لە وڵاتی گەنمدا نان دەست ناکەوێت
ھەرچەندە پارێزگای کرماشان لە ڕیزی بەرھەمھێنەرە سەرەکییەکانی گەنم دایە، بەڵام ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ھەژاری و برسییەتییەکی بەربڵاو بووەتەوە. تابلۆکانی نان بە قەرز نییە لە نانەواخانەکاندا، چیرۆکی کەمپەیدابوونی نان لە وڵاتی گەنمدا دەگێڕنەوە.
سارا پورخەزری
کرماشان – بۆنی نانی گەرم کە لە دڵی تەنوورێکی گەشاوەوە بەرەو کۆڵانەکان دێت، ئەوەندە بەهێز و بەبڕشتە کە تەنانەت سکێکی تێریش سەرقاڵ دەکات وئەی چی بێت بۆ کەسێک کە چەندین ڕۆژە تام و بۆنی نانی نەکردووە و بە حەسرەتەوە دەڕوانێتە خولانەوەکانی تەنوور، وەک بڵێی هەر خولانەوەیەک، هیوایەک بێت بۆ گەیشتن بە تیکەیەک نان. لەم ڕوانینە تەنها ئەو کەسانە تێدەگەن کە دوا کۆسپ و سەنگەریان بۆ ڕزگاربوون لە برسییەتی، تەنها پارووە نانێکی وشک و خاڵییە. بەڵام ئەم دوا هیوایەش لە زۆر کەس زەوت کراوە. ئەم چیرۆکە باسی ئەو مرۆڤانە دەکات کە ئیتر ناتوانن نانێکی سادەش بکڕن و برسییەتی بۆیان بووەتە ڕۆتینێکی ڕۆژانە.
کرماشان پڕە لەو ڕوانینانەی کە لەسەر نان قەتیس ماون
ئەگەر ئەم ڕۆژانە لە کۆڵانەکانی کرماشاندا بگەڕێین، هەژاری بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی نیشان دەدات؛ لە جلوبەرگە کۆنەکانی سەر جەستەدا، لەو نەخۆشانەی کە بێ دەرمان جێهێڵدراون، لەو پیاو یان ژنەی کە چەندین ڕۆژە هیچی نەخواردووە و ناتوانێت تەنانەت یەک نانیش بکڕێت. بۆ زۆر کەس، نان ئیتر لە تەنوورەوە نایەت، بەڵکو لەناو خۆڵوخاشاک و پاشماوەکاندا یان لە دەستی ڕێبوارێکدا دەگەڕێت کە ڕەنگە دڵی بسووتێت و تیکەیەک نان پێشکەش بکات. ئەم ڕۆژانە، کرماشان پڕە لەو ڕوانینانەی کە لەسەر نان قەتیس ماون. ڕوانینێک کە نەک لەبەر حەزی تامی خۆشی نان، بەڵکو لە برسییەتی، شەرم و بێدەسەڵاتییەوە سەرچاوە دەگرێت و بۆ ڕوانینە پڕ لە گەڕانەکەیان هیچ وەڵامێک نییە. تەنانەت ئەگەر بۆ دۆزینەوەی نانێک پەنا بەرنە بەردەم نانەوایەکیش، بێجگە لە ڕەتکردنەوەی داواکەیان، هیچ وەڵامێکی تر وەرناگرن.
نان لەسەر سفرهکان لادرا
ئەگەر ئەم ڕۆژانە بچینە نانەواخانە جیاجیاکان، نزیکەی هەمیشە ڕووبەڕووی پەڕەیەک کاغەز دەبینەوە کە بە هێڵێکی ئەستوور و بڕیاردەر لەسەری نووسراوە: نان بە قەرز نییە. بەڵام ئەم ڕستە ڕەق و کورتە، تەنها ڕاگەیاندنێکی سادە نییە؛ لە پشت ئەم کاغەزەوە بە هەزاران داواکاریی نانی بەقەرز حەشار دراون؛ داواکاریگەلێک کە ئەوەندە زیادیان کردووە نانەواکانیان بێزار کردووە و ناچاریان کردوون ئەم پەیامە لە چەند شوێنێکی نانەواخانەکەیاندا هەڵواسن. ڕەنگە بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک ناچار نەبن بە شەرمەزارییەوە چاوە کڕۆزێنەرەکانی ئەو مرۆڤانە ڕەت بکەنەوە کە بۆ تیکەیەک نان هاتوون. ئەم پەڕە بچووکە لە ڕواڵەتدا هیچی پێ نییە بۆ گوتن، بەڵام لە ڕاستیدا چوارچێوەیەکی کورتی کارەساتی هەژاری و برسییەتییە لە کرماشان. نیشانەی ئەو جێگە وسفرانەیە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بچووکتر دەبنەوە، ئەو خێزانانەی کە ناتوانن تەنانەت سەرەتاییترین بژێوی ڕۆژانەیان دابین بکەن و ئەو مرۆڤانەی کە نان، وەک سەرەتاییترین و سەرەکیترین پێداویستییان، بۆیان بووەتە کاڵایەکی دەستپێنەگەیشتوو.
