"من ئەو کچە ئێزیدییەم کە بەرگەی گەورەترین ئازاری ژیانم گرت و ئێستاش بۆ ژیان دەجەنگم"

تیرۆرستانی داعش لە ڕۆژی سێی ئابی ساڵی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شەنگال، لەو ڕۆژەدا بە هەزاران ژنی ئێزدی بە دیل گیران، دەستدرێژی و سوکایەتیان پێکرا، حەلا سڤێل چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، کە گوزارشت چیرۆکی هەزاران ژنی ئێزدییە. نیگار ڕەشید

تیرۆرستانی داعش لە ڕۆژی سێی ئابی ساڵی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شەنگال، لەو ڕۆژەدا بە هەزاران ژنی ئێزدی بە دیل گیران، دەستدرێژی و سوکایەتیان پێکرا، حەلا سڤێل چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، کە گوزارشت چیرۆکی هەزاران ژنی ئێزدییە.

نیگار ڕەشید

 

من حەلا سڤێلم تەمەنم ٢٥ ساڵە، ژیانی ئێمە ئێستاش سەختە، قوربانییەکی دەستی داعش و هەتیوێکی بێ باوک و دایک لە کەمپی ئاوارەکانی زاخۆ وەکو کارمەندی شارەوانی کارم  پاککردنەوەی خۆڵوخاشاکە، بۆ پەیاکردنی بژێوی بۆ سێ خوشکەکەی ترم، کە ئەوانیش ڕزگاربووی ئەو کارەساتەن، ئەکرێ چۆن بێ ژیانمان؟!.

باسی چیتان بۆ بکەم، باسی ئەو ڕۆژەتان بۆ بکەم کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفاندیانین، ئەو ڕۆژەی لەگەڵ خێزانەکان هەوڵی هەڵهاتنمان دا، بەڵام داعشەکان دەستگیریان کردین، یان باسی ئەوەی کە باوکم و براکانمیان جیاکردەووە لێمان، لە هۆڵێکدا زینداییان کردبوون، یان باسی ئەو دەسترێژی گولەییە کە کرایە سەر باوکم و براکانم و داعشەکان تەکبیریان دەکرد، ئاخر ئێستاش دەنگی ئەو گوللانە لە گوێما دەزرنگێنەوە.

 

ئەتەوێت باسی ئەوەت بۆ بکەم دوای گولە بارانکردنی باوکم و براکانم، من لە شۆکدا بووم و نەمدەتوانی باوەڕ بکەم کە چیمان بەسەردا هاتووە، داعشەکان کە هێشتا خوێنی تەڕی باوکم و براکانمیان بە جلەکانیانەوە بوون، هاتن و وتیان ئێوە "کەنیزە"ی ئێمەن، بیرم دەکردەووە "کەنیزە، کەنیزە چییە، من تا ئێستا ئەو وشەییەم نەبیستووە".

 

واز لەوانە بێنن با باسی فرۆشتنی خۆمتان بۆ بکەم کە چۆن لە ماوەی سێ ساڵدا سێ جار فرۆشرام، لە ناوچەی "قینی" بردینیان بۆ تەلەعفەر سێ ڕۆژ لە قوتابخانەی "ئەزاهیر" دایاننایین، ئێمە لە ئازاردا هاوارمان دەکرد و منداڵەکانیش لە برسێتیدا  دەیانناڵاند، دوای سێ ڕۆژ بردینیان بۆ "بادووش" نزیکەی دە ڕۆژ لە "بادووش" ماینەوە بێ نان و ئاو، هەمووی دەیناڵاند، هەر جارە و دەهاتن کچێکیان دەستنیشان دەکرد و دەیانبرد، کەس نەیدەزانی بۆ کوێی دەبەن و چارەنووسی چییە.

 

لە "بادووش"ەوە دووبارە گەڕاندینیانەوە بۆ تەلەعفەر من و خوشکەکەم و براژنەکەمیان لە دایکم جیاکردەووە، تەنها دوو هەنگاومان لە نێوان بوو لەگەڵ دایکمدا هەرچەندە پاڕامەوە بۆ دواجار دایکم لەباوەش بگرم نەیانهێشت، لە تەلەعفەر لە ماڵێ "ٲثیر النجیفي" دایانناین، خانوویەکی سێ نهۆمی گەورە بوو، پڕ بوو لە ژنی و کیژۆڵەی جوان و شۆخوشەنگ، هەرجارە و دەهاتن کچێکیان دەبردین بۆ ئەمیرێک یان بۆ فرۆشتن و دەستاودەسیتان پێدەکردین، ئەمە تەنها چیرۆکی من نییە، بەڵکو چیرۆکی هەموو ئەو ژنانەیە کە دەستی داعش کەوتن، جگە لەوانەی ڕزگاریان بووە بە دەروونێکی داپڵۆساوەوە هەندێکیان تا ئێستاش بێسەروشوێنن وەکو دایکم.

