منارەی ملوییە لە سامەڕا

منارەی ملوییە پێش هەزار ساڵ لەلایەن خەلیفەیەکی عەباسییەوە دروستکراوە، سەرەڕای هەموو جەنگ و هێرشەکانی سەردەمی مەنگۆل تا ئێستا بە بەرزی وەک جوانترین منارەی جیهان ماوەتەوە، بەهۆی گرنگی پێنەدانەوە مەترسی لە ناوچوونی لەسەرە.

 

بێریڤان کەمال

سلێمانی- شاری سامەڕا دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە لە عێراق، ١٢٠ کیلۆمەتر لە بەغدادی پایتەختەوە دوورە، سیمایەکی دێرینی دڵگیری هەیە و بەهۆی جوانی دیمەنەکانی و شوێنەوارەکانییەوە هەمیشە لە لوتکەدا بووە، لە کۆنەوە تا ئێستا چەندین ناوی جۆراوجۆری لێنراوە، لە کۆندا پێیان وتووە بطـلیموس، مێژوونوسی ڕۆمانی ئامیانوس مارسیلیانوس بە سومرا ناوی هێناوە و مێژوونوسێکی یۆنانیش بە سوما، لەلای ئاشورییەکان سرماتا بووە و بە درێژایی مێژووش چەندین ناوی دیکەی لێنراوە.

ناوی سامەڕا لەوەوە هاتووە لەکاتێکدا ئەو کەسانەی لە شارەکەیاندا توشی ئازار و ناڕەحەتی بوون بەهۆی خراپەکارییەکانی دەوڵەتەوە یاخود لەژێر چەوسانەوەدا ژیاون پێیان وتووە "ساء من رأى" بە واتای کاتێک دەیبینت هەست بە خراپبوون و بێزاری دەکەیت.

 

هۆکاری دروستکردنی منارەی سامەڕا

دروست کردنی منارەی سامەڕا لە لایەن عەباسییەکانەوە بەهۆی ئەوەوە بوو کە دەیان ویست شارێکی جوانتر لە بەغداد دروستبکەن، بەڵام هیچ کەسێک لەو کاتەدا توانای دروستکردنی شارێکی نەبوو تەنانەت لە جوانیشدا هاوتای شاری بەغداد بێت، بەڵام توانییان منارەی سامەڕا و کۆشکەکانیان دروستبکەن لە شارەکەدا کە بووە خاوەنی ناوبانگێکی مێژووی و جیهانی هەروەها جێی سەرنجی ئەو کەسانە بوو کە دەهاتنە سەردانی و دەیان بینی

 

توێژەرانی مێژوو لەسەر ئەوە کۆکن لە دوای شاری بەغداد، منارەی سامەڕا یەکێک بووە لە شوێنەوارە بەناوبانگ و دیارەکانی عێراق کە ساڵی ٨٤٨ بۆ ٨٥٢ زایینی لەلایەن عەباسییەکانەوە دروستکراوە، شێوازێکی تەلارسازی ئیسلامی ناوازە و سەرنجڕاکێشی هەبووە لە نێو منارەکانی دیکەی جیهاندا.

لە بنەڕەتدا ئامانج لە دروستکردنی منارەکە بۆ یەکێک لە گەورەترین مزگەوتەکان بووە، لەلایەن متەوەکیل عەلی ئەڵڵاوە لەبەری ڕۆژئاوای سامەڕا دامەزراوە، بە یەکێک لە گەورەترین مزگەوتەکانی جیهانی موسڵمانان دادەنرا لەو کاتەدا.

 

شێوازی دروستبوونی منارەکە

ناوی منارەکە لە شێوە لوولپێچیەکەیەوە هاتووە. کە بەرزیەکەی ٥٢ مەترە و لە خشتی گڵکار دروستکراوە، دەکەوێتە ٢٧.٢٥ مەتر لە دیواری باکوری مزگەوتەکەوە، منارەکە لەسەر دوو بناغەی لەسەر یەکی چوارگۆشەیی دروستکراوە، یەکەمیان ٣ مەتر بەرزە لەسەر ڕووبەری ٣٣ مەتر چوارگۆشەیە و دووەمیان ١٢٠ سانتیمەتر بەرزە و ڕووبەرەکەی کەمێک بچووکترە، لەسەر ئەم بناغەیە بینایەکی شێوە لولپێچی ٥ قاتی لەسەر دروستکراوە لەگەڵ زیادبوونی بەرزیەکەیدا تیرەکەی بچووک دەبێتەوە.

 

بە لاتەنیشتی منارەکەدا پلیکانەی شێوە لولپێچی دەوری داوە بە پانی ٢ مەتر و بە پلەی ٣٩٩ بە پێچەوانەی میلی کاتژمێر، لە لوتکەکەیدا قاتێکی شێوە بازنەیی هەیە کە خەڵکی سامەڕا بە "جاون" ناوی دەبەن، بانگ بێژەکان بۆ زیادبوونی دەنگیان لە کاتی بانگدا بەکاریان هێناوە.

منارەی سامەڕا مەترسی لەناوچوونی لەسەرە

بارودۆخی سیاسی ناسەقامگیر و تەقینەوەکان لە عێراقدا زیانی زۆریان بە شوێنەوارە مێژووییەکان گەیاندووە، منارەی سامەڕاش یەکێکە لەو شوێنانە و بەهۆی ئەوەی وەک بنکەیەکی سەربازی بەکارهێنراوە، ڕووبەڕووی لەناوچوون بووەتەوە.

 

منارەی سامەڕا لە ماوەی چەندین سەدەدا بەرەنگاری تێکچوون و کاریگەری و گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەی ناوچەکەی بووەتەوە، شارەزایانی ناوچەکە باسیان لەوە کردووە منارەی ملوییە و مزگەوتەکەی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە بۆ ڕێگرتن لە داڕووخانی.

 

منارەی سامەڕا لەسەر دیناری عێراقی نەخشێنراوە

منارەی سامەڕا لەسەر دراوی عێراقی تۆمارکراوە و لە یادەوەری عێراقیەکاندا ڕەگی داکوتاوە، لە ئەگەری نۆژەن نەکردنەوەی منارەی ملوییە دەبێتە هۆی داڕووخانی و زیانێکی ئابووری و کلتووری گەورەی لێدەکەوێتەوە و شوێنەوارێکی مێژووی گرنگیش لەدەست دەچێت.

 

ژنان سەردانی منارەی ملوییەیان دەکرد

لەسەر بنەمای نەریت و کلتور هەموو ناوچەیەک خاوەنی کۆمەڵێک باوەڕییە، لە باوەڕی ژنانی ناوچەکەشدا منارەکە بۆ دیاریکردنی داهاتوویان چوونەتە سەر منارەکە و هیوایان خواستووە.

 

ژنان کاتێک هیوا وخۆزگەیەک لە ناخیاندا دوودڵ و خەمباری بکردنایە ئەوا سەردەکەوتن بۆ سەر لوتکەی منارەکە و عەباکەیان فڕێدەدا، گەر عەباکە گەیشته زەویەکە بڵاوبووایەتەوە ئەوا خۆزگەکەیان دەهاتە دی، ئەگەریش بگەشتایەتە زەویەکە کۆ ببووایەتەوە، ئەوا خۆزگەکەیان بەدی نەدەهات .

 

ت.پ