ڕێزگرتن لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت

بەشی زۆری هاوڵاتیان سۆشیاڵ میدیا بە هۆکاری سەرەکی دەزانن بۆ نەمانی ڕێز، پێیان وایە خێزان دەتوانێت پەروەردەیەکی گونجاوی منداڵ بکات بۆ ئەوەی ڕێز لە کەسانی گەورەو بەتەمەن بگرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- قەیرانی ئابووری، بوونی سۆشیاڵ میدیا، کێشە یەک لەدوا یەکەکانی خێزانەکان و نەبوونی پەروەردەیەکی گونجاو بۆ منداڵان لە خێزان و خوێندنگەدا وایکردووە ڕێزگرتن لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرەو کاڵبوونەوە بچێت، بە جۆرێک گەنجی ئێستا گرنگی نە بە خێزان دەدات نە وەک ساڵانی ڕابردوو ڕێزی تەواوی لێدەگرێت، هەندێ کات وا هەست دەکەن ئەگەر ڕێزیان بگرن و بەگوێیان بکەن ئەوا ئازادیان زەوت کراوە، ئازادی تەواویان نییە، لە کاتێکدا ئازادی جیاوازە لە ڕێزگرتن دەکرێت ڕێزبگیرێت و ئازادیش بەدەست بێت.

 

وەزارەتەکانی پەیوەندیدار بەم پرسە هۆشیاری بڵاوناکەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی کێشە خێزانییەکان و بۆ ڕازینەبوونی دایک و باوک لە منداڵەکانیان.

 

"بەهای ڕێز لە تەواوی مرۆڤایەتیدا کەمبووەتەوە"

هەڵاڵە محەمەد، شارەزا لە بواری خێزان، دەربارەی ڕێزگرتنی کەسانی بەتەمەن یاخود بوونی لە کۆمەڵگەد ئاماژەی بەوەکرد، بەهای ڕێزگرتن لە تەواوی مرۆڤایەتیدا کەمبووەتەوە، ئەمەش بە تایبەت لە کلتووری ڕۆژئاوایدا دەبیندرێت، بەو پێیەی ژیانکردن بەجۆریکی دیکە بووە، گەیشتوون بە ئەنجامێک بەتەنها بژین و گرنگی بە خێزان و ڕێزگرتن نەدەن، لەم چەند ساڵەی دوایدا هاتووەتە هەرێمی کوردستان.

 

بەشێکی زۆری کەسە بەتەمەنەکان بەهۆی ڕێزنەگرتنیان لەلایەن خێزان و منداڵەکانیان ڕەوانەی خەڵوەتگەی پیری دەکرێن، لەم بارەیەوە هەڵاڵە وتی "لە خەڵوەتگەی پیریدا مرۆڤ لایەنە مادی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی پڕدەکرێتەوە بەڵام لایەنی ڕووحیەکەی پڕنابێتەوە کە تەنها بە خێزان و کەسە نزیکەکانی خۆیان پڕدەبێتە".

 

"ڕێزگرتن لە کەسانی بەتەمەن قەرزە و دەبێت بیدەیتەوە"

ڕوونیکردەوە پرشکی ڕێزنەگرتن و گرنگی نەدان بە کەسانی بەتەمەن بەر کورد کەوت ئەمەشی بۆ چەندین هۆکار گەڕاندەوە، لەوانە ڕاگەیاندنە کە چەند دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی هەبێت ئەوەندەش دەتوانێت کاریگەری نەرێنی هەبێت، زۆرکات لە ڕێگەی دراماکانەوە دەبیندرێت سوکایەتی بە کەسانی بەتەمەن دەکرێت، یاخود بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکان کە زۆرکات وا لە گەنجان دەکەن خۆویست بن و دوای کۆمەڵێک شتی دنیایی بکەون و گرنگی بە پەیوەندییەکان نەدەن.

 

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان لە خودی خێزانەکاندایە کە گەورەکان خۆیان ڕێز لە بەتەمەنەکان ناگرن، منداڵ چاویان لێدەکات، تا گەنج ڕێز لە بەتەمەن بگرێت دواتر لە بەتەمەنبوونی خۆیدا ڕێزی لێدەگیرێتەوە، هۆکارێکی دیکە خراپی پڕۆگرامی خوێندنە کە لە خوێندنگەکاندا منداڵ فێرناکرێت گرنگی بە خێزان و بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ڕێزگرتن بدات، بزانێت ڕێزگرتن کۆڵەکەی مانەوەی کلتوورێکی کۆمەڵایەتی جوانە.

 

"گەنج فێری مادە گەرا بووە و گرنگی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییکان نادات"

ڕوونیکردەوە کە گرنگە گەنجان و منداڵان درک بەوە بکەن هەمیشە بەو جۆرە نامێننەوە بەهەمان شێوەی کەسە بەتەمەنەکان دەچنە تەمەنەوە، هەروەها لایەنی پەیوەندیدار وەک وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی ئەوقاف و ڕۆشنبیری نەیانتوانیوە گرنگی ئەم بابەتە لە کۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوە، کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە لە ڕێی میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە.

 

بە پێچەوانەوە گەنجان زیاتر سەرقاڵکراون بە شتی دیکەوە لە بری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەی پێویستە بزانرێت ئەوەیە کە ئاسوودەی ڕۆحی مرۆڤ لە سەروو مادە و ڕووکەشی دنیاوە سەیر بکرێت.

