پڕۆژەی "کوشتن بە بیانووی شەرەفەوە" لە گەرمیان

ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان- PDOبە پاڵپشتی ڕێکخراویئینتەرنیوز زنجیرەیەک چالاکی بە ناونیشانی "کوشتن بە بیانووی شەرەفەوە" لە گەرمیان ئەنجامدا.

ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان- PDOبە پاڵپشتی ڕێکخراویئینتەرنیوز زنجیرەیەک چالاکی بە ناونیشانی "کوشتن بە بیانووی شەرەفەوە" لە گەرمیان ئەنجامدا.

 

نیگار ڕەشید

گەرمیان- پرۆژەی "کوشتن بە بیانووی شەرەفەوە" بە زنجیرەیەک دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ توێژە جیاواز و کاریگەرەکانی کۆمەڵگادا وەک ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایانی ئاینی، چالاکوانانی سۆشیاڵ میدیا و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو، لەلایەن سازان موستەفا، ئەندامی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بەڕێوەبرا و بەشداربووان هۆکار و چارەسەر و ڕاسپاردەی خۆی پێشکەشکرد.

 

سەبارەت بە پڕۆژەکە، ژنانی ئامادەبوو و بەشداربووان بەم جۆرە لێدوانیان بۆ نوژنها" دا:

 

سازان موستەفا، بەڕێوبەری پرۆژەکە و ئەندامی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان وتی: ئەم پرۆژەیە لەلایەنئینتەرنیوزەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت و خۆی لە چەندین چالاکی جۆراوجۆر دەبینێتەوە لە بواری هوشیاری گشتیدا و گفتوگۆ لەگەڵ توێژە جیاوازەکاندا دەکات، ئامانجمان لەم هەڵمەتە کارکردنە لەگەڵ پیاوانی ئاینی بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان ببینن لە کەمکردنەوەی تاوانەکانی کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەفەوە.

 

سازان سەبارەت بە توێژەکانی دیکە ئاماژەی بەوەدا هەرلایەک ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە پرسەکەدا، "گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین تا هاوکاربن لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی ئەم دیاردەیە دوور لە ناوزڕاندن."

 

پڕۆژەکە دەچێتە لای ژنان و خێزان تا هۆشیاربن و دووربکەونەوە لە تاوانی نەخوازراو و ڕێگەی یاسا بگرنە بەر لە دۆخە جیاوازەکاندا، ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی خەڵک وتیشی: "ئامانجی گشتیمان کاراکردنی ڕۆڵی کۆمەڵگایە لە پاراستنی مافەکانی ژنان و گۆڕینی کلتوری گشتی (ئەو کلتورەی کە بە کەم سەیری ژن دەکات)، بۆ ئەمەش پێویسمان بە میدیاکاران و پێکەوەگرێدانی کارەکانیان لەگەڵ چالاکوانانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پیاوانی ئاینی هەیە".

 

لەمیعە محەمەد قادر، عەمیدی ماف و بەڕێوبەری بەشی پۆلیسی گەرمیان، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بەپێی کۆمەڵگە و سیستمی دەسەڵاتی هەرێم و عێراق کێشە و هۆکارەکان تاووتوێ بکرێت، "سیستەمی دەسەڵات لای ئێمە سیستەمێکی مەدەنیانە و ئازادانە و دیموکراتیانە نییە بە واتای ووشە، ئەوەی هەیە چاونوقاندنە لەم بابەتە، دەسەڵاتی چوارەم ئەبێ چاودێر بێت بەسەریانەوە، ڕۆژ نییە بە دەیان پەیوەندیمان پێوەنەکەن لەسەر گرتە ڤیدۆیەک یان وێنەیەک هەڕەشەی بڵاوبوونەوە و ناوزڕاندنیان لێدەکرێت، لەبەرامبەریشیدا دووچاری خۆکوشتن یان کوشتن لەلایەن کەسوکارەوە دەبنەوە".

 

ئەو عەمیدە باسی لەوەشکرد: "ئەگەر دەسەڵاتیش پێشێلی ئەم کەیسانە بکات، دەبێت ژنانمان یەکگرتوو بن لە بەرگریکردن و ئیشکردن بۆ نەهێشتنی ئەم تاوانە کە بە بیانووی شەرەفەوە ئەنجامدەدرێت".

 

بەهار مونزیر، بەڕێوبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، ئاماژەی بە پڕۆژەکەدا کە درێژکراوەی چالاکییەکانی دیکەی ڕێکخراوەکەیە و هەمیشەش بایەخیان بە پرسەکانی ژن و کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف داوە، وتیشی: "ئێمە ئیشمان لە زۆر کەیسدا کردووە، بە کۆششی ئەو پارێزەرە خۆبەخشانەی کاریان لەگەڵ کردووین بەدواداچوونمان بۆ چەندین کەیسی جیاواز کردووە، ئاستەنگی زۆرمان هاتووەتە ڕێ لە بەرەوپێشچونی کەیسەکانی کوشتن بە بیانووی شەرەفەوە، کۆمەڵگای کوردی بێدەنگە، دەبوو سنورێک بۆ کوشتن دابنرایە، کاتێک لە کەیسەکان دەڕوانی بۆت دەردەکەوێت هیچ یەکێک لە هۆکارەکان شایەنی کوشتنی ژنێک نین".

 

ڕێناس ساڵح، سەرنوسەری ڕۆژنامەی نەوژین لەم بارەیەوە وتی: کوشتنی ژن بە بیانووی شەرەف پرسێکە کە دەبێت تەواوی ڕێکخراو و چالاکوانانی داکۆکیکار لە پرسی ژنان و مافی مرۆڤ کاری پێکەوەی بۆبکەن، تاوەکو پرسەکە دەبێتە پرسێکی گشتی و تاوانەکە ببێتە تاوانێکی بێزراو هەر تاکێکی کۆمەڵگە لای خۆیەوە هەڵوێست دژی بگرێتە بەر، بونی ئەم گروپانە و کۆبوونەوانە، بەردەوامی کارکردن لەسەر راسپاردەکان و پشوودرێژی لە چاودێریکردنی ئەنجامەکان بەدڵنیاییەوە کاریگەری ئەرێنی دەبێت.

 

 ڕێناس ئاماژەی بەوەدا: "تا ئێستا کۆمەڵگەی کوردی پێی قبوڵە ژنێک لەسەر شەرەف بکوژرێت، واتە شەرەف گرێدەدەنەوە بە ژنەوە بۆ ئەمەش دەبێت لە پەروەدەی تاکەوە دەستپێبکرێت کە ئەم دەستەواژەیە لە ژن جیابکرێتەوە. ئەوەش ئەرکێکە لەسەر شانی وەزارەتی پەروەدە، رۆشنبیری، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و دەزگاکانی راگەیاندن".

 

جێی باسە مامۆستایانی ئاینی دەربارەی ئەم پرسە بە کۆی دەنگ ئەوەیان خستەڕوو کە ئاینی ئیسلام هیچکات ئاسانکاری ناکات بۆ کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەفەوە، لە دانیشتنەکاندا یاسا و حوکمە شەرعییەکانیان لەو بارەیەوە خستەڕوو کە لە ئاینی ئیسلامدا بە هیچ جۆرێک ئاسانکاری ناکرێت و ڕێگە بەو جۆرە تاوانە نەدراوە.

 

ت.پ