پێشێلکارییە بەرفراوانەکانی دژ بە ژنان لە عەفرینی داگیرکراو

گەلی عەفرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەلایەن تورکیا و چەتەکانیەوە داگیرکراوە ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە و ئەو ژنانەی لە زیندانەکانیان دەستگیرکراون تووشی نەخۆشی دەبن.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

حەلەب- گەلی عەفرین بەتایبەتی کوردەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن تورکیا و چەتەکانیەوە داگیرکرا، ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی پێشێلکاری بوونەتەوە، لەوانە بێبەشکردنی مافەکان و زیندانیکردن و توندوتیژی بە شێوە جۆراوجۆرەکانی، لایەنی نێودەوڵەتیش لە بەرامبەر ئەم کردەوانە بێدەنگە.

 

زەینەب ئەحمەد محەمەد، تەمەن ٦٥ ساڵ، خەڵکی ناوچەی شەرای عەفرینە، شایەتی ئەو ئاژاوە و کوشتن و دەستگیرکردنەیە کە لەلایەن داگیرکەرانی تورکیاوە لە عەفرین ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوەکرد، دوای داگیرکردنی شارەکە لە ١٨ ئاداری ٢٠١٨ لەلایەن چەتەکانەوە دەستگیرکراوە، وتی: لە سەرەتای هێرشەکەی داگیرکاری تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین، بەرخۆدانێکی گەورەیان بەرامبەر کرا، ئێمە بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ هەموو هێزمانەوە خەباتمان کرد، دوای داگیرکردنی شارەکە، زۆربەی خەڵکەکە چوونە دەرەوەی شارەکە، سەرەتا نەمتوانی شارەکەم بەجێبهێڵم کە منداڵی و گەنجیم تێدا بەسەربرد، کاتێک لە ماڵ دەچوومە دەرەوە، بە چاوی خۆم ئەو وێرانکارییانەی لەلایەن بەکرێگیراوەکانەوە دروست بوو بینیم، لە سەرانسەری عەفرین ئاژاوەیان دروستکرد، ئەوان لەبەردەم پەیکەری کاوەی ئاسنگەر ڕاوەستابوون و وێرانیان کرد، هەروەها چوونە ناو هەموو دوکانەکانی خەڵکەوە و دەرگاکانیان شکاند و دزییان کرد، تەنانەت هاوڵاتیانی مەدەنیش ڕزگاریان نەبوو چونکە زۆرێکیان دەستگیرکرد.

 

عەفرین بوو بە گۆڕستان

لەبارەی پێشێلکارییەکانی دژ بە خەڵکی عەفرین، زەینەب ئەحمەد وتی: ڕۆژێک کاتێک بە دەوری شاری عەفرینی خۆمدا پیاسەم دەکرد، بەکرێگیراوەکان لە ژنێکی بەتەمەنیان داو فڕێیان دایە سەر زەوی، ڕۆژێکیان لە نزیک سەرایا ڕاوەستابووم، لەناکاو تەقەکراو لەو کاتەدا ژنێک دەستی منداڵەکەی گرتبوو، منداڵەکە بوو بە پارچەیەکی بچووک، تەنها دەستی لە دەستی دایکیدا مایەوە.

 

زەینەب ئەحمەد نەیتوانی بەرگەی هەموو ئەو شتانە بگرێت کە لە شارەکەدا ڕوودەدات، بۆیە بڕیاری دا بڕوات بۆ گوندەکان بۆ ئەوەی لە خراپەکاری بەکرێگیراوەکان پارێزراو بێت و خێزانەکەی بپارێزێت لە بۆردومانە بەردەوامەکانی شارەکە، وتی: ئێمە تەنها لاشەی بڵاومان بینی لە لای ڕێگا بۆ ناوچەی ڕاجۆ خوێن لەسەر زەوی وەک ڕووبارێک ڕۆیشت، بۆردومان لە لایەکەوە بەردەوام بوو، بۆیە گەڕاینەوە بۆ شارەکە و لە ژێرزەمینێکدا ماینەوە بۆ پاراستنی خۆمان لە بۆردومانی هەڕەمەکی، ژێرزەمینەکە پڕبوو لە خەڵکی مەدەنی هەڵهاتوو.

