منداڵێکی بنێشتفرۆش: ئارەزووم دەکرد ببم بە پزیشک و چارەسەری نەخۆش بکەم

لە شەقام و بازاڕەکانی شار ژمارەیەکی زۆر منداڵی کارکەر هەن، ڕۆژانە زیاد لە ٩ کاتژمێر کاردەکەن، یەکێک لەو منداڵانە وتی کە ئارەزووم دەکرد ببم بە پزیشک و چارەسەری نەخۆش بکەم.

ناوەندی هەواڵ

 

کارکردنی منداڵانی تەمەن ٦-١٥ ساڵ ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، لە ئێستادا نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا کاردەکەن و ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، لەو ژمارەیەش ١٥٠ ملیۆنیان لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا زیاد لە ٩ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کار دەکەن. زیاد لە ١ ملیۆن منداڵیش ساڵانە بازرگانیان پێوە دەکرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونسێف، لەمساڵدا ڕێژەی منداڵانی کارکەر گەشتووەتە ١٦٠ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا، هەروەها پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی ساڵ ٤٦ ملیۆن منداڵ زیاد بکات، لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە هۆی خراپی بارودۆخی ئابووری و هاتنی شەری داعش کارکردنی منداڵان لە شەقام و بازاڕەکانی شاردا بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە منداڵان پیویستیان بە پەروەردە و فێرکردنە نەک کارکردن، چونکە کارکردنی منداڵان دەبیتە هۆی دروستبوونی کاریگەری نیگەتیڤ لەسەریان.

 

عبدولڕەحمانی تەمەن ١٢ سال یەکێکە لەو منداڵانەی کە ماوەی ٤ ساڵە بەهۆی لە دەستدانی چاوی باوکی لە شاری سلێمانی کار دەکات، عەبدولڕەحمان دەڵێت ئەگەر کارم نەکردایە ئارەزووم دەکرد ببم بە پزیشک و چارەسەری نەخۆش بکەم.

 

محەمەد خەلکی سەڵاحەدینە و لە بازاڕی شاری سلێمانی کار دەکات، باس لەوە دەکات کە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوون و باوکیشی هەردوو دەستی لەدەستداوە لە شەڕی داعشدا ئەویش لە پێناو پەیداکردنی بژێوی ژیانیان کاردەکات، محەمەد لەبەر ئاوارەی و شەڕی داعش و خراپی باری ئابوریان لە پۆلی ٥ی سەرەتایی وازی لەخوێندن هێناوە.

 

جیاواز لەمانە موعتەز کە بە هەمان شێوە خەڵکی سەڵاحەدینە وتی باوکم بە زۆر ٣ ساڵە کارم پێدەکات، ڕۆژانە ١٠ هەزار یان ٧ هەزار پەیا دەکەم و ئەوەش بەشی بژێوی ژیانمان ناکات.

 

پارێزەر زوهرە سەعید وتی دەبێت لەسەروو تەمەنی ١٥ ساڵیەوە کار بە منداڵ بکرێت، لانی کەم دەبێت قۆناغی خوێندنی ناوەندی تەواو کردبێت، لەبەر ئەوەی کارکردنی منداڵ لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵیەوە کاریگەری دەروونی و جەستەیی لەسەر منداڵ دروست دەکات، ئەم پارێزەرە وتیشی سزای خێزان و کەسانی بەرپرس لە منداڵ ئەگەر بەهۆی گوێپێنەدانەوە بێت، ئەوا تەنیا باجیان لێوەردەگیرێت، ئەگەر بە زۆریش بێت ئەوا زیندانی دەکرێت کە ماوەکەی لە ساڵێک زیاتر نەبێت.

 

ت.پ