ماڵێک چوار ژن و کچ لەدەست دەدات... شایەتحاڵی ڕووداوەکانی تەمووزی ٢٠٢٥

دوو ژنی خەڵکی شاری سوەیدای سووریا ڕووداوەکانی مانگی تەمووزی ٢٠٢٥ دەگێڕنەوە کە چوار ئەندامی یەک ماڵیان لەدەستدا، داوای دادپەروەری دەکەن.

ڕۆشێل جونیر

 

سوەیدا- خێزانەکانی شاری سوەیدای سووریا وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوانە بیر دێننەوە کە لە "تەمووزی ڕەش"ی ساڵی ٢٠٢٥دا ڕوویدا، شایەتحاڵی گیانلەدەستدانی چوار هەزار هاوڵاتی مەدەنی بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ، لەماوەی ئەوەی خێزانەکان بە بارودۆخێکی ئەمنی لەڕادەبەدەر سەخت و پشێوی پێناسەیان کرد.

 

لەو چوارچێوەیەدا، خێزانی جەریرە دوو شایەتحاڵی مرۆیی بە ئازار دەگێڕنەوە، کە لەو ماوەیەدا، چوار ژنیان لە ماڵەکەیاندا لەدەستداوە، لە کاتی هەوڵدان بۆ دەرچوون لە ماڵەکە لە نێوان پێکدادانی توندوتیژ و پچڕانی پەیوەندییەکان ڕوویدا، کە بووە هۆی نەتوانینی گەیشتن بە شوێنێکی پارێزارو یان زانینی چارەنووسی ئەندامانی خێزانەکە بۆ چەندین کاتژمێر.

هەوڵدان بۆ کۆچکردن لە نێوان بۆردوومانەکاندا

وەفا یونس، دایکی شام مەزن جەریرە کە لە کۆمەڵکوژییەکانی مانگی تەمووزدا کوژرا، باس لەوە دەکات کە خێزانەکەی پێیانوابوو لە ناوچەیەکی پپارێزراو و دوور لە پێکدادانەکان دەژین، لە دەوروبەری ماڵەکەیان هیچ گروپێکی چەکدار و بازگەیەکی سەربازی نەبوون، بۆیە لە ماڵەکەییان کە لە نزیک نەخۆشخانەی نیشتمانی و بنکەی ئاگرکوژێنەوەیە مانەوە، هەروەه ئەندامانی خێزانەکە چەکیان هەڵنەگرتووە و بەشدارییان لە هیچ چالاکیەکی سەربازیدا نەکردووە، هەروەها پێشبینی قەبارەی توندوتیژییەکانیان نەکردووە دوای پچڕانی پەیوەندییەکان.

 

باس لەوە دەکات، کە یەکشەممە، ئەو ڕۆژەی ڕووداوەکان دەستیان پێکردووە، سەرەڕای بیستنی دەنگی بەرز، ئاسایی بووە، لەکاتێکدا شەڕەکان ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە پەرەی سەندووە تا ئەو کاتەی خێزانەکەیان تاکە کەس بوون لە گەڕەکەکەدا ماونەتەوە دوای ئەوەی دراوسێکانیان ڕۆیشتن، ٢١ ئەندامی خێزانەکە لە ماڵی دایکی هاوژینەکەی کۆبوونەوە.

 

لە ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٥، برای هاوژینەکەی کە لەگەڵ پیاوانی گەڕەکەکەدا بریندار دەبێت، دواتر لە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆدا مووشەکێک لە نزیک ماڵەکە کەوتە خوارەوە و دەنگێکی گەورەی لێکەوتەوە کە منداڵەکانی ترساند و وایکرد خێزانەکە بڕیاری جێهێشتنی ئەو گەڕەکە بدەن.

 

دووپاتی دەکردەوە، کە ڕۆژی دواتر لەبیرنەکراو بوو، چونکە کچە ١٢ ساڵانەکەی بەناوی شام و ئامۆزاکەی بەناوی لین موعتەز جەریرە و خاڵۆزاکانی بەناوەکانی ئامال و فاتن فەزولا جەریرە هەموویان لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا کوژراون لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا ناوچەکە بەجێبهێڵن.

