لە مۆریتانیا ژنان بۆ مافەکانیان تێدەکۆشن

زۆرێک لە ڕێکخراوە فێمێنیستییەکان لە مۆریتانیا هەوڵ دەدەن هۆشیاری ژنان بەرز بکەنەوە سەبارەت بەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە لە کۆمەڵگەدا و بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان.

خەدیجە شیختنا

 

مۆریتانیا- لە مۆریتانیا، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەوڵ دەدەن بارودۆخی ژنان باشتر بکەن، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی لەمنیحەر، کە کار لەسەر مافەکانی ژنان دەکات، هۆشیارکردنەوەی ژنانە.

 

فاتمە بنت عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی لەمنیحەر ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکخراوەکانی ژنان لە مۆریتانیا بە پەروەردە هۆشیاری زیاتر دەدەن دژی توندوتیژی، ڕێکخراوەکە لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و پەروەردە و هۆشیاری ژنان و داننان بە مافەکانیان کار دەکات، وتیشی: زانیاری تەواویان پێدەدەین بۆ بنیادنانی ژیانێکی خێزانی سەرکەوتوو لەسەر بنەمای هۆشیاری و تێگەیشتنی ژنان.

 

گرنگی بە ژنان لە گوندەکاندا دەدرێت

فاتمە بنت عەلی وتیشی: کاری ڕێکخراوەکە لە ساڵی ١٩٩٧ بە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی هاوکاری ژنان دەستیپێکرد و لە ئێستاوە پێویستی بە دامەزراندنی ڕێکخراوێک هەیە بە ئامانجی یارمەتیدان، ڕێکخراوەکە پێداویستییە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستییەکانی ژنان دابین دەکات و گرنگی بە ژنان لە گوندەکاندا دەدات، لەبەر ئەوەی ژنان چەوساوەترینن، پێش هەموو شتێک، پێویستە خێزانەکان چاکسازییان تێدا بکرێت، بۆیە ئێمە لەو ناوچانەدا کار دەکەین کە بارودۆخی ژنان و منداڵان و کۆمەڵگە بە گشتی باشتر دەکەن. ڕێکخراوەکەمان لەگەڵ چەندین هاوبەشدا کاردەکات وەک Terre des Hommes UNICEF  FHI360، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە کێشەمان هەیە لە کردنەوەی بوارەکانی وەک دروستکردنی ناوەندەکانی پەروەردە.

 

"ئەگەر ژنان ئازاد بکرێن، کۆمەڵگەش ئازاد دەبێت"

 

فاتمە بنت عەلی ڕاشیگەیاند، ڕێکخراوەکە پشتیوانی لە زۆرێک لەو ژنانە دەکات کە لە کێشەی خێزانیدا دەژین وتیش: پشتیوانی یاسایی دابین دەکەین ئەگەر ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە لەناو خێزاندا، ئەگەر ژنان ئازاد بکرێن، ئەوا کۆمەڵگەش ئازاد دەبێت و ئازادی ژنان بناغەی بنیادنانی کۆمەڵگەیە.

 

"هاوسەرگیری منداڵان بەرزە"

سەبارەت بە ڕێژەی هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا لە مۆریتانیا، فاتمە بنت عەلی وتی: زۆرێک لە خێزانەکان بەهپی هەژارییەوە هاوسەرگیری بە کچەکانیان دەکەن کە هێشتا تەمەنیان ١٥ ساڵە، پێیان وایە کە لە فشاری خێزانەکە ڕزگاریان دەبێت و پشتگیری ئەم هاوسەرگیرییە دەکەن. بۆیە دەتوانین بڵێین کە دیاردەی هاوسەرگیری زوو لە مۆریتانیا زۆر بەرزە، ئەمە تەنها بۆ بەشێکی دیاریکراو یان ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، زۆرجار لە شارەکانەوە بۆ ناوچە گوندنشینەکان ڕوودەدات.

 

فاتمە بنت عەلی باسی لەوەکرد، ڕێکخراوەکانی ژنان دژی دیاردەی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا تێدەکۆشن و وتی: ئەم ڕێکخراوانە تیشک دەخەنە سەر کاریگەری هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا لەسەر جەستە و تەندروستی دەروونی کچان و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەم دۆخە هەڕەشەیەکی گەورەیە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گەنج لە یەکەم ڕۆژی هاوسەرگیریدا بەهۆی برینداری دەروونی یان جەستەییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن، پێویستە حکومەت هەلی کار بۆ ژنان دابین بکات دژی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا.

 

هاوسەرگیری زوو کێشەی تەندروستی دروست دەکات

پزیشک عایشە بن خەراشی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون وتی: هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی دەروونی و دەبێتە هۆی مەترسی زۆر بۆ تەندروستی، لە مۆریتانیا، لە هەر ١٠٠ هەزار دایکێک ٧٠٠ کەس ڕووبەڕووی مەترسی گیان لەدەستدان دەبنەوە لەکاتی منداڵبووندا،  دەزانین کە هاوسەرگیری زوو دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی گەورە لە تەمەنەکانی دواتردا، ئەگەر ژنان بخوێنن و فێرببن و هەلی کار بدۆزنەوە، ئەوا لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ دەبن و ئەو ژنانەی سەربەخۆیی ئابوورییان بەدەستهێناوە ناچار نابن هاوسەرگیری بکەن لەبەر هەژاری و داب و نەریت.