لە کرماشان پێوەرەکانی نەهامەتی و داڕمانی بژێوی ژیان
لە مانگەکانی ڕابردوودا بەهۆی سەد هێندە زیادبوونی نرخی خۆراک، لەگەڵ هەڵاوسانی بێ سنوور، زۆرێک لە خێزانەکانی کرماشان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار بەرەو هەژارییەکی ناچاری چوونەتە پێشەوە. هەژارییەک بە چەشنێکە کە خێزانەکان ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خۆراک دابین بکەن و ناچارن هەموو ڕۆژێک بۆ مانەوە و ژیان بجەنگن. ئەمە نیشانەیەکی ڕوونی داڕمانی بژێوی ژیانە لە بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی کرماشاندا. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کە بڵاوکراونەتەوە، کرماشان لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە پێوەری نەهامەتیی سەدا ٥٠ لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتدا بوو. بەڵام نوێترین داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران نیشانی دەدەن کە ئەم پێوەرە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە بازدانێکی بەرچاو گەیشتووەتە سەدا ٧٥. کرماشان لە دوای سنەوە، لە پێوەری نەهامەتیدا لە پلەی دووەمدایە. جیاوازی نێوان ئەم دوو شارە تەنها سەدا ٢ کەمترە؛ سنە بە پێوەری سەدا ٧٧ لە پلەی یەکەمدایە.
بەڵام ئەم ژمارانە و ڕیزبەندییە بە زمانێکی سادە بە چ واتایەک دێن؟ بۆ ئەژمارکردنی پێوەری نەهامەتی، بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی بێکاری و ڕێژەی هەڵاوسان کۆدەکرێنەوە. ئەو ژمارەیەی کە بەدەست دێت نیشانی دەدات کە خەڵکی ناوچەیەک تا چەند لەژێر گوشاری ئابووریدا بێدەسەڵاتن. کاتێک کرماشان لە پلەی دووەمی پێوەری نەهامەتیدایە، ئەمە بەو مانایەیە کە بێکاری لەم پارێزگایەدا زۆر بەرزە، هەڵاوسان لە کرماشان لە زۆرێک لە پارێزگاکان گرانترە و کاڵا سەرەتاییەکان خێراتر گران دەبن. لە ئەنجامدا، هێزی کڕینی مرۆڤەکان لەچاو ناوچەکانی تری وڵات خێراتر دادەبەزێت. بە کورتی، خەڵکی کرماشان هەم کار و کاسبییان کەمترە و هەمیش هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی نرخگەلێکی بەرزتر دەبنەوە. ئەم ئاوێتەبوونە ژیانی ئەوانی لە زۆربەی پارێزگاکانی وڵات سەختتر کردووە. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: چ فاکتەرێک بووەتە هۆی ئەوەی کرماشان لە دۆخێکی ئاوادا بێت؟
بڵاوبوونەوەی هەژاری لە کرماشان بەڕێکەوت نییە، پلانێکی سیاسییە
کرماشان یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگا لە ڕووی سامانە سروشتییەکان، توانای ژینگەیی و ژێرخانی ئەگەری، لە کانزاکانەوە تا زەوییە بەپیتەکان و ناوچە سنوورییەکان. بەڵام پرسیاری بناغەیی ئەوەیە کە بۆچی پارێزگایەک بەم جۆرە توانایە هەیە ئەمڕۆ لە ڕیزی هەژارترین ناوچەکانی وڵاتدایە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا لە فاکتەرە ئابوورییەکاندا ناگەڕێتەوە. ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سیاسەتە بەرتەسککەرەوەکانی حکومەتەوە هەیە. لە ڕاستیدا بڵاوبوونەوەی هەژاری لە کرماشان بە ڕێکەوت نییە؛ بە پێچەوانەوە دەرئەنجامی جۆرێک لە پلانی سیاسییە. سەرچاوە بەرفراوانەکانی ئەم پارێزگایە بە هیچ شێوەیەک هاوتا نییە لەگەڵ قووڵایی و پانتایی هەژاریی هەنووکە و ئەم ناتەباییە بە ڕوونی بە چەمکی سیاسەتی هەژاری ڕوون بکرێتەوە.
