نەشمیل ڕەسول: توندوتیژی هۆکاری خۆسوتاندنی ژنان و ژنانی گەنجە

خۆسوتاندنی ژنان بەهۆی توندوتیژیییەوە ماوەی چەند ساڵێكە لە كۆمەڵگەی كوردییدا بەردەوامە، بەڵام بەشێكی زۆری ژنان هۆكاری خۆسوتاندنیان دەشارنەوە، پزیشکێکی دەرونیش ئاماژە بەوەدەکات، خۆسوتاندن جارێکی دیکە توندوتیژییە لە بەرامبەر جەستەی خۆتدا.

 

لاڤە کوردە

سلێمانی-  بۆ دەربازبوون لە توندوتیژییەکان هەندێک کەس و بە تایبەت ژنان خۆسوتاندن هەڵدەبژێرن، کە چەندین پاڵنەری هەیە، لەوانەش ئەو توندوتیژییانەی خێزان، باوک، هاوسەر، برا و کوڕ بەناوی پەیوەندی خۆشەویستییەوە دەیکەنەسەر ژنان، توندوتیژییەکانیش دەکرێت جەستەیی، دەرونی، کۆمەڵایەتی و ئابوری بن، ئەو ژنانەی لەپاش خۆسووتاندن ڕزگاریان دەبێت بۆ چەندین ساڵ پێویستیان بە چارەسەری دەرونی و جەستەیی دەبێت.

 

پزیشک نەشمیل ڕەسوڵ حەمەئەمین، پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشیە دەرونییەکان کە خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەی سوتاویی سلێمانی کاردەکات و هەفتەی جارێک نەخۆشەکان دەبینێت بۆ ئاژانسی نوژنها دەربارەی خۆسوتاندنی ژنان و هۆکارەکانی دوا.

 

"ڕێژەی خۆسوتاندنی ژنانی گەنج زیاترە"

نەشمیل ڕەسوڵ ئاماژە بەوەدەکات کە بەشێک لە حاڵەتەکانی خۆسوتاندن لە نەخۆشخانەی سوتاویی دەرئەنجامی ئەو توندوتیژییەیە کە دەکرێتە سەر ژنان، "پێشتر لێکۆڵینەوەمان لەسەر حاڵەتەکانی سوتانی ژنان، منداڵان و پیاوان کردووە، کە ڕێژەی ٣٠٪ کۆی حاڵەتەکان ژنانن کە خۆیان سوتاندووە یاخود هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، بەشێک لەو حاڵەتانەی کە خۆسوتاندنە و حاڵەتەکەیان قورس بووە نەگەشتوونەتە نەخۆشخانە و گیانیان لەدەستداوە، ئەمانەش نەمانتوانیوە ناویان بێنین و لێکۆڵیەنەوەیان لەسەر بکەین، بە ڕێژەیەکی زۆرتر ژنان و ژنانی گەنج خۆیان دەسووتێنن، تەمەنیان لەنێوان ١٤ بۆ ٣٥ ساڵ دایە".

 

"توندوتیژی و گرفتی خێزانی هۆکاری خۆسوتاندنن"

نەشمیل دەربارەی هۆکارەکان دەڵێت: "ئەگەر باس لە هۆکارەکان بکەین، توندوتیژی و گرفتی خێزانی و ئابوری زۆر ڕۆڵ دەبینێت، یەکێکی تر لە هۆکارەکان بەردەستبوونی ئەو ماددانەیە کە بۆ خۆسوتاندن دەبێت وەک نەوت و غاز لەناو ماڵەکان، هەروەها چارەسەرنەکردنی کێشەکان هۆکاری گرتنەبەری ڕێگەی خۆسوتانە، زۆرێک لە ژنەکان دوای ئەوەی ڕێنمایی دەرونی وەردەگرن دەڵێن ئەگەر بمانزانیایە ڕێگەی تر بۆ چارەسەری کێشەکان هەیە ئەوا پەنامان نەدەبردە  بەر خۆسوتاندن، خۆسوتاندن جارێکی تر توندوتیژییە بەرامبەر بە جەستە".

 

"ژنان ترسیان هەیە لە باسکردنی توندوتیژیەکانی کە بەرامبەریان دەکرێت"

ئەو پزیشکە دەرونیە ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە باسکردنی ئەو توندوتژیانەی بەرامبەریان کراوە و ئەو بارودۆخەی تێیدا بوون سڵ دەکەنەوە، هەندێکیان کراوەن و لە سەرەتاوە باس لە کێشەکانیان دەکەن، هەندێکیان کە نزیک لە مەرگیش بوونەتەوە خەمیانە باوک و کەسوکاریان تووشی گرفت و لێکۆڵینەوەی یاسایی بن بۆیە زۆر درەنگ قسە دەکەن، "هەندێک هەن تەنها لای پزیشک قسە دەکەن، لای پۆلیس سکاڵا ناکەن".

