون لە خەبات و بەشداری شۆڕشیان کردووە دژ بە ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق و دەوڵەتانی داگیرکەر، کە هەمیشە گەلی کوردیئان دەچەوساندەوە، لەیلا قاسمیش یەکێکە لەو ژنانەی هەر لە تەمەنی گەنجیەوە و لە ساڵی ١٩٧٤ بەشداری ئەو خەباتەی کرد، بۆ ئەوەی چیتر گەلی کورد نەچەوسێندرێتەوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە.

 

تێکۆشانی لەیلا قاسم ترسێکی گەورەی لای ڕژێم دروستکرد، بۆیە هەمان ساڵ و لە ١٢ی ئایاردا لە سێدارەدارا و بوو بە سیمبول بۆ گەلەکەی و ژنان.

 

"لەیلا قاسم بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەشداری لە خەبا ت کرد"

ڕۆشنا جەمال، مامۆستای زانکۆ و چالاکوانی مافی مرۆڤ، دەربارەی ژیانی لەیلا قاسم ئاماژەی بەوەکرد، ئاشکرایە لەیلا قاسم و هاوڕێکانی پۆلێک خوێندکاری لە خۆبووردە و شۆڕشگێڕ و ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوون کە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەشداری ڕیزەکانی شۆڕشیان کرد، لە ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤ لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکران بە تۆمەتی ئەوەی لەیلا قاسم لەگەڵ ٤ هاوڕێیدا بە نیازی ئۆپەراسیۆنێک بوون دژ بە ڕژێمی بەعس ئەنجامی بدەن لە شاری بەغدا، ئەگەر ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدرایە وەچەرخانێکی گەورە و جێ لەقکردنی دەسەڵەتی ڕژێمی بەعس بوو، بەڵام لە ماوەی دوو هەفتەدا لە دادگایەکی تایبەتدا حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.

 

"ناسناوی لەیلا قاسم بووکی کوردستانە"

ڕۆشنا جەمال ئەوەشی خستەڕوو، لەیلا قاسم کەسایەتیەکی بەهێز و چاو نەترسی هەبوو وەکو ژن، بۆ ئەوەی خزمەت بە دۆزی گەلی کورد بکات، لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا کاتێک دەستگیرکراوە هەمان هەڵسوکەوتی بوێرانەی هەبووە لە زیندانیشدا و چەندین جار ئەشکەنجە دراوە بە مەبەستی دانپێدانان، بەڵام ئەو ئامادە نەبووە هیچ زانیاریەک بە ڕژێم بدات لەسەر هاوڕێکانی، لە دواین سەردانی دایکیدا کە ڕۆشتووە بۆ زیندان بۆ لای، لەیلا قاسم داوای مقەستێک و دەستێک جلی کوردی کردووە، بە مەقەستەکە بەشێک لە قژی دەبڕێت و دەیدات بە دایکی بۆ ئەوەی وەکو یادگاریەک لای دایکی بمێنێتەوە، چونکە دەیزانی ڕژێم لە سێدارەی دەدات، جلە کوردیەکەشی بۆ ئەوە بوو لە ڕۆژی لە سێدارەدانیدا لەبەری بکات و ببێتە بووکی کوردستان، هەر بۆیە نازناوی لەیلا قاسم بووکی کوردستانە.

 

"لەیلا قاسم لەسێدارەدرا بۆ کپکردنی دەنگی خوێندکاران"

ڕۆشنا جەمال ڕوونی کردەوە، لەیلا قاسم و هاوڕێکانی بە ئیرادە بوون، هەرچەندە ڕژێمی بەعس بەڵێنی ئەوە دەدەن بە لەیلا قاسم کە سزاکەی بۆ بکەن بە زیندانی هەتا هەتای، بەڵام لەیلا قاسم ڕازی نابێت و دەڵێت دەبێت لەگەڵ هاوڕێکانمدا بم، هەر بۆیە لە بەرەبەیانی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لەسێدارە دەدرێن، ئەمەش بۆ ئەوەبوو دەنگی ناڕەزایەتی و ڕۆحی شۆڕشگێڕی خوێنکاری کورد کپ بکەن، چونکە لەو کاتەدا خوێندکارێکی زۆری کورد لە زانکۆی بەغدا بوون، ئەگەر لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لە سێدارە نەدرانایە کاریگەرییان دەبوو لەسەر چینی خوێندکاران و ئەگەری خۆپیشاندان هەبوو.

 

وتیشی: ڕژێمی بەعس هەر سەرکوتکەر بوو دوای ئەوەی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لەسێدارە دران نەیانهێشت پرسەشی بۆ دابنرێت لە لایەن کەسوکاریانەوە، بۆیە ئەو پۆلە شەهیدە موڵکی هەموو میلەتن نەک تەنها حزبێک، لەو کاتەشدا لە ساڵی ١٩٧٠ هەردوو مەکتەبی سیاسی و پەدەکە یەکیان گرتبوو، ئەمانەش لەسەر ئاستی سیاسی و حزبی ڕۆڵی هەموو لایەنەکانی ئێستایان دەگێڕا، بەڵام ئێستا حزبێکی سیاسی بە شەهیدی خۆی دەزانێت.

 

"لەیلا قاسم یەکەم ژنی کوردە لە عێراق و کوردستان لە سێدارە دراوە"

ڕۆشنا جەمال جەختی کردەوە، لەیلا قاسم، یەکەم ژنە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و چوارەم ژنە لە ئاستی جیهاندا لەو کاتەدا کە لە سێدارەدرا، لە دوای سێدارەدانیان لە ڕۆژنامە عەرەبییەکاندا بە تێکدەر ناویان دەبرا بۆ ئەوەی کاریگەریان لەسەر خەڵک نەبێت، بەڵام کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کورد و هەر چوار پارچەی کوردستان دروستکرد، لە دوای ڕاپەڕینیش کورد زیاتر دەرفەتی هەبوو یادیان کاتەوە، بەڵام هێشتا هەقی خۆیان پێ نەدراوە، لە کاتێکدا کە لەیلا قاسم بەشداری سیاسەتی کردووە وەکو ژنێکی گەنج کەم کەس ئەو بوێریەیان هەبووە، هەر بۆیە لەیلا قاسم بووە بە سیمبول بۆ ژنانی چوار پارچەی کوردستان و ئێستا ناوی دەهێنرێت، تێکۆشانی ژنان لەسەر ڕێبازی لەیلا قاسم و بەو ئیرادەیەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیە.

 

وتیشی: بەداخەوە ئێستا کێشەی ئابووری سیاسی باڵی کێشاوە بەسەر هەموو بوارەکاندا، وە ئەوەی ئێستا پێویستە بکرێت بۆ درێژەدان بە ڕێبازی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە ئەوەیە خەباتەکەی لەبیر نەکرێت و وا لە خوێندکاران بکرێت کە مێژووی ئەو ژنە بزانن وەکو ژنێکی گەنجی خەباتکار و وەکو خوێندکارێکی کوردی ئەو سەردەمە، چونکە ئەگەر کولتوور و مێژووی خۆیان نەزانن، ناتوانن لە کولتووری نەتەوەی تردا جێگەیان ببێتەوە، بۆیە تا ئێستا هەموو کورد شانازی پێوە دەکات و خۆشی لە کاتی لەسێدارەدانی شانازی بە خۆی و هاوڕێکانی دەکرد.