 

پرسی "بۆچی ئێمە؟ بۆچی منداڵەکانمان لەبەر چاومان دەمرن و ئێمە هیچمان پێناکرێت؟"، ئاماژە بەوەشکرد، کە نەیتوانیوە بگاتە کچەکەی، لەکاتێکدا کوڕەکەی دیکەی دەست و گەدەی بریندار بووە و تا ئێستا چارەسەر و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.

 

ڕوونیکردەوە، کە ناتوانێت لە خوێنی کچەکەی خۆش بێت، نە ئەو ترسەی کە هێشتا منداڵەکانی دەگرێتەوە، بەردەوام تووشی زەبر و زەنگی دەروونی توند دەبن، وتی: بێبەش بووە لەوەی کچەکەی ببینێت کە خەونەکانی بەدیبهێنێت و ژیانێکی پڕ لە جێبەجێکردنی بژی، سەرەڕای باشی ئەکادیمی، هەروەها کچەکەی لە کاتی جەنگدا لەدایک بووە، هەموو ژیانی لەناو ئەو جەنگەدا ژیاوە و دواتر بەهۆیەوە لەناوچووە، ئەو پرسیاری ئەوە کرد کە منداڵان تا کەی لەم تیرۆرەدا بەردەوام دەبن و تا کەی خێزانەکان بەردەوام دەبن لە لەدەستدانی منداڵەکانیان.

 

باس لەوە کرد، کە دوای گەیشتن بە نەخۆشخانە چی بەسەر هاتووە، کاتێک چووە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانێت کام لە منداڵەکانی هێشتا لە ژیاندایە، وتی: هەستی بە ئاسوودەیی کردووە کاتێک زانیویەتی منداڵە بریندارەکانی هێشتا لە ژیاندان، سەرەڕای سەختی برینەکانیان، بەڵام گەورەترین ئاواتی ئەوە بوو کە بۆ دواجار شام کچەکەی ببینێت، پێش ئەوەی بزانێت کە کچەکەی نێژراوە و چیتر ناتوانێت ماڵئاوایی لێ بکات، هەرچەندە تەنها ٢٤ کاتژمێر پێشتر دەستی بەسەردا گرتبوو.

 

دووپاتیکردەوە، کە چووەتە تەرمخانە و بەدوای تەرمی کچەکەیدا دەگەڕا، پێیوابوو دەتوانێت بیدۆزێتەوە و بۆ دوا جار بیبینێت، بەڵام شۆکەکە کاتێک هات کە لە هەموو شوێنێک تەرمی بینی، لە دەرگای نەخۆشخانە و لە ژووری فریاکەوتن و لە کۆریدۆرەکاندا، هەروەها نەخۆشخانەکە وەک خۆی باسی دەکات "بەتەرم داپۆشراوە".

 

یەکێک لە دیمەنە ئازاربەخشەکانی کە پێناسەی کرد: بینینی جانتایەکی گەورە کە لەسەری نووسرابوو "خێزانی فڵان کەس"، ڕوونیکردەوە، کە ئەندامانی ئەو خێزانە لەناو جانتاکەدا پارچە پارچە بوون، هەرەوەها زۆربەی ئەو تەرمانەی کە بینیویەتی هی ژن و منداڵ و بەتەمەنکان بووە، کە لە سەرتاسەری نەخۆشخانەکەدا کۆببونەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ترسناکیی ئەو شتانەی کە شایەتحاڵی بووە، نەیتوانیوە بەردەوام بێت لە گەڕان بەدوای تەرمی کچەکەیدا، داوای لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی کوشتنی خەڵکی مەدەنی بکەن، هەروەها لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکەن کە "گەلەکەیان فرۆشتووە و خیانەتیان لە خاکەکەیان کردووە"، داوای دادپەروەری و چاکسازی بۆ زیانبەرکەوتووان دەکات.

