پڕۆژەیەک بۆ بەهێزکردنی بەشداری ژنان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەدا بەڕێوەدەچێت

لەلایەن ٥٠ ڕێکخراو لە شارەکانی هەولێر، کەرکوک و دیالە پڕۆژەیەک بۆ هاندانی بەشداریکردنی ژنان لە هەڵبژاردنەکان و دەنگدان بە کاندیدە ژنەکان بەڕێوەدەچێت.

تەرزە تەها

 

بۆ بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە پڕۆسە دەنگدان، لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە لەسەر ئاستی عێراق پڕۆژە بۆ بەشداریکردن وهۆشیاکردنەوە هاوڵاتیان بەڕێوەدەچێت، لەو چوارچێوەیەشدا ٣٢ ڕێکخراو لەسەر ئاستی عێراق کار بۆ ئەو پڕۆژەیە دەکەن.

 

ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیاری جەندەری لە شاری هەولێر یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی کە شارەکانی هەولێر، کەرکوک و دیالەی وەرگرتووە، تا هۆشیاری تێدا بڵاوبکاتەوە.

 

ئامانج هۆشیارکردنەوەی ١٠ هەزار هاوڵاتییە بۆ هەڵبژاردنەکان

ئەو ڕێکخراوە لە ٢٦ی حوزەیرانەوە پڕۆژەکەیەکی وەرگرتووە، لە مانگی تەمموزەوە دەستی بە کارەکانی کردووە، دەبێت تا سەرەتایی مانگی تشرینی یەکەم  زیاتر لە ١٠ هەزار هاوڵاتی هۆشیاربکاتەوە، بۆ ئەوەش لەگەڵ ٢٤ ڕێکخراو لە هەولێر، ١٤ ڕێکخراو لە کەرکوک و ١٢ ڕێکخراو لە دیالە کاردەکات.

 

ڕێکخراوی جێندەر ئەرکی ڕاهێنان ومەشقپێکردنی ئەندامانی ڕێکخراوەکانی دیکەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان، بۆ ئەمەش تا ئێستا چەندین جۆر ۆرکشۆپی جیاوازی کردووەتەوە، ئەو ئەو توێژەی کە ڕێکخراوەکە کاری لەسەر دەکات، هۆشیارکردنەوەی ژنانە بۆ بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی عێراق و دەنگدان بە کاندیدە ژنەکان.

هاوکات ڕەمزیە عەبدوڵا سەرۆکی ڕێکخراوی جێندەر ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئێستا هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش نایانەوێت دەنگ بدەن، دەڵێت "خەڵکێکی زۆر ئێستا تاقەتی دەنگدانی نەماوە و دژایەتی دەنگدان دەکەن، کە لە هەموو عێراقدا هەیە، خەڵک حەزی لێ نییە بچێت بەشداری دەنگدان بکات".

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوان وەک ڕێکخراوەکان کار لەسەر زۆرینەی توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەن، بە تایبەت گەنج و ژنان، ئەمەش بۆ ئەوەی ژنان بەشداری بکەن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا و دەنگ بە کاندیدە ژنەکان بدەن، لەپێناو پێشخستنی ژناندا.

 

ت.پ