ماوەی هەژدە ساڵە بێ دابڕان پێکەوەن

نەخشین و کیشوەر هاوڕێیەکی دوانەی لە شێوە جیاواز، بەڵام لە کردار و ڕەفتار هاوتا، لە خۆشەویستیان بۆ یەکدی ماوەی هەژدەساڵە پێکەوە کار دەکەن بەبێ دابڕان

نەخشین و کیشوەر هاوڕێیەکی دوانەی لە شێوە جیاواز، بەڵام لە کردار و ڕەفتار هاوتا،  لە خۆشەویستیان بۆ یەکدی ماوەی هەژدەساڵە پێکەوە کار دەکەن بەبێ دابڕان

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

‌هەڵەبجە- نەخشین و کیشوەر دوو ژنن لە بەشی پێشوازی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە پێکەوە ڕۆژانە لە پێشوازی میوانانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە دان، باس لە شێوازی یەکتر ناسین و پێکەوە کارکردنیان دەکەن لە مۆنۆمێنتەکەدا.

 

نەخشین سەلام هاوڕێی کیشوەر مەولود بۆ ئاژانسی ژنها دواو وتی: ماوەی هەژدە ساڵە لێرە وەک دوو خوشک کار دەکەین، تەنها دوو ساڵ دابڕاوین لە یەکتر، ئەویش بە هۆی مۆڵەتی دایکایەتی منەوە بووە، بەو پێیەی بەردەوام لێرە پێکەوە بووین تێکەڵی خێزانیشمان بۆ دروست بوو.

کارەکەیان خۆشدەوێت و دڵسۆزی یەکترن

نەخشین باسی لەوەکرد دەوامیان سێ شەفتە و ئەم دوو هاوڕێیە لە ڕۆژانی پشووەکاندا بەیانی تاوەکو ئێوارە پێکەوە کاردەکەن، دەشڵێت: خۆشەویستی ئێمە بۆ کارەکەمان وایکردووە بەردەوام پێکەوە بووین، لە خۆشەویستیشمان بۆ یەکتر بەردەوام جلی وەک یەک لەبەر دەکەین.

کیشوەر مەولود لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٠یە، باس لە کارکردنیان دەکات و دەڵیت لەگەڵ نەحشین لە ساڵی ٢٠٠٣وە کاردەکەین وەک کارمەند لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەدا کاردەکەن، وەک کیشوەر باسی لێوەکرد لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بە تەواوی بووینە هاوڕێی یەکتر لەگەڵ کیشوەردا، چونکە کاتێک لەو ساڵەدا مۆنۆمێنتی شەهیدان سوتا کەسێک کە زۆر خەمی منی بوو نەخشین بوو من خۆم لە پاسەکەدا دانیشتبووم بۆی ڕزگارمان ببێت، نەخشین نەیدەهێشت پاسەکە بڕوات و هەر دەیوت نابێت کیشوەر بەجێبهێڵن.

 

بە دەم پێکەنینەوە کیشوەر وتی هەرچەندە نەخشین باڵای لە من بەرزترە، بەڵام بەردەوام حەز دەکەین جلمان لە یەکتر بێت، لە خۆشەویستیمان بو هەڵەبجە و کارەکەمان بەردەوام لێرەین، تا ئەو کارەساتەی بەسەر هەڵەبجە هات بە خەڵکی بگەیەنین.

 

کیشوەر و نەخشین بەردەوام پێکەوەن ئەمە بووەتە جێی سەرنجی میوان و گەشتیاران و نەخشین باسی لەوەکرد: زۆر بووەتە جێی سەرنجی خەڵکی و ئەگەر میوانێک بێت و یەکێکمان دیار نەبێت هەواڵی ئەویترمان دەپرسێت و ئەمەش لە هاوڕێیەتی و دڵسۆزیمانە بۆ کارەکەمان.

 

ت.پ