لە ژنوار ئابوورییەکی بچووک سەربەخۆیی دروست دەکات
لەتفییە ئەحمەد کە لە گوندی ژنوار نیشتەجێیە، باسی ژیانی ئازادو ئارام و پارێزراوی ژنانی کردووە، لەگەڵ دوو منداڵەکەی لێرە دەژی، خۆشییەکەی لەگەڵ ئێمەدا هاوبەش کرد.
سۆرگوڵ شێخۆ
دربەسی – گوندی ژنوار پڕۆژەیەکی بێلایەن یان بە تەواوی تەکنیکی نییە، هەروەها بەرهەمی دیدگایەکی ڕوونی ژنانیشە کە دەستنیشان کراوە، فکری گوندی ژنوار وەک پڕۆژەیەک بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی سەربەخۆ، ژن لە هەموو لایەنێکەوە خۆی بناسێت و ببێتە خاوەنی هێزی جەوهەریی خۆی دەستی پێکردبوو، لە ساڵی ٢٠١٨دا بە شێوەیەکی فەرمی دەرگاکانی بە ڕووی ژناندا کردەوە.
ژنوار: گوندێک لە بێ توندوتیژی و زۆرداری
لەێرە ژنان لە ناو سیستەمێکی یەکساندا وەک خۆیان، ئازاد و سەربەخۆ دەژین، بێ ئەوەی پیاو، باوک، برا و نە دەوڵەتیش دەستوەردان لە ژیانیاندا بکەن کە بە ئارەزووی خۆیان شێوەیان پێ بدەن و بەڕێوەیان ببن، گوندێک کە لە توندوتیژی زۆر دوورە، بێ توندوتیژی و بێ زۆرەملێیە، شوێنی ژنانە کە لە ناو ئارامییەکی بێکۆتاییدا دەژین، بێ ئەوەی ئازادییان لێ بدزرێت و بستێنرێت و ناچار بە ژیانێک بکرێن کە بە دڵیان نییە.
ئابووریی ژنوار
لەبەر ئەوە لەم گوندەدا زەوی، نانەواخانە، فروشگا و گەلێک پڕۆژە هەن کە بە ئابوورییەکی بچووک ژنان سەربەخۆیی خۆیان دروستدەکەن، هەروەها کشتوکاڵ بەشێکی دانەبڕاوی ئەم سیستەمەیە، کە زۆرجار وەک ڕاهێنانێکی دۆستی ژینگە پێشکەش دەکرێت، پشت بە زەوییە بچووکەکان دەبەستێت کە لەلایەن ژنان خۆیانەوە کشتوکاڵیان تێدا دەکرێت، سەوزە و هەندێک خۆراکی ئاژەڵان دابین دەکات، بەم شێوەیە تێچووەکانی بازار کەم دەکاتەوە.
پلانسازی دەکەن و جێگرەوە پێشکەش دەکەن
هەرچەندە گوندەکە لە هەندێک کاتی دیاریکراودا بەهۆی مەرج و بارودۆخی دەوروبەرەوە پێویستی بە پشتیوانی بێت، بەڵام ئابوورییەکی ڕۆژانە پشتیوانی لێ دەکات کە دانیشتووانەکەی بەهێز دەکات، لە شوێنی پشتبەستن بە دۆخە لەناکاوەکان، پلان دادەنێن و جێگرەوەکان دروست دەکەن.
کشتوکاڵ: باخچەی دایکان

لەبەر ئەوە لەتفییە ئەحمەد کە خەڵکی شارۆچکەی قامیشلۆیە، لەگەڵ هەردوو کوڕە بچووکەکەی بە ناوەکانی دەمهات و سیوار لە ژنوار دەژی، بە هاوکاری لەگەڵ دوو ژنی تردا سەوزەی پاییزەی چاندووە، باخچەی ژنوار بە باخچەی دایکان ناسراوە، بۆیە ئەگەر کەسێک لە دەرەوەش بێت و سەردانی گوندەکە بکات، دەست لە باخچەکە نادات، تا دایکان ئامادە نەبن.
