پەردە لەسەر پەیکەری ڕابەرێکی خۆپیشاندانەکان لادەدرێت

پەردە لەسەر پەیکەری ژنێکی تێکۆشەر و ڕابەری خۆپیشاندانەکانی ١٩٤٨ی عێراق لە سلێمانی لادەدرێت، کە ژیانێکی لە خەبات و تێکۆشاندا بەسەربردووە و بەجەرگی ئەو و ژنانی دیکە بووەتە هەوێنی شیعرێکی پیرەمێرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە فولکەی فامیلی مۆڵ لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێکدا بە دروشمی "تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا، قەڵغانی گولە سنگی کچان بێت لە هەڵمەتا"، پەردە لەسەر پەیکەری تێکۆشەری کورد "ناهیدە سۆفی" لادرا و فولکەکە کرا بە ناوییەوە.

 

لە مەراسیمەکەدا وتاری حیزبی شوعی خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەکرد کە تا ئیستا وەفادارن بەرامبەر بە تێکۆشانی ناهیدە سۆفی، کە ژنێکی بوێری شاری سلێمانی بووە و لە ڕیزەکانی حیزبی شوعی عێراقدا بووە، بەو هۆیەشەوە چەندین جار توشی گرتن و زیندان بووەتەوە، هەروەها ناهیدەیان بە ژنێکی چاونەترس و لەخۆبردوو پێناسەکرد.

 

ئاواز عەلی دراوسێی ماڵی ناهیدە لە لێدوانێکدا باس لەوە دەکات خێزانی ناهیدە خێزانێکی کوردپەروەر و تێکۆشەر بوون، ئاواز بە گرنگیشی زانی کە هەمیشە یادی ئەو ژنە تێکۆشەرانە بکرێتە لە پای ئەو خەباتەی کە کردوویانە، تا نەوەی نوێ ئاشنا ببن پێیان.

 

سانا یەکێکە لەو ژنە گەنجانەی ئەرکی ڕازاندنەوەی چوار ڕیانەکەیان گرتووەتە ئەستۆ لەلایەن لمسات سەما-وە، ئاماژە بەوە دەکات گرنگە ڕێژەی سەوزایی لە شاردا زیاد ببێت، هەروەها بۆ خستنە بەرچاوی ناو و تێکۆشانی ژنان، شار زیاتر دەڕازێتەوە و مێژووی ئەو ژنانەمان لەبەرچاو دەبێت.

 

بەدیعە محەمەد کەسوکاری ناهیدە سۆفی، باس لە ڕۆڵی ناهیدە خان دەکات لە ڕاپەرینەکاندا و ئاماژەش بەوە دەکات ناهیدە لە ساڵانێکدا تێکۆشانی کردووە کە کەم کەس هەبوون ئەو بوێرییەیان هەبێت، دەشڵێت: ئێمە سەربەرزین بە خەباتی ناهیدە و هیوادارین کە گرنگی زیاتر بدرێت بە زیندوو کردنەوەی ناوی ژنانی تێکۆشەر و خەباتکار.

 

ناهیدە سۆفی کێ بوو؟

ناهیدە محێدین سۆفی ناسراو بە ناهیدە سۆفی، لە ساڵی ١٩٣٢ لە گەڕەکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، ژنێکی تێكۆشەر و خەباتکار بووە و بەشداری ڕیزەکانی حزبی شوعی عێراقی کردووە، بەهۆی بەردەوامیدان بە خەبات و تێکۆشانیەکانی خۆی و پێشمەرگە بوونی کورەکانییەوە، چەندین جار زیندانی دەکرێت و داوای لێدەکرێت کوڕەکانی بدات بە دەستەوە، بەڵام لە وەڵامدا دەڵێت چی لە من دەکەن بیکەن، بەڵام کوڕەکانم نادەم بە دەستەوە.

 

ناهیدە لە ساڵی ١٩٤٨دا کاتێک سەرتاسەری عێراق دەست دەکەن بە خۆپیشاندان دژ بە پەیماننامەی پۆرتسموسی نێوان حکومەتی عێراق و بەریتانیا، لە شاری سلێمانیش گەنجان و ژنان بە ڕۆحێکی بەرزەوە دەست بە خۆپیشاندان دەکەن و ناهیدە دەبێتە ڕابەریان، ئەم خۆپیشاندانە جەماوەرییەی عێراقیش بە "وثبە" یاخود ڕاپەرینی کانون ناسراوە.

 

کاتێک پیرەمێردی شاعیر ئەو هەموو گەنج و ژنە بەجەرگە دەبینێت، دەبێتە هەوێنی شیعرێکی و لەویا دەڵێت:

تائێستا ڕووی نەداوە لەتەئریخی میللەتا

قەڵغانی گوللە سنگی كچان بێت لەهەڵمەتا

 

ناهیدە سۆفی لە ١١ی ئەیلولی ١٩٩٤ کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە و بۆ هەمیشە ناوێکی دیارە لە میژووی کورد و ژنانی تێکۆشەردا.

 

ت.پ