پەروین ئازاد: هاوسەرگیریی منداڵان قەیرانێکە کە قورسایی هەژاری و یاساکان خراپتر دەکات
پەروین ئازاد، چالاکوانی مافی منداڵان جەختی لەوە کردەوە، کە هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران تەنها دیاردەیەکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو قەیرانێکە کە هەژاری و هەڵاواردن و توندوتیژی پەرپێدەدات.
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ- هاوسەرگیری منداڵان جۆرێکە لە توندوتیژی سیستماتیکی، منداڵانی کچ لە منداڵی دەدزێنن و دەرفەتەکانیان بۆ خوێندن و سەربەخۆیی بەرتەسک دەکەنەوە، ئەم دیاردەیە نەک هەر ژیانی ژنان وێران دەکات، بەڵکو هەموو کۆمەڵگەش لە سووڕێکی هەژاری و جیاکاری و توندوتیژیدا گیر دەخوات.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان کە تیشک دەخاتە سەر تاوانەکانی کوشتن و دەستدرێژی و هاوسەرگیری منداڵان، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پەروین ئازاد، چالاکوانی مافی منداڵان ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردنی لێکەوتە ڕاستەقینەییەکانی هاوسەرگیریی منداڵان لەسەر مندالانی کچ و ژیانیان.
دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان لەم ساڵانەی دواییدا تا چەند خراپتر بووە و کاردانەوەکانی بۆ ژنان و کۆمەڵگە چییە؟
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئیعتیماد، لە ساڵی ڕابردووەوە بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە توندوتیژی خێزانی و هاوسەرگیری منداڵان سنووردار کراوە و بڵاوکردنەوەی بەربڵاوی ئەم داتایانە چیتر ڕێگەپێدراو نییە، ئەمەش وا دەکات پشتبەستن بە ڕاپۆرتە فەرمییەکان لە ئێراندا جێی متمانە نەبێت، سەرەڕای بوونی هەندێک ڕێوشوێنی یاسایی کە بەشێکی سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە، بەرزترین ڕێژەی لە پارێزگا هەژارەکانی وەک خوراسان ڕەزەوی، ئازەربیجانی ڕۆژهەڵات و سیستان و بەلوچستان تۆمار دەکرێت، کە بێبەشی ئابووری قەیرانەکە زیاتر دەکات.
دیارترین هۆکاری پشت هاوسەرگیری منداڵان زیادبوونی هەژارییە، فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە ئەو خێزانانە ناچار دەکەن کە سەرچاوەی سنووردار و ژمارەیەکی زۆر منداڵیان هەیە لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری منداڵە کچەکانیان ئەنجامبدەن، تەنانەت هەندێکجاریش بیفرۆشن، ئەمەش وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان یان دڵنیابوونە لە مانەوە، جگە لە هەژاری، یاساکانی پیاوسالاری بەشدارن لە بەردەوامبوونی ئەم پراکتیزەیە، یاساکە ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی کچی تەمەن ١٣ ساڵ و تەنانەت تەمەنی نۆ ساڵان دەدات بە ڕەزامەندی باوک یان باپیر و فەرمانی دادگا.
جگە لەوەش، هەژاری کولتووری و تێڕوانینی نەریتی و جیاکاری بۆ مندالانی کچ وەک "بارگرانییەکی زیادە" لەسەر خێزان ئەم دیاردەیە بەهێزتر دەکەن، هەندێک لە خێزانەکان ترسیان لە دەرئەنجامەکانی زیادبوونی تەمەنی منداڵە کچەکەیە و بە "شەرمەزاری کۆمەڵایەتی" دەزانن، بۆیە هاوسەرگیری پێشوەختە بە چارەسەر دەبینن، ئەم هۆکارانە بەیەکەوە، هاوسەرگیری منداڵان دەکەنە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە کە لە بەشێکی زۆری وڵاتدا بەردەوامە.
چۆن دادوەر منداڵێک بە شایستەی هاوسەرگیری و بەرپرسیارێتیەکانی بزانێت، لەکاتێکدا یاسا خۆی وەک گەورەساڵێکی سەربەخۆ نایناسێت؟
ڕیشەی ئەم دژایەتییە لە سیستەمی پیاوسالاری و هەڵاواردنی چەسپاو لە ئێراندایە، هاوسەرگیری منداڵان تەنها دیاردەیەکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو قەیرانێکی بەربڵاوە کە سێبەرێکی دوور و درێژ بەسەر ژیانی مندالامی کچ و داهاتووی کۆمەڵگەدا دادەنێت، منداڵییان لێ دەدزێن و لە تەمەنێکی بچووکدا ناچارن بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری و ماڵ و دایکایەتی لە شان بگرن، ئەمەش متمانە بەخۆبوونیان تێکدەدات و خوێندنیان دەبڕێت و دەرفەتە کۆمەڵایەتییەکانیان دەشێوێنێت، ئەم فشارانە زۆرجار دەبێتە هۆی گۆشەگیری و ڕاکردن لە ماڵەوە و ڕەفتاری مەترسیدار و تەنانەت خۆکوشتن.
