پڕۆژەی کلینکی گەل لە قامیشلۆ کرایەوە

هاوڵاتییەک بەناوی ڕەندا ئیبراهیم کە لە کلینکی گەل لە شاری قامیشلۆ کار دەکات، دەربارەی کار و بەشەکانی کلینکەکە بۆ ژنها دوا و دەڵێت: ئامانج لە کردنەوەی کلینکەکە هاوکاریکردنی هاوڵاتیانە.

 

عەبیر محەمەد

قامیشلۆ- بە ئامانجی هاوکاریکردنی دانیشتوانی قامیشلۆ و گوندەکانی دەوروبەری ڕێکخراوە مرۆییەکان و سەندیکاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی، لە گەڕەکی ئەلحەمامی شاری قامیشلۆ، پرۆژەی مرۆیی "کلینکی گەل"یان کردەوە، لەناو کلینکەکەدا چەندین بەشی چارەسەر بەدەرمان، نەخۆشی ژنان، منداڵ و تاقیگە و چەندین بەشی دیکە لەخۆدەگرێت، لەبارەیە ڕەندا ئیبراهیم کە لە کلینکەکەدا کاردەکات، باس لە کارکردن، پسپۆڕی و بەشەکانی کلینکەکە دەکات.

 

ڕەندە ئاماژەی بەوەدا: لە کلینکەکەدا چەندین ئامێری پێشکەوتووی تەندروستی هەیە، کارێک کە لە خزمەتی گەلدا بێت ئاسان نییە، بەڵام مرۆڤی خاوەن ئیرادە بێت دەتوانێت کارێکی سەرکەوتوو بکات، تا ئامادەکارییەکان تەواوبوو، زەحمەتی زۆرمان بینی، بەڵام چونکە ئامانجمان هەبوو سەرکەوتوو بووین.

 

ڕەندە وتیشی: ماوەی شەش مانگ خەریکی ئامادەکردنی کلینکەکە بووین، چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی هاوکارییان کردین، لە ئێستادا نزیکەی ١٦ پزیشکی پسپۆڕ هەیە و بەشی نەشتەرگەری، ژنۆلۆژی، منداڵ، هەروەها بۆ نەخۆشییەکانی قورگ و لوت و گوێ و خوێن و دەمار و چەندین نەخۆشی دیکە پزیشک هەیە، رۆژانەش نزیکەی ٨٠ نەخۆش لەلایەن پزیشکەکانەوە دەبینرێن و چارەسەر دەکرێن.

 

پڕۆژەکە باری گەل ئاسان دەکات

لەیلا دانیشتووی شاری قامیشلۆیە و سەردانی کلینکەکەی کردووە، لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەمڕۆ هاتووم تا نەخۆشییەکەم چارەسەر بکەم، زۆرینەی خەڵک کرێکاری دەکات و پارەی چوونە کلینکە تایبەتەکانیان پێنییە، چونکە زۆر گرانن، بەڵام کلینکی گەل باری سەرشانمانی سوک کردووە و هاوکارییەکی باشیشە.

ت.پ