"پەروەردەی منداڵ کاریگەری لەسەر گۆڕینی کۆمەڵگەیە هەیە"

شاگوڵ عوسمان باس لە ڕۆڵی دایک لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی وەک شۆڕشگێر دەکات، ڕۆڵی ژنانیش لە کۆمەڵگەدا و لە ڕووبەڕوو بوونەوەی داگیرکاری لەسەر کوردستان بە گرنگ پێناسە دەکات.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- خوێندکارێکی زانکۆ ڕۆڵی دایکان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان و بەهەمهێنانی گەنجێکی بە هەڵوێست بە گرنگ دەزانێت، لە هەمان کاتیشدا ئاماژە بە ڕۆڵ و پێگەی ژن لە کۆمەڵگە و لە پاراستنی نیشتمانی دایک دەکات و بانگهێشتی ژنان دەکات بە هەڵوێست بن لەبەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا و تۆپبارانەکانی وڵاتی ئێران.

 

شاگوڵ عوسمان گەنجێکی ١٩ ساڵەی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، خوێندکاری زانکۆ بەشی کاری کۆمەڵایەتییە، سەبارەت بە ڕۆڵی دایکان لە پەروەردەکردنی منداڵی شۆڕشگێڕ دەڵێت: ئەو پەروەردەیەی کە دایکێک دەیدات بە منداڵەکەی، ئامادەی دەکات بۆئەوەی بچێتە ناو کۆمەڵگە، وە ئەو منداڵانە کە دەچنە ناو کۆمەڵگە، کۆمەڵگە دەگۆڕن بۆ ئەو شێوەیەی کە پەروەردەیان پێدراوە، بۆیە گرنگە دایک ڕۆڵی هەبێت لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی.

 

دایک هەموو ڕۆڵێک دەبینێت لە کۆمەڵگەدا

هەروەها جگە لە رۆڵی دایکان سەبارەت بە پێگە ی ژنان دەشڵێت: ژن دەتوانێت هەموو ڕۆڵێک بگێڕێت کە کۆمەڵگە پێویستیەتی، دەکرێت وەک میدیاکار، سیاسی ، پزیشک، هتد .. ڕۆڵ ببینێت و بە باشی ئەنجامی بدەن .

 

ئاماژە بەوەش دەدات تەواوی پیشە و داهێنانەکان لە سروشتدا لە سەر دەستی ژن دروستبووە و هاتووەتە بەرهەم و پەرەی پێدراوە، چونکە ژن کاری داهێنان بووە و بەرهەمهێنەر بووە، توانیویەتی پێشکەوتن لە ژیاندا بهێنێتە بوون.

 

ژنانی شەڕڤان توانییان هێزی داعش تێکبشکێنن

ئەو خوێندکارە دەشڵێت: لە سەردەمەکانی پێشووتردا کە بەردەوام داگیرکاری لەسەر کوردستان هەبووە، ژنانی کورد ڕۆڵی باشیان بینیوە، بەرهەڵستی داگیرکارییان کردووە و بۆ ئازادی کوردستان بە شۆڕش و بە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان لە سەر ڕێچکەی شۆڕشگێڕی ڕۆڵێان گێڕاوە، شاگوڵ شۆڕش و ئازایەتی و سەرکەوتنەکانی شەڕڤانانی ژن بە نمونە دەهێنێتەوە کە لە شەڕی کۆبانێدا لە نێوان شەرڤانان و چەتەکانی داعش ڕویدا و دەڵێت: "ئێمە بینیمان چ ڕۆڵێکی کاریگەر و سەرکەوتووانەیان بینی لەو جەنگەدا".

 

شاگوڵ لە بەشێکی تری قسەکانیدا بانگ لە ژنان دەکات بە هەڵوێست بن لە بەرامبەر داگیرکارییەکان و دەڵێت: وەک چۆن ژن لە ڕابردوودا هەمیشە هەڵوێستی هەبووە لە داگیرکارییەکانی لەسەر کوردستان هەبووە، پێویستە ئێستاش بەردەوامی بەو هەڵوێستانە بدرێت لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییانەی کە ڕووبەڕووی کوردستان دەبێتەوە، بە تایبەت داگیرکاری و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران.

 

شاگوڵ عوسمان، خوێندکاری زانكۆ، سەبارەت بە بیری ئازاد و سیاسەت لای ژنان پێی وایە پێویستە ژن بیرکردنەوەیەکی ئازادی هەبێت، چونکە پێشکەوتووی و سەرکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک پەیوەستە بە ئاستی ڕۆشنبیری ژنەوە، بۆیە پێویستە ژن لە هەموو بوارەکانی ژیان چالاک بێت بەتایبەت لە سیاسەتدا، چونکە دەتوانێت زۆر ڕۆڵی گرنگ ببینێت، نمونەی عادیلە خان وەک ژنێکی سەرکردەی باشوری کوردستان دەهێنێتەوە.

 

ت.پ