 

"ڕێزگرتن جیاوازە لە ئازادی"

کاتێک گەنج لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا پێدەگات ئەگەر بە جۆرێک بیربکاتەوە کە تەنها خۆی بەلاوە گرنگ بێت ئەوە ڕێزی گەورە نامێنت، وەک ئاماژەی پێکرد ئازادی نابێت تێکەڵ بە بێڕێزی بکرێت کە زۆرینەی گەنج بەو جۆرە لێی تێگەیشتوون کاتێک ئازاد بن نابێت ڕێز بۆ کەسانی دیکە دابنێن و خۆیان چیان مەبەستێبێت بیکەن تا ئاستی سنوور بەزاندن.

 

کاتێک کەسێکی بەتەمەن بۆچوونێکی جیاوازی هەیە لە گەنجان ناکرێت گەنج بە قبوڵنەکردنی بۆچوونەکەی بێڕێزی بکات بە پێچەوانەوە ئەگەر کەسێکی ئازادیخواز بێت دەبێت بۆچوونی جیاوازیش قبوڵ بکات، بە تایبەت لە کلتووری کوردا کە کۆمەڵێک دابونەریت هەن پێویستە ون نەبن وەک، ڕێزگرتن لە کەسانی بەتەمەن و گوێگرتن بۆیان، هاوکاریکردنیان، وتی "گرنگترین بەهای ئەخلاقی ڕێزگرتنە، چونکە هەتا ڕێزبگریت ڕێزت لێدەگیرێتەوە، ڕێزگرتن زامنی کۆمەڵگەیەکی باش و ئاسودە دەکات".

 

 

هاوڵاتیان لە بارەی ڕێزگرتن لە کەسانی بەتەمەنەوە بۆ نوژنهایان ڕوونکردەوە:

بەسۆز حسێن، وەک هاوڵاتییەک ڕێزگرتن بە یەکێک لە پڕۆسە گرنگەکانی کۆمەڵگە دادەنێت، دەڵێت "لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێزگرتن کەمبۆتەوە، هۆکارەکەشی بوونی سۆشیاڵ میدیایە"، ئاماژەی بەوەدا تا باوکی لە ژیاندا بووە بەردەوام ڕێزی لێگرتووە، هیچ کات وشەیەکی نەشیاوی بەرامبەر بەکار نەهێناوە، ئەوەشی ڕوونکردەوە کە ڕێزگرتن پەیوەندی بە پەروەردەی دایک و باوکەوە هەیە بە جۆرێک ئەگەر بە شێوەیەکی باش منداڵەکە پەروەردە بکەن منداڵێکی بە ڕێز دەردەچێت و بە پێچەوانەشەوە.

 

وتی "بێڕێزی بەجۆرێکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە هەندێک لە گەنجان کاتێک دەچنە ژیانی هاوژینییەو دایک و باوکاین وەلا دەنێن لە کاتێکدا ئەوەی گرنگە دایک و باوکە پێویستە تەواو خزمەتیان بکەین  وڕێزیان بگرین".

 

"سۆشیاڵ میدیا ڕێزی لە ناو خێزاندا نەهێشتووە"

هێرۆ حەمەئەحمەد، باسی لەوەکرد بناغەی خێزانەکان لە کەسە بتەمەنەکانەوە دەستی پێکردووە بۆیە ڕێزگرتنیان ئەرکی سەر شانی هەمووانە، پێویستە منداڵەکانیش بە جۆرێک فێربکرێن ڕێز لە کەسانی تەمەن گەورە بگرن، بەڵام بەداخەوە ژیان و سۆشیاڵ میدیا وایکردووە ڕێزگرتن کەم بووەتەوە و خێزان لە هەموو بوارەکاندا کاڵبووەتەوە.

 

دایک و باوکیش بەهۆی ئەوەی خودی خۆیان پەیوەستن بە سۆشیاڵ میدیاوە ناتوانن کۆنتڕۆڵی منداڵەکەیان بکەن، یاخود جاران هاتوچۆکردن و پەیوەندییەکان بەهێزتر بوون بەڵام ئێستا لە ماڵێکدا هەریەکەو بە شتێکەوە خەریکە و گرنگی پەیوەندی نەماوە، وتی "بە چەندین منداڵ ناتوانن ڕێزی تەواو لە دایک و باوک بگرن و خزمەتیان بکەن هۆکارەکەشی جگە لە سۆشیاڵ میدیا بوونی قورسی ژیانە کە تەواوی مرۆڤایەتی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، خەڵک هێندەی هەڵپەی پارەیەتی هەڵپەی پەیوەندییە خێزانەکانی نییە".

 

"مەرج نییە تەنها ڕێز لە خێزانی خۆت بگریت پێویستە ڕێز لە هەموو کەسێکی بەتەمەن بگیرێت"

شادی حامید، باسی لەوەکرد، گرنگ نییە ئەو کەسەی ڕێزی لێدەگریت کێیە بەڵکو گرنگ ئەوەیە کەسێکی بەتەمەنە، جیاوازی ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ ئێستادا بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خودی گەنجان کە دەچنە ژیانی هاوژینییەوە دەیانەوێت لە دایک و باوکی کچەکە یاخود کوڕەکە دووربکەونەوە، ئەمەش بۆ خۆی کاریگەری دەخاتە سەر پەیوەندییەکەیان و بەرەو بێڕێزی و کێشەی دەبات.

دووبارە جەنخت لەوە دەکاتەوە کە قورسی ژیان و خراپی ئابووری وایکردووە گەنجان و خێزانەکان زیاتر بپرژێنە سەر ژیانی خۆیان و گەورەکان پەراوێز بخەن.