 

"ئەو ڕۆژانەی خزمەتکار بووم و شەویش دەستدرێژیم دەکرایە سەر"

نازانم چۆن باسی ئەو کاتە بکەم کە سەرەی منیش هات، وەک کچەکانی دیکە دەستینشان کرام، هەرچەند هاوارم دەکرد و دەپاڕامەوە کە هەموو شتێکیان بۆ دەکەم تەنها با دەستدرێژیم نەکەنە سەر، تەنانەت دەبمە ئەو وشەیی کە نەمدەزانی چییە "کەنیزە"، بەڵام پێیان وتم کە من ئێستا هەر کەنیزەم و بۆ دەستدرێژی هێناویانم بۆ ئێرە.

 

ژنی ئەمیرەکە خۆی منی شت و جلی لەبەرکردم و کردینییە ژورێک لەگەڵ ئەمیردا و دەرگای لەسەر داخستین، هەرچەند پاڕامەوە و هاوارم  کرد، بەستمییەوە و دڕندانە دەستدرێژی کردەسەرم، ئەو کاتە تەنها ١٨ ساڵبووم.

لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا کە سێ جار فرۆشرام، بە ڕۆژ خزمەتکاربووم و بە شەویش دڕندانە دەستدرێژم دەکرایەسەر، هەموو ڕۆژ و شەوەکانی من هەموو ژنانی ئێزدی دووبارە بوون، تا ئەو ڕۆژەی ڕزگارمان بوو.

ئێمە لەبەر ئایینەکەمان ئەوەی خودا پێی ناخۆشبێت بەسەرماندا هات و هەمووان لە ئاستی ئەو کارەساتە بێدەنگبوون، هەر لەبەر ئەوەی ئێزیدین ئستاش ژیانمان دژوارە، کەمینەکان هەمیشە لە ژێر هەڕەشەدان لە عێراقدا و چارەنوسێکی ڕوونیان نییە.

من هەموو ئەو ڕۆژانە جگە لە ئازار بیرم لە خێزانەکەم دەکردەووە، بیرم لە شارۆچکەکەمان دەکردووە، کە بە ئارامی دەژیاین و ژیانێکی سادە و ساکارمان هەبوو، بەڵام ئاسودە و پڕ هیوا بوین، تا ئەو ڕۆژە شوومەی هێزەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شارەکەمان و کارەساتە گەورەکە ڕوویدا.

 

تا تەموزی ساڵی ٢٠١٧ ڕۆژەکانی من و زۆرینەی ژنانی دیکەی ئێزدی دووبارە بوو، هەمان ئازازر و هاودەرد بووین، ئەوکاتەی هێزی ئاڵتونی عێراقی" هات و ڕزگارمان بوو، ئەو کاتەی هەڵهاتم، بەرەو بنکەی پۆلیس بەسەر لاشەی مردوو و گۆشت و خوێنیدا دەڕۆشتم ، دیمەنەکان ناخ هەژێن بوون، من تۆقیبووم لە ترسا، نەمدەتوانی بڵێم ئێزیدیم، "وەکو ئەوە ئێزیدی بوون تاوانێکە و ئەبێ سزا وەرگرم لەسەری".

ئەوەی کە دڵخۆشی کردم ڕزگار بوونی دوو لە براکانم و خوشکەکانم بوو ، لەگەڵ ئەو  پێشوازییە گەرمەی لێیان کردم کە گەڕامەوە، لە ماڵی "تەحسین بەگ" گەورەی ئێزیدێکان، یەشماخیان لەسەرم دانا و بە خۆشییەوە باوەشیان بۆ کردمەوە.

 

"من ئەو کچە ئێزیدییەم کە بەرگەی گەورەترین ئازار و دژوارترین ژیانم گرت و ئێستاش بۆ ژیان دەجەنگم".

چیرۆکی حەلا سڤێل، چیرۆکی هەموو ئەو ژنە ئێزیدیانەن کە داعشی تیرۆرست کردوونی بە دیل، چیرۆکی مردنی ویژدان و مرۆڤایەتییە، چیرۆکی ستەمە لە کەمینەیەک کە ئاینێکی جیاوازی هەیە، چیرۆکی ژنێکە لەبەر ژن بوون و ئاینەکەی دووجار دەبێتە قوربانی.