"ناوی من لەکوێیە"

بە پێشەنگایەتی لالە عوسمانی، ژنانی ئەفغانستان لە دژی بێ ناو و ناسنامەکردنی ژنان لە ساڵی ٢٠١٧دا، کامپەینێکیان بە ناوی "ناوی من لەکوێیە" دەستپێکرد، ژنان سەرەڕای ئاستەنگییەکان پێشەنگایەتی بەڕێوەبردنی کەمپەینەکە دەکەن و بەردەوامن، ئاماژەش بەوەدەکەن هەتا ژنان بە ناو و ناسنامەی خۆیانەوە نەناسرێن، دەست لە کەمپەینەکە هەڵناگرن.

 

پەروانە کبریت

کابول- ئەفغانستان کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی پیاوسالارە، لەو کۆمەڵگەیەدا ژنان بە ناوی خۆیان بانگ ناکرێن، بەڵکو بە ناوی باوک یان مێردەوە دەناسرێن و دەستەواژەی بێمێشک و تێنەگەشتوویان بۆ بەکاردەهێنرێت، کۆمەڵێک لە ژنانی ئەفغانستان، لە ساڵی ٢٠١٧دا کەمپەینێکیان بە ناوی "ناوی من لەکوێیە" دەستپێکرد بۆ گەڕاندنەوەی ناوی ژنان و خەباتیان لەو پێناوەدا کرد، ژنها لەگەڵ ئەو ژنانەدا کەلە سەرەتای کەمپەینەکەوە بردەوامن قسە دەکات و ئامانجەکانیان دەخاتە ڕوو.

"بە ٢٠ ژن دەستمان پێکرد و ئێستا ژمارەمان زیادی کردووە"

یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەمپەینەکە چالاکوان لالە عوسمانییە، ئاماژەی بەوەدا: ئامانجی کەمپەینەکە گەراندنەوەی ئەو ناسنامەیەیە بۆ ژنان کە سەدان ساڵە ونبووە، ئێمە داواکارین لەگەڵ ئەوەی هەبوونی جەستەیمان هەیە، ناسنامەشمان هەبێت، بە ٢٠ ژن لە ساڵی ٢٠١٧ دەستمان پێکرد و کەمپەینەکەمان ڕاگەیاند.

 

لالە دەربارەی ئاستەنگییەکانی دێتە ڕێگەیان دەڵێت: ئێمە لە کەمپەینەکەدا دژی تێروانینی کۆمەڵگە هەڵمەتێکمان دەستپێکرد، بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە و ئەقڵیەتی کۆنەپارێز و دابونەریتی دواکەوتوو کە سەدان ساڵە بەسەر ژناندا دەسەپێک، ڕووبەڕووی ئاستەنگی و مەترسییەکان بووینەتەوە، کەمپەینەکە کاریگەری ئەرێنی هەبوو، خەڵکێکی زۆر پشتیوانییان لە کەمپەینەکە کرد و دەتوانین بە دەستکەوتی دابنێین، لە ساڵی ٢٠٢٠یشدا سەرۆک کۆمار بڕیاریدا لە ناوی دایک لەسەر ناسنامە بوونی هەبێت.

 

ئەو چالاکوانە باسی لە گرنگی هەبوونی ناسنامە کرد، کە ژنان دەتوانن ببنە خاوەنکاری خۆیان و لە کۆمەڵگەشدا پێگەیان هەبێت، چونکە کاتێک هەبوونیان نەبێت، هەمیشە هەست دەکەن کە سەر بە هاوژینەکەیانن، بۆ نمونە لە هەموو شوێنێک وەک دایکی فڵان، ژن و خوشکی فڵان دەناسێنرێن، بەوەشەوە ناتوانن مافی خوێندن، کار و ئابوری سەربەخۆ بەدەستبهێنن.

"بەهۆی لالە عوسمانەییەوە بەشداری کەمپەینەکە بووم"

یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی کەمپەینەکە ناوی سۆنیا ئەحمەدییە، باس لەوەدەکات: "ئەو هۆکارەی وایکرد بەشداری کەمپەینەکە بم ئەوەبوو کە ناوی من نەناسراوە، گەنجبووم ئەوکاتە، لە هەموو شوێنێک بە ناوی باوک و برامەوە بانگ دەکرام، ئەمە کاریگەری لەسەرم هەبوو، رۆژێک لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ لالە عوسمانی قسەمان کرد و بڕیارماندا کە کەمپەینەکە بەردەوامی پێبدەین، بۆ ئەوەی بتوانین ناسنامەی ونبوونی ژنان بگەڕێنینەوە".

 

هەروەها وتیشی: دەوترێت ناو و ناسنامە ئەوەندە گرنگ نییە لە ژیاندا، بەڵام من دەڵێم زۆر گرنگە، چونکە کاتێک ناو و ناسنامەی من نەزانرێت و شەرمی لێبکرێن، من چۆن داخوازی لە مافەکانی خۆم بکەم.

"لە ماوەیەکی کەمدا دەگەینە باشترین ئەنجام"

بەهەشتە بەهار، یەکێکی دیکەیە لە پێشەنگانی کەمپەینی "ناوی من لەکوێیە" لەسەر گوشار و مەترسییەکان قسەی کرد و وتی: لەسەرەتادا ڕووبەڕووی هەڕەشەی زۆر بووینەوە، لە هەموو لایەکەوە دەیانویست زیانمان پێبگەیەنن، یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەبوو دەچوونە شوێنی ئەندامەکانمان و بە وێنەی کەسوکارەکانیان هەڕەشەیان دەکرد، جگە لەوەش هەمیشە قسە و وشەی نەشیاومان بۆ بەکاردەهات، زۆرکات لە هاوڕێ زۆر نزیکەکانیشم دەترسام، چونکە زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵماندا دەکرد، زۆر ئاگاداریش بووین کە کەسێک نەتوانێت بە رفاندن، تێزاب پێداکردن ڕووبەڕوومان نەبێتەوە، بۆیە لە شوێنە گشتییەکاندا زۆر ئاگاداربووین.

 

دەربارەی ئەندامەکانیان بەهەشتە دەڵێت: لە زانکۆدا زۆر کەس هەن کە بەشداری کەمپەینەکەن و خەباتدەکەن، زۆر کەسیش هەن دژی ئێمەن، لەناو زانکۆدا هەست بە پاراستن ناکەم، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کاتێک بیرمان لەوە نەکردووەتەوە کە دەست لە تێکۆشانەکەمان بەربدەین و هەتا دەگەینە ئامانجەکانمان بەردەوامی پێدەدەین.