منداڵان لە جەژندا چی دەکەن؟

منداڵان بەجۆشوخرۆشەوە ئامادەکارییان بۆ جەژن کردووە، جلی جەژنیان کڕیوە، دەیانەوێت سەردانی ماڵی خزم و هاوڕێکانیانن بکەن، کاتەکانیان بە خۆشی و یاریکردنەوە بەسەر ببەن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- جەژن جگە لەوەی بۆنەیەکی ئاینییە، گەورەکان بە دڵخۆشیەوە چاوەڕوانی دەکات، لای منداڵان جەژنی چێژێکی زۆری تایبەتتری هەیە، بێ ئارامانە چاوەڕوانی هاتنی دەکەن، کە تا بەیانی جەژن زوو هەستن لە خەو و دوای نانی جەژن بگەڕێن و جەژنانە کۆبکەنەوە و لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بگەڕێن.

 

 منداڵان دڵێکی خۆشەوە جلی نوێیان بۆ جەژن کڕیووە، هەنی هێمنی ١٣ ساڵ، بە پەرۆشەوە باس لە کڕینی جلەکانی دەکات خۆشترین ساتی جەژن لای ئەو ئەوکاتەیە کە جلە نوێیەکانی لەبەردەکات، دەخوازێت هەمووان جلی جەژن بکڕن و سەردانی خزم و هاوڕێکانیان بکەن، دەڵێت "لەگەڵ هاوڕێکانم نۆقڵ کۆدەکەینەوە، یاری دەکەین و دەگەڕێین".

 

هەنی جیاواز لە منداڵەکانی دیکە بیری لە کەسانی کەمدەرامەتە و داوادەکات کە خەڵک هاوکاری ئەو کەسانە بکات کە توانی کڕینی پێداویستییەکانی جەژنیان نییە، تا ئەوانیش دڵخۆشببن.

 

داوان عادل تەمەنی ١٠ساڵە، پانتۆڵ و کراسی بۆ جەژن کڕیوە، زیاتر لە هەر شتێکی دیکە حەزی لە نانی بەیان و وەرگرتنی جەژنانەیە، داواش لە منداڵان دەکات کە تەقەمەنی و یارییە ئاگرینیەکان بەکارنەهێنن و خۆیان توشی زیان نەکەن، باسی ئەوەش دەکات کە هاوڕێییەکی بەهۆی یاریکردن بە تەقەمەنییەوە دەست و چاوی ئەزێتی پێگەیشتووە.

 

ماهان محەمەد تەمەنی شەش ساڵە، چووەتە سەرتاشخانە و قژی بۆ جەژن چاککردووە حەز دەکات دایکوباوکی جەژنانەی پێبدەن و بگەڕێن و لەگەڵ هاوڕێکانی یاریبکەن.

 

ڕاژان کامەرانی ١١ ساڵ، زۆری دڵخۆشە و بەیانی زوو هەڵدەسێت بۆ نانخواردن و خۆی دەگۆڕێت، زۆر حەز دەکات لەگەڵ هاوڕێکانیدا بگەڕێن، بچێتە ماڵی خاڵ و پورەکانی.

ت.پ