پەروەردەى دایک و باوک هۆکارە بۆ جیاوازی ڕەگەزیی

خێزان و کۆمەڵگە ڕێگرن لەبەردەم یەکسانی ژن و پیاو، چونکە ئەو پەروەردەیەی منداڵی لەسەر بنیاد دەنرێت هەموو دەسەڵات و هێزێکی بەخشیوەتە پیاوان، پسپۆڕێکی پەروەردەییش دەڵێت: سۆشیال میدیاش بەشێکە لە ڕێگرییەکانی بەردەم ژنان.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ئایا هۆکاری جیاوازی کردن لە نێوان ژن و پیاو لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە؟، بۆ لە کایەکانى ژیاندا هەمیشە ژنان بە پلە دوو دادەنرێن، چی وایکردووە هەمیشە ژنان لە دامودەزگاکاندا بە لاواز یان زەعیفە تەماشا بکرێن؟، ئەمانە کۆمەڵێک پرسن کە هەمیشە خود ئاڕاستەی خۆی دەکات، پسپۆڕێکی پەروەردە ئاماژەی بەوەدا کە پەروەردەی دایک و باوک و کۆمەڵگە هۆکاری سەرەکی جیاوازی کردنە لە نێوان ڕەگەزەکاندا.

 

دکتۆر کەژاڵ محەمەد ئەحمەد، پسپۆری پەروەردە، دەربارەی جیاوازی ڕەگەزیی ئاماژەی بەوەدا کە دایک و باوک بە ڕێگەی جیاواز پەروەردەی منداڵەکانی دەکات، ئەو متمانەیەی بە منداڵە کوڕەکانی دەبەخشن، جیاوازە لەو متمانەیەی کە بە منداڵی کچ دەبەخشرێت، "ئەو چاودێریکردنەوەی بەسەر منداڵەوە دەکرێت هەندێک جار چاودێریکردنی وردە و هەندێک جار منداڵەکان پشتگوێ دەخەن، کە لە هەردوو بارەکەدا زیان بە منداڵەکە دەگات".

 

بەهۆی پەروەردە و کۆمەڵگەوە ژنان کەمتر ڕووبەڕوو دەبنەوە

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەدا هەزاران ساڵە کە دەسەڵات لای پیاوان بووە و تا ئێستا لە زهنیەتیاندا ماوەتەوە، بە شێوەی پاراستنی خێزان دەسەڵاتیان نیشان دەدەن، وتیشی: ژنانیش پاراستنی خێزانیان بۆ گرنگە بەڵام ئەگەر وەک پیاوان پاراستن بکەن کە دەسەڵاتدارییە دەبێتە هۆی ناکۆکی لە نێوان ژن و پیاواندا".

 

کەژاڵ ئاماژەی بەوەدا بواری سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئارام نییە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە، ژنان و پیاوان ڕووبەڕووی هێرش و نائارامی دەبنەوە، بەڵام بە پێی کۆمەڵگەکەمان کە داخراوە و خۆپارێزە، ژنان ئەگەرچی زیاتر ڕووبەڕوی هێرش دەبنەوە بەڵام نایانەوێت کە خێزانەکانیانب بکەنە قوربانیی کارە سیاسییەکانیان، لەمەشدا ژنان جیاواز لە پیاوان کۆمەڵگە وایلێکردووە کەمتر ڕووبەڕوو ببێتەوە لەبەر خێزان.

 

سۆشیال میدیا بووەتە لەمپەری بەردەم پێشکەوتنی ژنان

کەژاڵ محەمەد، باس لە سۆشیال میدیا دەکات کە بووەتە یەکێک لە لەمپەرەکانی بەردەم ژنان، چونکە کاتێک ژنێک بیەوێت پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت بە دەیان ڕێگە تانە و تەشەری لێدەدەن و ڕێگە نادەن بگاتە ئەو ئامانجەی کە دەیەوێت بە دەستی بێنێت، هەروەها لەبارەی ئابووری سەربەخۆوە دەڵێت: پێویستە ژنان ئابوری سەربەخۆی خۆیان هەبێت و حکومەت سندوقی پشتگیری ژنان دابنێت، چونکە ژن خاوەن توانایەکی زۆرە بەڵام لەڕووی ماددیەوە ناتوانێت هەنگاوی زیاتر بنێت.

 

ئەو پسپۆڕی پەروەردەیە وتیشی: پێویستە حکومەت یاسایەکى هەبێت بۆ ئەوەى ئەو ژنەى لەناو سیاسەت کاردەکات بەپێی یاسایەک پارێزراو بن لە دەستدرێژی و توندوتیژی، چونکە ژنان لەناو خێزانن و خێزانیش بەشێکە لە کۆمەلگا.

 

ت.پ