لە پشت دیوارەکانی نەنگەرهار چیرۆکی ژنانێک هەن کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و بێبەشبوون دەبنەوە
نەنگەرهار سەردەمانێک ناوەندێکی سەرەکی پەروەردە و ڕۆشنگەری بووە، شانازی بە بوونی ژنانی خوێندەوارەوە دەکرد لە ئەفغانستان، بەڵام لە ئێستادا، ژنان جگە لە هەژاری و نائەمنی، لە بەردەم توندوتیژی و سنووردارکردن و داب و نەریتەکانن کە ژیانیان هێندەی تر سەخت کردووە.
بەهاران لەهیب
نەنگەرهار-نەنگەرهار، یەکێکە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، پێش کودەتاکەی ٢٧ی نیسانی ١٩٧٨ بە قوتابخانە زیندووەکانی و چینی خوێندەواری گەشەسەندوو و بەشداری بەهێزی ژنان لە پەروەردەدا ناسرابوو، زۆرێک لە خێزانەکان کچەکانیان دەناردە زانکۆکان بۆ تەواوکردنی خوێندن و کەشوهەوای کۆمەڵایەتی پارێزگاکە کەمتر ئامادەی ئایدۆلۆژیای توندڕەو بوو وەک لە ئێستادا.
بەڵام دەیان ساڵە شەڕ و پاڵپشتیی دەرەکی بۆ گروپە جیهادییەکان و پەرەسەندنی قوتابخانە ئاینییەکان و سەرکوتکردنی هێزە ڕۆشنگەر و دیموکراتییەکان، گۆڕانکاری لە نەنگەرهار کردووە، زۆرێک لە مامۆستایان و چالاکوانانی مەدەنی و نووسەران و ڕۆشنبیران کوژراون یان بە ناچاری دەربەدەر و بێدەنگی کراون، بەم گۆڕانکاریانە، ژنان وردە وردە لە زۆرێک لە کایە کۆمەڵایەتییەکان دوور خراونەتەوە.
ئەمڕۆ کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لە جەلال ئاباد بە ڕوونی دیارە، ئەو ژنانەی سەردەمانێک لە قوتابخانە و زانکۆ و فەرمانگە حکومییەکاندا بوونیان هەبوو، ئێستا لە ماڵەکانیاندا قەتیس کراون، نەک هەر لە ژێر قورسایی هەژاری و بێکاری بەڵکو لە ترسی بەردەوامی توندوتیژی و بڕیاردانی کۆمەڵایەتیدا دەژین.

نەسیمە وەلی لە پارێزگای نەنگەرهار نیشتەجێیە و دایکی شەش منداڵە، ئەو لە خانوویەکی بچووک و تاریکدا نیشتەجێیە کە تەنها چەند ژوورێکی تەنگ و تەسکی تێدایە، کە چەند خێزانێک ناچارن هاوبەشی بکەن، دوای کوژرانی هاوژینەکەی، لەگەڵ منداڵەکانی پەنایان بۆ ماڵی براکانی هاوژینەکەی برد، وتی: هاوژینەکەم سەرباز بوو، داهاتەکەی سنووردار بوو، بەڵام بەس بوو بۆ ئەوەی بژین، دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، لە نزیک ماڵەکە کوژرا و لەو ڕۆژەوە هەموو شتێک لە دەوروبەرم داڕما.
ئەمڕۆ نەسیمە وەلی بەرپرسیارە لە بژێوی ژیانی شەش منداڵ کە بریتین لە سێ کچی هەرزەکار و سێ کوڕ کە یەکێکیان منداڵێکی ساوایە، وتی: سەختترین شت لە ژیانمدا تەنها هەژاری نییە، بەڵکو ئەو ترسەیە کە هەموو ڕۆژێک لەم ماڵەدا لەگەڵیدا دەژیم، هەندێکجار هەموو ڕۆژەکە بە خەمی ئەوەدا بەسەر دەبەم کە شەوانە چی خۆراک بە منداڵەکانم دەدەم، بەڵام گەورەترین ترسم بۆ کچەکانمە، لێرەدا ئەگەر ژنێکی گەنج باوکی نەبێت، هەموو کەسێک پێی وایە مافی خۆیەتی دەستوەردان لە ژیانیدا بکات.