هەوڵی کۆچکرد دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵکوژی

ڕیم وەرهانی، دایکی لین موعتەز جەریرە کە بەهەمان شێوە لە کۆمەڵکوژییەکاندا کوژرا، دووپاتیکردەوە، دوای ساڵێک لە کۆمەڵکوژیی ١٦ی تەمووز، وردەکارییەکانی ئەو ڕۆژە بە ئازارەوە لە یادەوەریدا زیندوو ماونەتەوە، وتی: ١٦ی تەمووز لە ڕۆژانی پێش خۆی ترسناکتر بوو، کە پڕ بوون لە دەنگی پێکدادان و تۆپباران، ئەمەش خێزانەکەی ناچار کرد بڕیاری جێهێشتنی ماڵەکەیان بدەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو منداڵ و ژن و بەتەمەنانەی بە ئۆتۆمبێلی "سابا"ی مامیدا دابەشکراون، کە کەسێکی مەدەنی و بێ چەک بووە، هاوکات هاوژینەکەی و براکەی بە ماتۆڕسکیلەوە ڕۆیشتوون، ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێکخستنە پاراستنی منداڵەکان بوو لە گوللـەی بێسەرپەرشت، تەنانەت بە نرخێکی زۆری گیانی گەورەکانیش.

 

ڕوونیکردەوە کە ئۆتۆمبێلەکە ١٥ کەسی هەڵگرتووە، لەنێویاندا منداڵەکان و داپیرەیان و خاڵۆزاکانیان و شۆفێرەکە، خێزانەکە ڕۆیشتن و من و هاوژینەکەم لەگەڵیدا بووین بە ماتۆڕسکیلەکەوە، لەگەڵ براکەی و هاوژینەکەی، گوللـە دەستیپێکرد بەدەورماندا، ئۆتۆمبێلەکەش تووشی تەقە بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بە تەواوی بوەستێت، هاوکات تەقەکردنەکە بەرەو ئۆتۆمبیلەکە و بەرەو ئەو کەسانە بەردەوام بوو کە هەوڵی گەیشتنیان بە پێدەدا بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی لەناوەوە بوون، ئەمەش وایکرد ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکە سەخت بێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵیانداوە بپەڕنەوە بۆ ئەودیو بۆ ئەوەی بگەنە ئۆتۆمبێلەکە، بەڵام تۆپباران و تەقەکردنەکە بەردەوام لە زیادبووندایە، هەروەها کچە بچووکەکەی کە تەمەنی پێنج ساڵ بووە، لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا لە باوەشی داپیرەیدا بووە و تەقەی لە لایەک کراوە، کچە گەورەکەی بە ناوی لین کە تەمەنی ١٢ ساڵ و نیو بوو لەگەڵ شامی ئامۆزاکەی و دوو خاڵۆزاکەی بە ناوەکانی ئەمال و فاتن کوژران.

 

دووپاتیکردەوە، ئەو منداڵانەی کە لە ژیاندا ماون لە ئۆتۆمبێلەکەوە بەرەو شوێنی کراوە ڕۆیشتوون بۆ ئەوەی خۆیان لە گوللـەکان بشارنەوە، کچە ناوەڕاستەکەی لەنێویاندا بووە، لەگەڵ ئامۆزاکانی و کچەکەی خاڵۆزاکەی، لەکاتێکدا لە تەنیشت یەکێک لە ماڵەکانەوە پەنایان بردووە، هەروەها ئەو و وەفا یونس هەوڵیانداوە بەرەو باڵەخانەکان بڕۆن، بەڵام لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراون، ئەمەش ناچاریان کردوون بچنە ناو یەکێک لە ماڵەکانەوە بۆ ئەوەی خۆیان بشارنەوە، هاوکات هاوژینەکەی و هاوژینەکەی وەفا یونس بەردەوام هەوڵیانداوە بگەنە ئۆتۆمبێلەکە بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی کە ماونەتەوە، بەبێ ئەوەی بتوانن ئەو کارە بکەن.

