سعودیە یۆگا دەخاتە ناو خویندنی زانکۆکانیەوە

وا بڕیارە لە زانكۆكانی سعودیەدا وەرزشی یۆگا بناسێندرێت و لە سیستمی خوێندندا كاری پێبكرێت، ئەوەش بەهۆی گرنگییەكەیەتی بۆ تەندروستی دەرونی و جەستەیی.

ناوەندی هەواڵ
نوف ئەلمەروای، سەرۆكی لیژنەی یۆگای سعودیە ئاماژەی بەوەکرد لە چەند مانگی داهاتوودا چەندین ڕێككەوتن لەگەڵ زانكۆ گەورەكانی سعودیە واژۆ دەكرێت بۆ پشتگیریكردن و بەرەوپێشبردنی یۆگا، لیژنەكەیان هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ ناساندنی یۆگا لە زانكۆكاندا، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی پراكتیزەكردنی بۆ تەندروستی كردووەتەوە.


نوف ئەلمەروای ئەوەشیخستووەتەڕوو کە یۆگا چەندین سودی تەندروستی دەبەخشێت بۆ باشبوونی جەستەیی و دەرونی، هەروەها تەنها چڕكردنەوەی دەرون و بیركردنەوەكان و پشودان نیە وەك هەندێك پێیانوایە، بەڵكو لەپێش ئەوەوە مەشقی دۆخی "ئاسانا" یە كە بریتییە لە جوڵەكانی ناو یۆگا، هەروەها تەكنیكەكانی هەناسەدان و كۆنتڕۆڵكردنی ماسولكەكان لەخۆدەگرێت.


باسی لەوەشكردوە، یەكێك لە گرنگترین پایەكانی بەدەستهێنانی دیدگای ساڵی ٢٠٣٠  بریتییە لە بەرزكردنەوەی بەشداریكردن لە چالاكییە وەرزشییەكانداو بەدەستهێنانی بەرەوپێشبردنی وەرزشە لەسەر ئاستی ناوخۆ و كیشوەرو دواتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.