 

وتیشی: "ترسی ژنان لە درکاندنی توندوتیژیەکانی سەریان شتێکی چاوەڕوانکراوە، چونکە ئەو لەو ماڵەدا توشی کێشە بووە کە ئەو بە جەستە کەسێکی ساغ و بێ کێشە بووە، دواتر کە ئەڕواتە ماڵەوە جەستەی کێشەی هەیە و بریندارە و پێویستی بە یارمەتی و چارەسەر هەیە، بۆیە بەشێک لەو حاڵەتە هەر بەردەوام دەبێت، کێشەی نێوان هاوژینەکان دوای سوتان زیاتر دەبێت، چونکە بۆ ژنان بەراورد بە ڕابردوو کێشەی شێوانی جەستەی هەیە".

 

"کە لە نەخۆشخانە دەرچوون کێشە و گرفتەکان زیاتر بوون"

دەربارەی بارودۆخی ئەو ژنانەی کە خۆیان سوتاندووە دوای دەرچوونیان لە نەخۆشخانە، پزیشک نەشمیل ڕەسوڵ وتی:" لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێمەدا ژن بڕیاردەر نیە، کەسوکاری ژنەکە لەگەڵ هاوسەرەکەی بڕیار دەدەن، زۆر جار کەسوکار کە زانیویانە ئەم ژنە توشی چەرمەسەری و توندوتیژییەکەی زۆر بووە و گەیاندویەتی بەوەی دەستی بچێتە ژیانی خۆی و خۆی بسوتێنێت، تەداخولیان کردووە بەوەی جیایان بکەنەوە، زۆر جار هاوژینەکەیان دێت دەڵێت ئامادەم هەمووشتێکی بۆ بکەم بەس چاکببێتەوە، بەڵام هەر کە ژنەکە لە نەخۆشخانە دەرچووە کێشەو گرفتەکان زۆرتر بوون و بووەتە هۆی جیابوونەوە، حاڵەتی تریشمان هەیە کە ئیتر ژنەکە خۆی بڕیار دەدات لەگەڵ ئەو پیاوە نەژی".

 

سەبارەت بەو ژنانەی دەسوتێندرێن ڕایگەیاند، وەک سوتاندن شتەکە ئەوەندە ئاشکرا نیە، بەڵام هەندێکجار هان دەدرێت، بۆ نمونە ژنەکە توڕە دەبێت دەڵێت خۆم دەسوتێنم پیاوەکەش دەڵێت فەرموو، یان چەرخەکەی دەداتێ خۆی بسوتێنیت، "کێشەکان زیاتر کێشەی خێزانین بەشێک لەوانە توندوتیژییە، بەشێکیشیان کێشەی دڵ پیسیە، بەشێکی گەورە کێشە ئابوریەکانە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی دیکە لەناو خیزانەکەدا، بەڵام لە ژنانی گەنجدا ئەوانەی خوار تەمەنی ٢٠ ساڵن هەندێکیان حاڵەتەکان زۆر سادەبوون."

 

چۆنیەتی چارەسەری ژنێک کە خۆی دەسوتێنێت

پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشییە دەروونییەکان، دەڵێت: "ئێمە کە باسی مرۆڤێکی سوتاو دەکەین زۆر لایەن هەیە دەبێت کاری لەسەر بکرێت، لایەنی دەرونی بەشێکی گەورەیە و لەگەڵیدا لایەنی کۆمەڵایەتی و خێزانی هەیە کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت، لایەنی ئابوریش لایەنێکە چونکە هەندێک جار بەهۆی نەبوونییەوە کەسی سووتاو نەیتوانیوە بێت بۆ چارەسەر، هەندێکجار خێزانەکیان پاڵپشت بوون و یارمەتیان پێشکەشکردووە کچەکەیان چاک ببێتەوە، بەڵام پڕۆسەی چاک بوونەوەکە لەوانەیە ساڵێک بخایەنێت، هەندێکجار، ژنەکە بەهۆی توندوتیژییەوە تووشی نەخۆشی دەروونی بووە پێویستی بە چارەسەری دەروونی هەیە."

 

لە کۆتایی قسەکانیدا نەشمیل ڕەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی دەرونی ئاماژەی بەوەدا: "وەک دکتۆرێکی دەرونی بەردەوام ئەو حاڵەتانە دەبینین کە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لە منداڵیدا توندوتیژی نیوان دایک و باوکی دەبینێت، مەرج نیە لێدان بێت لەوانەیە قسەی ناخۆش و نەشیاو بێت، بەداخەوە توندوتیژی وەک دیاردەیەکی ئاسایی لێهاتووە، باوکەکە توڕەیە لێیان دەدات قسەیان پێ دەڵێت و دەیانشکێنیتەوە، کە هەموو ئەمانە کاردەکاتە سەر لایەنی دەروونی و حاڵەتی توندوتیژی دروستدەکات".

 

ت.پ