لەتفییە بۆ ئاژانسەکەمان دوا و باسی ژیانی ژنوار و کارەکەی خۆی کرد.
”ژنوار جەمسەرنما و پەناگەیە”
لەتفییە سەرەتا باسی گرنگیی بوونی گوندی ژنواری کرد و وتی: بۆ ئەو ژنانەی پێویستییان بە ئارامی و پارێزراوی هەیە، ژنوار پەناگەیە، بۆ ئەوەی ژن سەرگەردان نەبێت نەزانێت بەرەو کوێ بڕوات، ژنوار جەمسەرنمانە، ماڵی ئەو کەسە ئاوەدان بێت کە فکری ژنواری داهێنا و دروستی کرد، چونکە سوود و ژیانێکی باشترى پێشکەشی گەلێک ژن کردووە، وەک ئەوەی لە ماڵی خۆمان بین، نەک لە شوێنێکی نامۆ بین.
هاوڕێیەتیی ژنان و دابەشکردنی کار بەیەکەوە
لەتفییە ڕوونیکردەوە، کە ژنانی گوندەکە هەموویان بەیەکەوە دەژین، کار دەکەن و خزمەتی یەکتریش دەکەن و وتی: گیاگیرکێک بێت بەیەکەوە هەڵیدەکەنین و سەوزاییەک بێت بەیەکەوە دەیکێڵین، لە کاتژمێرەکانی ئێواراندا لە دەوری یەک کۆدەبینەوە، ڕۆژانی هەینی پێشوازی لە میوانان دەکەن و خەریکی ئەوان دەبین، ئیمە لە گوندەکەی خۆماندا زۆر بە ئاسوودەیی دەژین و کار لە نێوان خۆماندا دابەش دەکەین. ئێمەی ژنان لەگەڵ منداڵەکانمان لەم گوندەدا دەژین، پیاو لەم شوێنەدا نییە، ژن بە تەنها بەرپرسایەتیی ماڵ و منداڵ هەڵبگرێت، بیکەیت و نەیکەیت سەختە، بەڵام ژیان بەردەوامە.
”کۆمەڵگەی ژنوار خۆشترە”
لەتفییە ئاماژەی بە ژیانی تەنیاکەوتووی ژنان لە گوندەکەدا کرد و وتی: ژنان تەنها لەێرە دەژین، لەبەر ئەوە کەس توندوتیژییان لێ ناکات و ڕای خۆشیان بەسەردا ناسپێنێت، بەپێی ئارەزووی خۆی و بە ئازادیی خۆی ژیان دەکات، بێ ئەوەی کەس دەستوەردانی تێدا بکات، کۆمەڵگەی ژنوار لە کۆمەڵگەکانمان لە ماڵەکانی پێشوومان خۆشترە."
ئابوورییەکی بچووک و سەربەخۆیی سێ ژن
لەتفییە سەرنجی ڕاکێشا سەر وەرزی پاییز و وتی: وان زۆر جۆری سەوزەیان چاندووە، ئاو و خاکی ئێمە بەپیتترە و ئێمە لە بەرهەمەکانی زەوی دەخۆین، چونکە ئێمە زۆر جۆری میوە و سەوزەمان چاندووە. وەرزی هەنار و زەیتیش لە پێشمانە، ئێمە ئێستا چەند جۆرێکی سەوزەی وەک جەرجیر، ڕەشاد، تۆرب، سێر و پیازیشمان چاندووە، ئێمە لێی دەخۆین و ئەوەی زیادی بەرهەمەکەش بێت لە بازارەکاندا دەیفڕۆشین.
لە کۆتایدا لەتفییە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان سێ ژنن لە کشتوکاڵدا کار دەکەن و ئەو داهاتەی لە بەرهەمەکانیان دەستیان دەکەوێت لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن.