لە عێراق ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

لە عێراقدا تا دێت توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان زیاد دەکات، یاسایەکیش نییە بۆ پاراستنی ئەو ژنانە.

 

غوفران الرادی

بەغدا- توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لەو بابەتانەی لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت، ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت بەهۆی ترسەوە بێدەنگ دەبن و هیچ یاسایەکیش نییە بۆ پاراستنی مافی ژنان، تەنیا هەندێک کەس هەن داوادەکەن ڕێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان بکرێت، هەندێکیشیان ئەو دۆخەیان لاپەسەندە و بە مافی پیاوانی دەزانن، ژنانی چالاکوان کە داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن، داوای گفتوگۆ و دیالۆگ دەکەن دەربارەی یاسایەکی نوێ کە مافی ژنان بپارێزێت و چارەسەری بۆ دۆخی ئیستا بدۆزرێتەوە، بەشێک لە ژنان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بۆ ئاژانسی ژنها دوان.

 

"باوکم نەیدەهێشت جیاببمەوە لە هاوژینەکەم"

ع. س. تەمەن ٢٢ ساڵ نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باسی لەوەکرد بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەی توندوتیژی بەرامبەر کردووە چەندین جار گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی باوکی و وتی: "هەمیشە لەلایەن هاوژینەکەمەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبوومەوە، بۆ ئەوەش دەگەڕامەوە ماڵی باوکم، بەڵام خێزانەکەم بۆ پاراستنی خێزانەکەم تا ناوی بێوەژن نەلکێ پێمەوە، هەمیشە دەیانناردمەوە بۆ ماڵی هاوژینەکەم"

 

"هەتا ئێستا شوێنەواری توندوتیژی لەسەر جەستەم دیارە"

ع. س. دەربارەی ئەو توندوتیژییانەی کراوەتە سەری و چۆن ڕزگاری بووە، دەڵێت: "کاتێک لەو ماڵە دەرچووم و جیابوومەوە لە هاوژینەکەم، من لەو کابوسی توندوتیژی ڕزگارم بوو، بەڵام من بۆ دۆخی کوڕەکەم زۆر دەترسم، ژیانی هاوسەرگیرم زۆر قورس بوو، ماوەی پێنج ساڵ کە ئەو پیاوە لە منی دەدا هەستم دەکرد کە دەمرم، ماوەی سێ مانگە جیابوومەتەوە بەڵام تا ئێستا شوێنەواری ئەشکەنجەکان بە جەستەمەوە دیارە".

 

"جگە لە بێدەنگ بوون هیچ ڕێیەکی دیکەم نەبوو"

ب. هـ . تەمەن ٤٥ ساڵ بە شێوەیەکی جیاوازتر چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئەشکەنجە دراوە، دەربارەی هاوسەرگیرییەکەی دەڵێت: "پێش ١٥ ساڵ بێ ئەوەی من لە بەرپرسیارێتی تێبگەم، هاوسەرگیریم کرد، لەو کاتەی من قاپێکم شکاند و هاوژینەکەم لێیدام، هەستم بە قورسی ژیان کرد، زیاتر من لە ژیانی منداڵەکانم دەترسام، بۆ ئەوەش هەوڵم دەدا کە هاوژینەکەم توڕە نەکەم، وەک ئەوەی تاوانێکمان کردبێت توندوتیژی بەرامبەرمان دەکرد، هیچ ڕێیەکم نەبوو جگە لەوەی کە بێدەنگ ببم، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا توندوتیژی دژی ژنان ئاساییە، پێنج منداڵم هەیە و ناتوانم دەستبەرداریان ببم، ئەگەریش واز لە هاوژینەکەم بهێنم و هاوسەرگیرییەکی دیکە بکەم ژیانم هەمان توندوتیژی تێدا دەبێت".

 

"خێزان هەمیشە جیاوازی دەکات لەنێوان کچ و کوڕدا"

چالاکوانی پاراستنی مافی ژنان مەها ئەمیری تەمەن ٤١ ساڵ، لەسەر یاسای توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت: "دەسەڵاتی عەشیرەتەکان لە ئاسا بەهێزترە، قسەی سەرەتا و کۆتا لەلایەن عەشیرەتەوە دەکرێت و توندوتیژیش دژی ژنان بە ڕێککەوتنێک لە نێوان پیاواندا کۆتایی پێدەهێنن، دەسەڵاتی پیاویش لەناو کۆمەڵگەدا دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی پەروەردە کردن، خێزان هەمیشە جیاوازی دەکەن لەنێوان کچ و كوڕدا، وەک ئەوەی کوڕان هەمیشە خاوەن بڕیاری ڕاستن، بێگومان توندوتیژی جەستەیی لەسەر دەروونی ژنان کاریگەری بەجێدەهێڵێت، هەتا ئێستاش زۆرینەی خێزانەکان جیابوونەوەی کچەکانیان لە هاوژینەکانیان ڕەت دەکەنەوە".

 

"یاسا ئاستەنگی دەخاتە بەردەم مافی ژنان"

لێکۆڵەر و چالاکوانی مافی ژنان وژیبراج هاشمی ٣٢ ساڵ دەربارەی یاسای پاراستنی ژنانی عێراقی باسی لەوەکرد: "پەرلەمان بەو پێیەی ناوەندێکی هۆشیارە بەڵام گەلێک بڕیاری هەڵە دەدات، ئێمە بینیمان ئەندام پەرلەمانی عێراق بۆ یاسای پاراستنی ژنان و مافەکانیان گەلێک ئاستەنگییان خستە بەردەم پەرلەمان".

 

"ئێمە لەگەڵ ژنان دەوەستین"

ڕۆژنامەوان و چالاکوان مونا سامی دەربارەی ئەم پرسە وەها دوا: "توندوتیژی و دەستدرێژییەکانی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، یاسا سزای تاوانبارانی نادات و کۆمەڵگەش وەک تاوان نایبینێت، ئێمە چاودێری دەکەین، ئێمە بڕیارمان داوە لەتەنیشت ژنانەوە دەوەستین تا ئەو یاسایانە گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت و مافی ژنان دەپاریزرێت".

 

ت.پ