 

دەستگیرکردن و دەستدرێژی لە دژی ژنانی عەفرین

زەینەب ئەحمەد وتیشی: من لە ماڵی خۆم بووم کاتێک لەناکاو گوێم لە دەنگی زەنگەکە بوو، ڕۆیشتم بۆ دەرگاکە و کەسێک پێی وتم لەگەڵی بڕۆم بۆ ئەوەی یارمەتی بدەم کە ڕێکخراوەکان هاوکاری پێشکەش دەکەن، لەو کاتەدا بۆم دەرکەوت کە شتێک ڕوودەدات، بۆیە ڕەتم کردەوە لەگەڵیدا بڕۆم و چەکەکەی بۆ ئاماژە پێکردم، هەوڵمدا هەڵبێم، بەڵام ئۆتۆمبێلێکی چەتەکان لەبەردەمم ڕاوەستا و کەلەپچەی کردە دەستم و دەستگیری کردم، دوای ئەوەی من لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دانرام، دەستیان کرد بە پیاسەکردن بە شارەکەدا و دوو ژنیان دەستگیرکرد تەنها لەبەر ئەوەی بەرهەڵستیمان کرد و لە ماڵەکەمان دەرنەچووین و ئێمەیان برد بۆ ئەو دادگایەی کە دایاننابوو، دواتر ئێمەیان برد بۆ شوێنێکی نزیک شاری کلیس، نزیکەی ٣٧ پیاویشیان دەستگیرکردبوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی خۆرهەڵاتندا لە ئۆتۆبمێلەکان دایانگرتن و لە ژوورێکی بچووکدا دایاننان و بەبێ بەزەیی دەستیان کرد بە لێدانیان، وتیشی: لەو کاتەدا لە خۆم پرسی بۆچی ئێمە ڕووبەڕووی ئەم هەموو پێشێلکارییانە دەبینەوە، چونکە ئێمە کوردین؟" بینیم لانیکەم ١٥٠ ژنی کورد لە هەموو گوندەکانی عەفرین لەو ژوورەدا دەستگیرکراون، لە ماوەی ئەو مانگەی کە لە زینداندا مامەوە، چەندین چیرۆکی ئەو ژنانەم بینی کە لەلایەن چەتەکانی تورکیاوە هەراسان کرابوون، تەنانەت منداڵەکانیش لە بەکرێگیراوەکانی داگیرکاری تورکیا ڕزگاریان نەدەبوو، هێشتا بیرمە کچێکی تەمەن ١٠ساڵان لەگەڵ دایکی بە تۆمەتی درۆ دەستگیرکرابوو، چەتەکان هەموو ئێوارەیەک لە دایکیان دەدا، ڕۆژێکیش لەبەر ئەوەی منداڵەکە چیتر بەرگەی ئەشکەنجەی دایکی نەگرت، هەوڵی خۆکوشتنی دا.

 

ژمارەی ژنانی دەستگیرکراو زیادی دەکرد

زەینەب ئەحمەد باسی لە چیرۆکی ژنێکی گەنج کرد کە لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکراوە و وتی: ژنێکی گەنج لە گوندی کەفر سەفەر لەلایەن چەتەکانەوە دەستگیرکراو بە تۆمەتی لەشفرۆشی و سەرەڕای ئەو لێدانانەی کە ڕووبەڕووی بووەوە ئەو بەردەوام بوو لە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی دژی، ئەوان هەموو مافەکانیان پێشێل کردوو، پزیشکێکیان هێنا بۆ پشکنینی پەردەی کچێنی، پزیشکەکە وتی ئەو بێتاوانە، بەڵام ئەوان ئازادیان نەکرد و بەردەوام بوون لە ئەشکەنجەدانی بە ڕژاندنی ئاوی سارد بەسەر لەشیداو لێدانی بە داری کارەبایی، زیندانی چەتەکان پڕە لە ژنانی دەستگیرکراو.

 

"دەیانەوێت ئیرادەی ژنان لاواز بکەن"

سەبارەت بە بەئامانجکردنی ئێزیدییەکان، ڕانیا جەعفەر، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە حەلەب وتی: لە ساڵی ٢٠١٤، بینیمان چۆن چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و بەتایبەتی ژنانیان کردە ئامانج، ویستیان ئیرادەی ژنان بشکێنن بە ئەنجامدانی ئەو کارە لە گوندی کۆجۆی شەنگال کە سەر بە شەنگالە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزیدی دەستگیرکران، هاوسەرگیرییان پێکراو لە بازاڕەکانی کۆیلەدا دەستدرێژییان کرایە سەر و فرۆشران.

 

سەبارەت بەو بەرخۆدانەی کە ژنان لە شەنگال لە دژی چەتەکانی داعش نیشانیان دا، وتی: ئەو ژنانەی کە بەرخۆدانیان لە دژی چەتەکان کرد، لە قەفەزی ئاسندا دانران و لەگەڵ منداڵەکانیان سوتێندران، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە لە بازاڕی کۆیلەدا دەفرۆشران، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ژنان گەڕانەوە ڕیزەکانیان ڕێکخست و شەڕیان لەگەڵ داعش کرد و هێزی خۆیان پێکهێنا بۆ پاراستنی خۆیان و بوون بە نموونەی بەرخۆدان.

 

ڕانیا جەعفەر ئاماژەی بە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی شەنگال لە عەفرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردو وتی: هێرشی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ سیناریۆی بەئامانجکردنی ئێزیدییەکان دووبارە کرایەوە، بەڵام بە شێوەیەکی دیکە ڕۆژانە مافەکانی خەڵکی عەفرین بە تایبەتی ژنان پێشێل دەکرێت، دەیان ژن لە زیندانەکانی چەتەکاندا ماونەتەوە، جگە لە زیادبوونی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لە شارەکە و هەروەها هاوسەرگیری بەزۆر لەگەڵ چەتەکان.

لەبارەی ناچارکردنی ئێزیدییەکان بۆ ئەوەی ببنە ئیسلام وتی: جگە لە هەموو ئەو پێشێلکارییانەی کە ئێزیدییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەم دواییانەدا لەژێر هەڕەشەدا ناچارکراون ببنە ئیسلام، هەوڵێکە بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد و ژنان بەتایبەتی لە عەفرین.

 

شۆڕشی ڕۆژئاوا دەروازەیەکە کە مافی هەموو پێکهاتەکانی داوە

سەبارەت بە ڕاستی ژنانی ئێزیدی پێش و پاش قەیرانی سوریا، ڕانیا جەعفەر وتی: پێشتر نەماندەتوانی نەریتەکانمان بە ئاشکرا ئەنجام بدەین، ئێمە ڕووبەڕووی توندوتیژی بووینەوە کاتێک وتمان کە ئێمە کوردین،  ئەگەر بڵێین ئێزیدیین، ئەوان بە کافر ناویان دەبردین، بەڵام شۆڕشی ڕۆژئاوا زۆرێک لەو ڕاستییە ئازاربەخشەی گۆڕی کە تێیدا دەژیاین، لەو شوێنەی کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لە بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە سەرچاوەی گرتووە و مافی خۆی بە هەموو پێکهاتە و ئایین و ڕەگەزێک بەخشیوە، هەریەکەیان مافی ئەوەی هەیە کە ڕێوڕەسم و نەریتەکانی خۆی جێبەجێ بکات و کولتووری خۆی زیندوو بکاتەوە و ژنان مافی بەشداریکردنیان لە هەموو بوارەکاندا بەدەستهێنا و ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگادا سەلماند.