پەندەکان، وێژەی زارەکی دژە ژن

پەندەکان بەشێکن لە وێژەی زارەکی کە تیایدا پیاوان لە پەندەکانی پەیوەست بە ڕەگەزدا لە پێگەیەکی باڵاتردا دادەنرێت لە ژنان، ئەمەش بەهۆی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەدارییەوەیە و زۆرێک لە پەندەکان بەسەر ژناندا سەپێندران.

سایدا شێرزاد

 

سنە-پەندەکان ئامرازێکە بۆ دەربڕین کە بەزۆری مێژوو و چیرۆکێکی شاراوە یان لەبیرکراویان هەیە و پاشخانی هەندێکیان بۆ هەمووان ڕوون نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە لە قسەکردندا بەکارهێندراون هەروەها بەهۆی گرنگییەکەیەوە لە ڕەنگدانەوەی کولتووری خەڵکدا، لە ناسنامەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا بە پۆلێکی گرنگ دادەنرێت.

 

پەندەکان بەشێکن لە وێژەی زارەکی کۆمەڵگەیەک، بەتایبەتی پەندەکانی پەیوەندیدار بە ڕەگەزەوە کە پیاوان لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرزتردا لە ژنان نیشان دەدەن، و ئاماژە بەوە دەکەن کە پیاوان توانای فیکری و دەروونی زیاتریان هەیە لە چاو ژنان، ئەمەش بە دامەزراوەیی کراوە و بە شێوەیەک جێبەجێ کراوە بۆ ژنان هەندێک جار بە قازانجی ئەوان دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەرئەنجامی بیری پیاوسالارییە و لەگەڵ ئامانجەکانی پیاوسالاریدا دەگونجێت.

 

"کەژاڵ. ڕ" کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە دەروونناسی و بڕوانامەی ماستەر لە کۆمەڵناسیدا وتی: دەبێت تایبەتمەندی سەرنجڕاکێشی وێژەییان هەبێت و تاڕادەیەک هۆنراوەیی بن ، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بۆتە تێڕوانینێک بۆ مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا، هەندێکجار بەرهەمی دەسەڵاتی نادادپەروەرانە بووە کە هەرگیز لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە و وێژەی زارەکی دژە ژن لەلایەن زۆر کەسەوە بە "توندوتیژی زارەکی دژی ژنان" دادەنرێت.

 

"لە پەندەکاندا توندوتیژی دژی ژنان بەکاردەهێندرێن"

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی ئەو دەربڕین و پەندانەی دژی ژنان لە جوگرافیای کوردستاندا دەردەکەون، بەهۆی دەسەڵاتداری کۆمەڵگەی پیاوسالارییەوە، کە لەسەر بنەمای سیستمی فیۆداڵی دامەزراوە، جۆرەکانی تری توندوتیژی کە دژی ژنان بەکاردەهێندرێن بریتین لە لاوازکردنیان لە ڕووی جەستەیی و فیکرییەوە، هەروەها بە بیانووی ئەوەی ژنان سۆزدارین، ڕێگرییان لێدەکرێت بڕیار بدەن.

 

" پیاوان تەنیا لە ڕوانگەی خۆیانەوە ژن دەبینن"

 "کەژاڵ. ڕ" جەختی لەسەر جیاوازییە فیزیکییەکانی نێوان ژن و پیاو کردەوە و وتی: بە بۆچوونی من ژنان جیاوازی فیزیکیان لەگەڵ پیاوان هەیە، زۆرێک لە پیاوان لە ڕابردوودا تایبەتمەندییە فیزیکییەکانی ژنانیان نەدەزانی، ژنانیش زۆریان لەبارەی پیاوانەوە نەدەزانی، لەسەردەمی کۆن، هیچ شتێک نەبوو ناوەکەی تێگەیشتن و ناسینەوەی یەکترە (نێر یان مێ، بۆیە پیاوان تەنها لە ڕوانگەی خۆیانەوە دەڕوانن و بەپێچەوانەوە ژنان لە ڕوانگەی خۆیانەوە دەڕوانن پیاوان وەک منداڵێک دەمێننەوە و پێویستی بە سۆز هەیە پاساوێکە بۆ خزمەتکردنی ژن بۆ پیاو، کە بەهۆی بارودۆخ و ژینگەوە بەسەریدا دەسەپێندرێت.

 

"زۆرێک لە پەندەکان ڕەگ و ڕیشەیان لە بیر و عەقڵیەتی پیاوسالاریدا هەیە"

"کەژاڵ. ڕ" ئاماژەی بەوەدا، پەندەکان بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و زیاتر ڕەگ و ڕیشەی لە بیرو و عەقڵیەتی پیاوسالاریدا هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، وشەی شەرم و کەرامەت و سیفەت و تایبەتمەندییەکانی دیکە بۆ پێوانەکردنی ژنانی باش و خراپ بەکارهێندراون، ئەو سیفەت و تایبەتمەندییانە تێکەڵ بە کولتووری کۆمەڵگە بوون ژن سنووردار دەکرێت و بە بەکارهێنانی وشەی 'لاواز' ژنان بە بوونەوەرێکی لاواز دەبیندرێن، لە ڕاستیدا بە جۆرێک لە لاوازی بۆ ژنان دادەنرێت و وایان لێدەکات سنووردار و ملکەچ بن.

 

سیستمی سەرمایەداری و وێژەی ژنکوژی

 "کەژاڵ.ڕ" جەختی لە کارکردنی سیستمی سەرمایەداری لە پەیوەندی لەگەڵ وێژەی دژە ژندا کردەوە، وتی: بە گشتی بەشێک لەو وشە و پرسانەی کە لە وێژەو کولتووری گەلانی جیهاندا سەریان هەڵداوە، دەرئەنجامی سیستمی سەرمایەدارییە ، ژن ڕەتدەکاتەوە یان بە شێوەیەکی خراپ وێنایان دەکات، ئەمەش ئەوەیە کە هەندێک وشە و پەند سووکایەتیکردنن بە ژنان بەبێ ئەوەی تایبەتمەندییە فیزیکییەکان لەبەرچاو بگیرێت.