نەبوونی پەروەردە و سەربەخۆیی دارایی مندالانی کچ لە پەرەپێدانی توانای تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بێبەش دەکات، نەوەکانی داهاتوو لە بازنەی هەژاری و بێبەشییدا گیریان خواردووە، بەم شێوەیە هاوسەرگیری منداڵان دەبێتە سیستەمێکی پێکهاتەیی کە بەردەوام هەژاری و جیاکاری و توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت.
لە ڕوانگەی جەستەییەوە دەرئەنجامەکانی لەوەش توندترن، ئەو مندالە کچە ١٤ ساڵە کە بە زۆرەملێ هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوانی گەورەتردا دەکات، توانای جەستەیی و دەروونییان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوسەرگیری پێشوەختە و دووگیانی، ئەم بارودۆخانە دەبێتە هۆی مەترسی تەندروستی ڕاستەقینە و زەبر و زەنگی دەروونی قووڵ، ئەمەش فشارە دەروونی و جەستەییەکان کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ئاڵۆزتر دەکات.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین هاوسەرگیریی منداڵان زنجیرەیەک زیانی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بەیەکەوە گرێدراو دروست دەکات، نەک تەنها ژیانی منداڵانی کچ لەناو دەبات، بەڵکو نەوەکانی داهاتووش دەخاتە ناو سووڕێکی هەژاری و نەزانی و توندوتیژی هەمیشەییەوە.
لە ژێر ڕۆشنایی قەیرانی ئابووریی ئێستای ئێراندا چ ڕێکار و ڕێگاچارەیەک بۆ کەمکردنەوەی هاوسەرگیری منداڵان دەکرێت؟
هاوسەرگیری منداڵان لە زیادبووندایە، تەنانەت هەندێکجار بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاندەدرێت لەلایەن سیاسەتەکانی حکومەتەوە کە قەرز و هاندانێکی دارایی بۆ هاوسەرگیری پێشکەش دەکەن بۆ زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان، ئەمەش پاڵ بە خێزانە هەژارەکانەوە دەنێت کە هاوسەرگیری منداڵە کچەکانیان لە تەمەنێکی بچووکدا ئەنجام بدەن.
ڕیشەی ئەم دیاردەیە هەژاری و نائاسایشی ئابوورییە، تا ئەو کاتەی خێزانەکان تەنانەت لە کەمترین ئاستی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بێبەش دەبن، منداڵان وەک "سەرمایەی بازرگانی" بەرەوڕووی چەوساندنەوە دەمێننەوە، لە ژێر قەیرانی ئابووری و سیاسەتەکانی ئێستای دانیشتوواندا، بنبڕکردنی هاوسەرگیری منداڵان بە کردەوە سەختە.
یاسا جیاکارییەکان زیاتر ئەم کارە بەردەوام دەکەن، ڕێگە بە منداڵانی کچ دەدەن لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، یان تەنانەت لە تەمەنی بچوکترەووە بە فەرمانی دادگا، چارەسەریش بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕگانە و بەرزکردنەوەی کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری بۆ هەژدە ساڵ، بەڵام لە سیستەمێکی پیاوسالاریدا، ئەم جۆرە چاکسازییانە بەدەست ناهێنرێن.
ئەم عەقڵیەتە ژنکوژییە لە یاساکانی دیکەشدا دیارە، وەک بەخشینی باوکێک لە سزای لەسێدارەدان ئەگەر منداڵەکەی بکوژێت، ئەمەش بە ڕوونی نیشان دەدات کە یاساکانی ئێستا منداڵان ناپارێزن، بەڵکو بەشدارن لە بەردەوامبوونی دەستدرێژیکردن، لەم سیستەمەدا ژنان مافی بڕیاردانی چارەنووسی جەستەیان و ژیانی خۆیان نییە و هاوسەرگیریی منداڵان تەنها لە ڕێگەی سیستەمێکی گەلی دادپەروەرانە دەتواندرێت ئاسایش و ماف و دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان مسۆگەر بکات.