هەرچەندە تێگەیشتنی سەرەتایی لە سیاسەتی هەژاری ڕەنگە وەک کۆمەڵێک ڕێکار بۆ کەمکردنەوەی هەژاری دەربکەوێت، بەڵام لە پراکتیکدا، ئەم چەمکە لە زانستە سیاسییەکاندا ئاماژەیە بۆ ئەو سیاسەتانەی کە هەژاری بەرهەم دەهێنن یان سەرلەنوێ دایدەڕێژنەوە. لە زۆرێک لە حکومەتە دەسەڵاتخوازەکاندا، هەژاری تەنها لاوازییەکی پێکهاتەیی ژێرخانی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا. لەم سیستمانەدا هەژاری، لەبری ئەوەی وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سەیر بکرێت، دەبێتە سیاسەتێکی کاریگەر بۆ لاوازکردنی کۆمەڵگا. چونکە یەکەم شتێک کە لە مرۆڤی دەسەنێتەوە، هێزی بیرکردنەوە و شیکردنەوەی دۆخەکەیە. مێشکێک کە تەواوی وزەی خۆی لەسەر دۆزینەوەی پارووە نانێک بۆ مانەوە خەرج دەکات، ئیتر دەرفەتی پرسیارکردنی لەسەر نایەکسانی، گەندەڵی، جیاکاری یان بێکاریی پێکهاتەکان نییە. بە دەستەواژەیەکی تر، کاتێک مرۆڤەکان بە مانەوە و ژیانیانەوە سەرقاڵ بن، ئەو هێزەی کە ببنە هێزێکی داواکار لەدەستی دەدەن، و لێرەدایە کە سیاسەتی هەژارکردن بۆ حکومەتە ئۆتۆریتەرەکان گرنگ دەبێت. چونکە کۆمەڵگایەکی هەژار کەمتر مەترسیدارە، کەمتر داواکارە و ئاسانتریش کۆنترۆڵ دەکرێت.
سیاسەتەکانی حکومەت نیشانەی ناکۆکیی قووڵ و کارەساتی کۆمەڵایەتییە
مەنیرە.ف، خوێندکاری زانستە سیاسییەکان وتی: ئەگەر سەیری ئەو ئامارانە بکەین کە پەیوەندییان بە هەژارییەوە هەیە لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا، بە ڕوونی دەبینین کە لە پارێزگا کوردییەکاندا بەرزترین ڕێژەی بێکاری هەیە و باڵاترین ئاستی بێبەشی ئەزموون دەکەن. لە ڕیزبەندیی هەژارترین پارێزگاکانی وڵاتدا، کوردستان، کرماشان و ئیلام لە ڕیزی پێشەوەدان. بابەتێک کە نیشانی دەدات سیاسەتەکانی حکومەت لە پراکتیکدا بە شێوەیەک بەڕێوەچوون کە بڵاوبوونەوەی هەژاری لە کوردستاندا نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکو بەهێزتریش بووە. ئەو ڕاستییەی کە نانەواخانەکانی کرماشان ناچارن تابلۆی قەدەغەکردنی فرۆشتنی نانی بەقەرز هەڵواسن، نیشانەی ناکۆکییەکی قووڵ، ئاشکرا و کارەساتێکی کۆمەڵایەتییە.
ئەمڕۆ لە کرماشان و کوردستان، ئەو مرۆڤانەی کە خۆیان گەنم بەرهەم دەهێنن، پێویستیان بە نانە
ئەگەر سەیری ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵ بکەین، لە ئێراندا پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان لە نێوان پێنج پارێزگای یەکەمی بەرهەمهێنانی گەنم دان. ئەمەش بەو مانایەیە کە کەرەستەی خاوی نان، وەک سەرەکترین پێداویستی خۆراک، لەم دوو پارێزگایەدا زۆرە. بەپێی لۆژیک، دەبوو هیچ کەسێک لەم ناوچانەدا بۆ بەدەستهێنانی پارووە نانێک تووشی زەحمەتی نەبێت، بەڵام ڕاستی جیاوازە. قازانجی ئەو توانایە کشتوکاڵییە گەورانەی ئەم پارێزگایانە ناچێتە نێو گیرفانی خەڵکی ناوچەکەوە، بەڵکو دەچێت بۆ دامەزراوە حکومییەکان و ئەو تۆڕانەی کە سەر بەوانن. ئەنجامەکە ئەوەیە کە لە دڵی هەر دوو پارێزگای بەرهەمهێنەری گەنمدا، زۆرێک لە خێزانەکان ناتوانن نانی ڕۆژانە بکڕن. ئەم دۆخە نیشانی دەدات کە سیاسەتە ئابووری و دابەشکارییەکانی حکومەت نەک هەر بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچانە سوودبەخش نەبوون، بەڵکو هەژاریشیان بەرهەمهێناوە و بەهێزتر کردووە. تا ئەو ئاستەی کە ئەمڕۆ لە کرماشان و کوردستان، ئەو مرۆڤانەی کە خۆیان گەنم بەرهەم دەهێنن، پێویستیان بە نانە.
