دیاردەی دەستدرێژی کردن پێش هاوسەرگیری کوشتنی ژنانی زیادکردووە

زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، هەلپەرستی و بەرژەوەندخوازی و خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وای کردووە هەلێک بۆ پیاوان بڕەخسێت دەستدرێژی بکەنە سەر ژنان و دواجار بە کوشتنی ژنان کۆتای بە ڕووداوەکە بێت.

 

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- کێشەی ژنان بە هەزارانن، بەڵام یەکێکیان کێشەی ئەو ژنە گەنجانەیە کە پێش پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە ژێر ناوی خۆشەویستی لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە چەندین قسە و بەڵێنی جۆراوجۆریان پێدەدرێت، دوای ماوەیەک لە پەیوەندی خۆشەویستی، پیاوان هەموو هێڵە سوورەکان دەبەزێنێت و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنانی گەنجان، کە زۆر جار حاڵەتی دووگیان بوون ڕوودەدات پێش هاوسەرگیری و کێشەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.

 

کەوسەر حەسەن، توێژەری کۆمەڵایەتی، بۆ نوژنها باسی ئەو کێشانەی کرد کە بەهۆی بۆشایی دروستبوون لای ژنان و خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستبووە، کە زۆر جار بەهۆی ناهۆشیاری خێزانەکان بە کوشتنی ژنان کۆتایی هاتووە.

 

"خۆشەویستی" ئەو وشەیەی وەک چەکێک بەرامبەر ژنان بەکاردەهێنرێت

کەوسەر حەسەن بەم شێوەیە یەکێک لەو چیرۆکانەی کە بەسەر ژنێکی گەنجدا هاتووە دەگێڕێتەوە، "ڕۆژێکیان کاتێک لە دەوام تەواو بووم و ویستم بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی پشویەک بە مێشکم بدەم، کەمێک لەو دنیایە بێمە دەرەوە کە هەموو ڕۆژێک ژنێک تووشی کێشەیەک دەبێت، تەلەفونێکم بۆ هات دەنگێکی ناسکی پڕ لە ترس و شڵەژانی ژنێکی گەنج بوو، بەپەلە قسەی دەکرد و وتی: تکایە فریام بکەوە لە کێشەیەکی زۆر گەورەدام و ماڵەوەمان بزانن دەمکوژن، چۆن بتوانم بتبینم و کێشەکەمت بۆ باس بکەم. ئەو دەترسا لەبەر ماڵەوەیان نەوەک گوێیان لە دەنگی بێت و کێشەکەی ئاشکرا ببێت، منیش پێم وت کە ڕۆژی دواتر بێت بۆ لام بۆ ئەوەی زیاتر قسە بکەین و لە یەکتر تێبگەین.

 

ڕۆژی دواتر کە ڕۆشتمە دەوام بینیم ژنە گەنجەکە لە بەردەم دەرگا چاوەڕێی من دەکات، پێم وت بۆچی ئەوەندە زوو هاتووی، لە وەڵامدا وتی: 'لە شەوەوە خەوم لێ نەکەوتووە و هەر چاوەڕێ بووم ڕۆژ ببێتەوە و بێم بۆ لات'، لەگەڵ خۆم بردمە ژوورەوە و وتم بۆم باس بکە کێشەت چییە و چیت بەسەر هاتووە، ژنە گەنجەکە بەدەم گریانەوە وتی: 'من تەمەنم ٢١ ساڵە ڕۆژێک نامەیەکم بۆ هات لە یەکێک لە سایتە ئەلکترۆنییەکانەوە و منیش کردمەوە، پیاوێک بوو زۆر بە نەرمونیانی قسەی لەگەڵ دەکردم و بە قسەکانی سەرنجی ڕاکێشام، دوای چەند ڕۆژێک پێی وتم کە خۆشیدەوێم، منیش لەبەر ئەوەی خێزانێکی داخراوم هەبوو، هەستم بە بۆشاییەک دەکرد لە ژیانمدا، بۆیە باوەڕم بەو پیاوە کرد و ڕازی بووم کە پەیوەندیمان هەبێت'.

 

پیاوەکە دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنە گەنجەکە

ژنە گەنجەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە بەردەوامیمان لە قسەکردن ئەو هەستەی لای بەرامبەرەکەم دروست کرد کە هۆگری بوومە، بۆیە پێی وتم کە دەیەوێت ژیانی هاوژینی لەگەڵ مندا پێک بهێنێت و کار گەشت بەوەی وێنەی خۆمی بۆ بنێرم، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داوای وێنەی تری دەکرد، وای لێهات بە وێنەکانم هەڕەشەم لێبکات، منیش بۆ ئەوەی خێزانەکەم نەزانن زۆر دەترسام، ئەویش وتی ئەگەر پەیوەندی جەستەییم لەگەڵ نەبەستی ئەوا وێنەکانت بڵاو دەکەمەوە، منیش بۆ ئەوەی وێنەکانم بڵاونەکاتەوە ڕازی بووم بە مەرجەکەی.

 

کەوسەر حەسەن وەها درێژەی بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو ژنە گەنجە دا، "پیاوەکە ڕۆژێک دادەنێت و لەگەڵ ژنە گەنجەکە یەکتر دەبینن، بەڵام پیاوەکە دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنە گەنجەکە، لە دوای ئەم ڕووداوە پیاوەکە لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژنە گەنجەکە لادەبات لای خۆی، بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی پێوە نەکات، بەڵام ژنە گەنجەکە دوای مانگێک هەست دەکات دووگیان بووە.

 

ژنە گەنجەکە، هیچ کەسی نییە پەنای بۆ بەرێت و ماڵەوەشیان لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگەی دابونەریت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریاندا ئەم بابەتانە قبوڵ ناکەن، ژنە گەنجەکە بەشێوەیەک تووشی ترس دەبێت، دەڵێت؛ ئەگەر خێزانەکەم بزانن دەمکوژن، بۆیە بڕیار دەدات پەنا بۆ توێژەرێکی کۆمەڵایەتی ببات".

 

وەک کەوسەر حەسەن دەڵێت: دایكی ژنە گەنجەکە بە ڕووداوەکە دەزانێت، بەڵام ناهێڵین باوک و براکانی بزانن، دواتر بانگی ئەو پیاوە دەکرێت کە دەستدرێژی کردووەتە سەر ژنە گەنجەکە، بۆ ئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی لێ نەکەوێتەوە بڕیار دەدات ژیانی هاوژینی پێکبهێنن.

 

کەوسەر حەسەن دوای باسکردنی چیرۆکەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە یەکێکە لە دەیان چیرۆکی هاوشێوە، من وەکو توێژەرێکی کۆمەڵایەتی چەندین چیرۆکی لەم شێوەیەم چارەسەر کردووە، زۆربەی ئەو پیاوانەشی ئەم کارە دەکەن بەرامبەر بە ژنان، ئامادە نین ژیانی هاوژینیان لەگەڵ پێکبهێنن، زۆربەی ئەو ژنانەی کە ئەم ڕووداوەیان بەسەردا هاتووە و ناتوانن کێشەکەیان بهێنن بۆ لای ئێمە، دواجار خێزانەکەیان دەزانن و بە کوشتنی ژنەکە کێشەکە کۆتایی دێت.

 

لە کۆتایدا وتیشی: هیوادارم کۆڕ و سیمینار و چەندین شتی بەسوود ئەنجام بدرێت، بۆ زیاتر هۆشیار کردنەوەی ژنان و پیاوانیش بۆ ئەوەی بە دوور بن لەم جۆرە کێشانە، هەروەها پێویستە خێزانەکان بە جۆرێک منداڵەکانیان پەروەردە بکەن، کە هەست بە بۆشایی نەکەن لە ژیانیاندا و بە ڕێگەی هەڵەدا نەچن و نەکەونە داوی فێڵەکانی پیاوانەوە.