قورسی جانتا قوتابییەکانی ماندوو کردووە، هیچ پلانێکیش نییە بۆ چارەسەریی

بەپێی زانستی پزیشکی نابێت کێشی جانتای منداڵ ٪١٠ کێشی منداڵەکە زیابێت، بەڵام بۆ قوتابییەکانی ئەم هەرێمە ئەوە لەبەرچاو نەگیراوە، منداڵەکان ماندوو بوون، تا ئێستاش هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو کێشەیە نەکراوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- هاتووینەتە بەردەم یەکێک لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی پۆلی یەک بۆ شەش، بەڵام کێشی جانتای منداڵاکان بوونە جێگای سەرنج، زۆرینەیان لەگەڵ ئەوەی کێش و باڵایان بچووکە بەڵام قەبارەی جانتاکانیان نزیکی نیوەی قەبارەی خۆیانە و کێشی جانتاکانیان تەواو ماندووی کردوون، بەشێکیشیان بە ئۆتۆمبێل یاخود دایکیان جانتاکانیان بۆ هەڵدەگرێت.

 

لەبارەی کێش و قورسی جانتاکانی شانیانەوە پرسیارمان لێکردن، هەمووان بەدەست کێشی قورسی جانتاکانیانەوە دەیانناڵاند، بەپێی زانستی پزیشکی نابێت کێشی جانتای قوتابی قۆناغی سەرەتایی ٪١٠ کێشی منداڵەکە زیاتر بێت، لەبەر ئەوەی کاریگەری دەکاتە سەر پشت و ملی منداڵەکە، ئەگەریش ڕۆژانە دووبارە ببێتەوە ئەوا زیان بە گەشە و دڕکەپەتکی منداڵەکە دەگەیەنێت.

سیما کاروان، تەمەنی حەوت ساڵە، دەڵێت بەهۆی زۆری پەرتوک و زۆری ماوەی وانەکانیانەوە ماندوو دەبێت، لە کاتێکدا خۆی کێشی ١٨ کیلۆیە، بەڵام کێشی جانتاکەی سێ کیلۆ و ٤٨ گرامە، ئەمەش واتە جانتاکەی ٪١٩ کێشی خۆیەتی.

 

فریشتە هیوا تەمەنی ١٢ ساڵە لە پۆلی پێنجە، کێشی ٢٨ کیلۆیە، بەڵام کێشی جانتاکەی چوار کیلۆ و ٥٤ گرامە، دەکاتە ٪١٦ کێشی خۆی، دەڵێت شانی دێشێت و کاتێک دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە لەبەر ماندوویەتی تاقەتی هیچی نامێنێت.

 

مانی کاکی، تەمەنی شەش ساڵە، لە پۆلی یەکە و کێشی ٢٠ کیلۆیە، بەڵام کێشی جانتاکەی سێ کیلۆ و ٨٤ گرامە، دەڵێت لەبەر قورسی جانتاکەی نەنکی دێت و جانتاکەی بۆ هەڵدەگرێت.

 

قوتابییەکان ڕۆژانە پێنج بۆ شەش وانە دەخوێنن، هەر وانەیەکیش پەرتووک و تیانووسی خۆی هەیە، هەندێک لە وانەکان پەرتووکی ڕاهێنان و قوتابییە جیاوازە، ئەمەش واتە ١٠ بۆ ١٢ پارچە لە جانتاکەیاندا هەیە، سەرباری پێنوس و دەبەی ئاو، بەمەش لە زۆرترین حاڵەتدا کێشی جانتاکانیان لە سێ کیلۆ کەمتر نییە.

مامۆستاکان ئاگاداری ئەم دۆخەی قوتابییەکانن، دەڵێن کە قورسی جانتا قوتابییەکانی ماندوو کردووە، دیدار ئەحمەد مامۆستای قۆناغی سەرەتاییە، دەڵێت قوتابییەکان لە زۆرینەی پۆلەکان تووشی ئەو گرفتە دەبن و شان و پشتیان دەئێشێت، "قوتابی هەیە وەک مەدالیایە، ناتوانێت جانتاکەی هەڵبگرێت، زۆرجار دایکوباوکەکان دەیانهێنن یاخود ئۆتۆمبێلی هەیە، بەڵام ئایا هەموو دایکوباوکەکان دەتوانن ئەمە بکەن؟".

 

وەک ئەو مامۆستایە باسی دەکات، سەرباری ئەوەی بەشێک لە وانەکان دوو پەرتووکیان هەیە، تیانووسەکانیش بەشێکیان قورسن، ئەو ڕەخنەی ئەوە دەگرێت پڕۆگرامی خوێندن سویدییە، بەڵام تەنانەت لۆکەر بۆ جانتای قوتابییەکان دابین نەکراوە، قوتابخانەکانیش بەجۆرێک نین کە جێگای لۆکەری قوتابییەکانی تێدا ببێتەوە.

گوڵنار حەمە ئەمین، سەرپەرشتیار لە یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەی ڕۆژئاوا، ئاشکرای دەکات تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی ئەوتۆ نییە، دەبێت دایکوباوکەکان هاوکاری بکەن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات بۆ کەمبوونەوەی کێشی جانتاکان خشتەی وانەکان دانراوە، هەروەها بەشێک لە وانەکان پەرتووکەکانیان کراوەتە دوو وەرز تا کێشی پەرتووکەکان کەمببنەوە.

 

هاوکات بەشێک لە چارەسەرکانی خستە ئەستۆی دایکوباوکەکان، کە هەوڵ بدەن ئەو تیانووسانە بۆ منداڵەکانیان بکڕن کە کێشی کەمە، لەبارەی دەبینکردنی لۆکەریشەوە دەڵێت "لۆکەر دەکرێت کارێکی باش بێت بەڵام لە هەموو قوتابخانەکاندا جێگای ئەم لۆکەرانە نییە، بەشێک لە قوتابخانەکان دوو دەوامن".

 

ئەو بە ئەلیکترۆنی کردنی خوێندن وەک چارەسەرێک دەبینێت، بەڵام نایشارێتەوە کە ئەوە بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بەردەست نییە، لەکاتێکدا ئەمە دەبێتە کەمتەرخی حکومەت و کەرتی پەروەردە کە بووەتە بارگرانی بۆ قوتابیان.

 

ت.پ