 

"ئێمە بۆ ماوەی ١٩ کاتژمێر ماینەوەو چارەنووسی منداڵەکانمانمان نەزانی"

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی هەتەشە و فراکسیۆنەکانی دیکە کە بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە، گەیشتوونەتە ناوچەکە، وتی: بە چاوی خۆی شایەتحاڵی ئەوان بووە و بینیویەتی کە چۆن هەموو ژن و منداڵ و بەتەمەنێک دەکوژن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

ڕوونیکردەوە، گەمارۆدانەکە ١٩ کاتژمێری خایاندووە، لەو ماوەیەدا بەبێ ئەوەی هیچ ئاگادارییەک لە چارەنووسی منداڵەکانیان یان خێزانەکەیان هەبیت، نەیانتوانی بڕۆن چونکە هەرکەسێک هەوڵی دابێت تەقەی لێدەکرا، هەروەها ماڵەکەی تەنیشتی هێرشیی کرایە سەر و تەقەی لێکرا، دوای ئەوە بێدەنگی هاتە خوارەوە.

 

دووپاتیکردووە، ئەو تیرۆرەی کە ئەزموونیان کردووە پێناسە ناکرێت، منداڵەکان بە درێژایی ئەو کاتژمێرانە لە ترسێکی زۆردا لە شوێنی کراوەدا ماونەتەوە، کچە ٩ ساڵانەکەی شایەتحاڵی کوشتنی خوشکەکەی و برینداربوونی خوشکە بچووکەکەی بووە و بە درێژایی ئەو کاتە بە تەنها بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی گەمارۆدانەکەدا هیچیان لەبارەی چارەنووسی ئەو خێزانەی نەدەزانی و هەموو هەوڵەکانی گەیشتنیان یان داوای یارمەتی شکستی هێنا،هەروەها لە بەیانیدا، کشانەوەیەکی وردە وردە دەستیپێکرد، ڕێگەیان پێدا بڕۆن، تەنها دواتر زانیان کە تەرمەکان و بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

 

جەختی لەوەشکردەوە، لەگەڵ گەیشتنیان بە نەخۆشخانە، دیمەنی شۆککەری تەرم و ئۆتۆمبێلە وێرانبووەکانی دۆزیوەتەوە، هەروەها بینیویەتی تەرمەکان لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا ماونەتەوە، تەرمەکانیش لەسەر ڕێگاکە و تەنانەت لەناو نەخۆشخانەکەدان.

 

دووپاتیکردووە، کچە بچووکەکەی کە بریندار بووە، لە حاڵەتێکی شۆکێکی زۆردایە و سەرەتا نەیناسیوەتەوە، هەروەها خەسووی بۆ ماوەی ١٩ کاتژمێر لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا لەگەڵ تەرمی دوو کچ و نەوەکەیدا ماوەتەوە، دوای ئەوەی تەقە لە سەری کراوە، خۆی نیشان داوە کە مردووە، لە ترسی ژیانی.

 

ڕوونیکردووە، دواتر خەسووی پێی ڕاگەیاندوون کە لین لە برینەکەی سەرەتایی ڕزگاری بووە، بەڵام پیاوێکی بریندار هەوڵیداوە لە نزیک ئۆتۆمبێلەکە خۆی بشارێتەوە و کراوەتە ئامانج، پاشان جارێکی دیکە تەقە لە ئۆتۆمبێلەکە کرا و لە ئەنجامدا لین گیانی لەدەستدا.

 

ڕیم وەرهانی لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی ڕوویدا ژیانی ئەوانی بە تەواوی گۆڕیوە، هەروەها چوار کچ و ژنی یەک ماڵیان لەدەستداوە، داواشی کرد لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکرێت و دادپەروەری بۆ زیانەرکەوتووان بکرێت.