دەرکەوت کە یەکێک لە براکانی هاوژینەکەم هەرچەندە بەشداری لە خەرجییەکانی ژیانماندا ناکات، بەڵام بەردەوام کچەکانم سنووردار دەکات، لە چۆنیەتی جل و بەرگیانەوە تا کاتێک دەچنە دەرەوە و چۆن قسە دەکەن، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەوڵیدا، لە کچە گەورەکەم بدات، کاتێک کوڕە دوانزە ساڵانەکەم دەستوەردانی کرد بۆ بەرگریکرد لێی، بە چەقۆ لە دەستیدا.
دایکەکە چەند جارێک لە کاتی قسەکردندا، وەستا و کچەکەی بە درێژایی کاتەکە لە تەنیشتمان دانیشتبوو و سەری کز کردبوو، یەک وشەی نەدەوت، گفتوگۆکە تەنها کاتێک پچڕا کە دەنگی پیاوێک لە حەوشەکەوە بیسترا.
لە زۆرێک لە خێزانە ئەفغانییەکان، ژنێک کە هاوژینەکەی لەدەست دەدات، نەک تەنها ڕووبەڕووی هەژاری دەبێتەوە بەڵکو ڕووبەڕووی فشارە کۆمەڵایەتییە توندەکانیش دەبێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت "ئارام" بێت و هەموو ژیانی خۆی بۆ منداڵەکانی تەرخان بکات، ئەگەر دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە، زۆرجار ئەوە بڕیاری ئەو نییە، بەڵکو داهاتووی لەلایەن خێزانی هاوژینەکەیەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

لەبەرامبەردا، پیاوێک دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە بە ئاسایی دادەنرێت، تەنانەت ئەگەر جیاوازی تەمەنی بەرچاو لە نێوان خۆی و هاوژینەکەیدا هەبێت، ژنێک کە دەیەوێت ژیانێکی نوێ دەستپێبکات، زۆرجار ڕووبەڕووی پێشوەختەیی و بێڕێزیکردن و تاوانبارکردن دەبێتەوە، وەک نەسیمە وەلی ڕوونیکردووەتەوە: دوای مردنی هاوژینەکە، ژن مافی بڕیاردانی ژیانی خۆی لەدەست دەدات، هەموو کەسێک پێی وایە دەتوانێت بڕیاری بۆ بدات، لە جل و بەرگی کچەکانییەوە تا کاتی خەوتن و کاتێک دەچێتە دەرەوە.
باسی لەو شەوانە دەکرد، کە کچەکانی تەنانەت لە چوونە دەرەوەش دەترسان، هەروەها باسی ئەو ڕۆژانەی دەکرد کە جگە لە نان و چای وشک هیچی تریان نەبوو و ترسی بەردەوامی هەبووە لەوەی یەکێک لە کچەکانی بکەوێتە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی یان هاوسەرگیری زۆرەملێ، هەژاری مرۆڤ دەشکێنێت، بەڵام بێڕێزیکردن زیاتر دەیسوتێنێت، تەنها شتێکم دەوێت کچەکانم بژین، و وەک ملیۆنان ژنی دیکەی ئەفغانستان نەشکێن.
چیرۆکی نەسیمە وەلی تەنها چیرۆکی یەک خێزان نییە، ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی زۆرێک لە ژنانە لە نەنگەرهار و پارێزگاکانی دیکەی ئەفغانستان، کە ئەمڕۆ لە ژێر فشاری هاوکاتی هەژاری و توندوتیژی خێزانی و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتیدا دەژین، بەبێ ئەوەی دەرفەتی کارکردن و خوێندن و هەستکردن بە ئاسایشیان هەبێت.
بەڵام هێشتا ژنان هەن کە ڕەتیدەکەنەوە دەستبەرداری بن، ئەو ژنانەی کە سەرەڕای ترسەکە بەرگری لە کچەکانیان دەکەن، ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و هەوڵدەدەن هیوا بە زیندووی بهێڵنەوە، ڕەنگە ئەم کردەوە بچووک و بێدەنگانەی بەرخۆدان دوا بەڵگە بن کە خەونی ئازادی و دادپەروەری هێشتا لە ئەفغانستان زیندووە.