هەژاری ئامرازێکی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییە
سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی هەژاریی پێکهاتەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە سیاسەتێکدا ڕەگی داکوتیوە کە بەهۆی سەرکوتکاری و سڕینەوەی مێژووییەوە هاتووەتە ئاراوە. کوردستان یەکێک بوو لەو ناوچە یەکەمانەی کە لە ساڵی ١٩٧٩دا بە کۆماری ئیسلامیی گوت نا ،و ئەم دژایەتییە سەرەتاییە لە بیرەوەریی سیاسیی حکومەتدا وەک نیشانەیەکی هەمیشەیی لە سەرپێچی تۆمارکرا. کۆماری ئیسلامی زۆر باش دەزانێت کە ئەم ناوچەیە، بەهۆی ئەزموونی مێژوویی و ناسنامەی سیاسیی خۆیەوە، هەمیشە وەک ڕەخنەگر و ناڕەزایەتیدەر دەمێنێتەوە. لە چوارچێوەیەکی ئاوادا، هێشتنەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە لە هەژارییەکی ڕەهادا، جۆرێکە لە تۆڵەسەندنەوەی سیاسی و لە هەمان کاتدا ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا. حکومەتێک کە پشت بە لۆژیکی "هەر کەسێک نان بدات، ئەو فەرمان دەدات" دەبەستێت، زۆر باش دەزانێت کە برسییەتی دەکرێت ببێتە ئامرازێک بۆ سەپاندنی گوێڕایەڵی. کاتێک مرۆڤەکان بۆ سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان وابەستە دەکرێن، ئەگەری بەرگری، داواکاری و تەنانەت ناڕەزایەتی دەربڕین کەم دەبێتەوە.
لە کوردستاندا سیاسەتی هەژارکردن سیاسەتێکی ئامانجدارە
لە ئەنجامدا، سیاسەتی هەژارکردن لە کوردستاندا سیاسەتێکی ئامانجدارە کە بۆ لاوازکردنی هێزی کۆمەڵایەتی، شکاندنی سەربەخۆیی ئابووری و گۆڕینی مرۆڤەکان بۆ حەشیمەتێک داڕێژراوە کە ناچار بێت پێکهاتە سەرکوتکەرەکان تەحەممول بکات تەنها بۆ ئەوەی بژی. ئەم خولگەی هەژارییە لە ڕاستیدا خولگەیەکی گوێڕایەڵکردنی زۆرەملێیە کە، بە سەپاندنی بێبەشی، کۆنترۆڵی حکومەت بەهێزتر دەکات و ئەگەری بەرگریکردن لە لایەن گەلەوە سنووردار دەکات.
بەتایبەت لە ڕوانگەی کۆتاییەوە، دەکرێت بگوترێت ئەم سیاسەتە ئەوەندە سێبەری بەسەر مێشک و هێزی بڕیاردانی کۆمەڵگای ئامانجدا کێشاوە، کە پێش ئەوەی مرۆڤەکان دەرفەتی ئەوەیان هەبێت لەسەر کێشە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ژیان بیر بکەنەوە، ڕووبەڕووی کۆسپێکی ناوخۆیی گەورە و وێرانکەر دەبنەوە کە لە مێشکیاندا چێنراوە؛ کۆسپێک کە هەر بڕیارێک، هەر هەڵبژاردنێک و هەر جووڵەیەک دوا دەخات و پێش هەر چالاکییەک، تەنها ڕستەیەک لە مێشکیاندا دەنگ دەداتەوە. ڕستەیەک کە، وەک زنجیرێک، ئیرادە سنووردار دەکات و ئاسۆ چەق دەبەستێت، ئەویش ئەوەیە کە: خەمی نان، ئەگەر لێ گەڕێت.